تولای هاتیمئۆگیولاری: کوشتنی ئەحمەد گون تاوانێکی سیاسیە

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای هاتیمئۆگیولاری بەشداری لە پرسەی ئەحمەد گوندا کرد، کە لەلایەن جەردەوانەکانەوە تیرۆرکرا. هاتیمئۆگیولاری وتی، "ئەمە تاوانێکی کوشتنی سیاسیە".

بە بەشداری هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمئۆگیولاری و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە شڕنەخ نەورۆز ئۆیسال و زەکی ئیرماز هەروەها ئەندامان و بەڕێوەبەرانی رێکخستنەکانی دەبەپە و دەم پارتی لە شڕنەخ و چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)  و ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی مەراسیمی پرسەی ئەحمەد گون بەڕێوەبەری ناوچەی سێگرکێی دەم پارتی، کە لەلایەن جەردەوانەکانەوە تیرۆرکرابوو، بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا وێنەکانی ئەحمەد گون بەرزکرانەوە و بێ پسانەوە دروشمی 'شەهید نامرن' دەوترایەوە.

لە مەراسیمەکەدا تولای هاتیمئۆگیولاری قسەی کرد و سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەکە کرد و وتی، ئەحمەد گون شۆڕشگێڕێکی کوردە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئەمڕۆ ئێمە لە پرسەی هاوڕێمان ئەحمەد گونداین. ئازارەکەمان بەسوێیە، توڕەییشمان یەکجار زۆرە. ئەوە تاوانێکی سیاسیە. سەری گەلەکەمان ساغ بێت. هەڤاڵ ئەحمەد وڵاتپارێزێک، رەنجەرێک، شۆڕشگێڕ و هەڤاڵێکی تێکۆشەر بوو. ئەو لێرە شەو و رۆژی لەپێناو خەبات بۆ گەلەکە خستبووەسەریەک. هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا قسەدەکەین باسی رەنج، ئیرادە و تێکۆشان و وەفاداری ئەومان بۆ دەکەن. هۆکاری سەرەکی تیرۆرکردنی هاوڕێمان ئەحمەدیش هەر ئەمەیە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە درێژەی قسەکانیدا کردەوەکانی چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی بە بیرهێنایەوە و وتی، "ماوەی ٤٠ ساڵە دەوڵەت بۆ ئەوەی سەرمان پێ نەوی بکات زۆر رێبازی تاقیکردووەتەوە. سیستمی جەردەوانی و جاشایەتی پەرەپێداوە. بەتایبەتی لە کوردستان هێزە ملیشیاکانی جێگیرکردووە. ئەو ملیشیایانەی دەوڵەت لە دژی وڵاتپارێزانی کورد رێکخراون. ئەمە راستەوخۆ تاوانێکی سیاسیە. با کەس خۆی نەخەڵەتێنێت و هەوڵ نەدات رووداوەکە پێچەوانە بکاتەوە. دڵمان پڕ ئازارە".

هاتیمئۆگیولاری لە کۆتاییدا وتی، "ئاژاوەگێڕی هەیە. ئەو کۆنترا وملیشیایانەی جێگیرکراون بەتایبەتی لە شارە سنووریەکان هەرچی کردەوەی چەپەڵی وەک ماددەی هۆشبەر و بازرگانی بە ژنانە و ...هتدیە بەوان دەکرێت. نمونەی ئەو کردەوانەش تیرۆرکردنی هاوڕێ ئەحمەدە و بەمە دەیانەوێت رێگە بۆ کۆمەڵکوژی دیکە خۆش بکەن. بەڵام هەرگیز سەرمان نەوی نەکردووە و سەرشۆڕناکەین. درێژە بەو تێکۆشانەمان دەدەین کە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. با کەس نەڵێت گەلی کورد هەنگاو بۆ دواوە دەنێت. رۆبۆسکیمان هەر لە یادە وەک ئەوەی دوێنێ روویدابێت. ئەو زنجیرەی دارمەیت و تابۆتی رۆڵەکانمان لەبیر ناکەین. ئەو ئەقڵیەتەی ئازاری کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی پێچەشتین، هەر هەمان ئەقڵیەت هاوڕێمان ئەحمەدی تیرۆرکرد. ئێمە لە هەموو شوێنێک ئەوە دەخەینەڕوو و دەڵێین کە ئەو رووداوە ئەنجامی ئەو ئەقڵیەتەیە".

هـ . ب