تۆڕی سیخوڕی و تیرۆری میت لە باشووری کوردستان

میتی تورک بە هاوکاری و پاڵپشتی پەدەکە تۆڕێکی بەرین و بەرفراوانی سیخۆڕی لە باشووری کوردستان دروست کردووە، کە بۆ بەمەبەستی تیرۆری شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزان سوودی لێوەردەگرێت.

یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، کاری سیخوڕیی و هەواڵگرییە، لە ئێستاشدا بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی پەدەکە بنکەی سەربازیی و کامپی سیخوڕیی لە هەموو شار و ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستاندا فراوانتر کردووە و تیرۆری وڵاتپارێزانی کردووە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی.

 دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ١٩٨٣ەوە لە دژی باشووری کوردستان ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجام دەدات، لە ساڵی ١٩٩١شەوە بنکە و بارەگا سەربازیی و سیخوڕییەکانی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی پەدەکە لە باشووری کوردستاندا دادەمزرێنێت و ساڵانە ژمارەیان زیاد دەکات. لە ڕێگەی زانیاری هەواڵگرییەوە بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادی و وڵاتپارێزان و هاوڵاتییان، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەشدا لە باشوری کوردستان هەزاران شەهید و بریندار بوون.

 لە ئێستادا دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کە بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی گەریلاکانی ئازادی سەبوریی نایەت و لێیان تێر نابێت، بە هاوکاریی پەدەکە بنکەی سەربازیی و کامپی هەواڵگریی لە خاکی باشووردا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکات. لەو  ڕێگەیەشەوە دەیەوێت بە تەواوی باشووری کوردستان بخاتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆی.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەرەتا لە هێڵی ناوچەکانی بادینان و هەولێر، کامپی هەواڵگری و سیخوڕیی درووستکرد و دواتر ئەو کامپانەی کرد بە بنکەی سەربازیی. لە ئێستادا هەزاران سەرباز و تانک و تۆپ و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی لەو بنکانەدا جێگیرکردووە.

ئەو کامپە سیخوڕییانە کە لە ساڵی ١٩٩٧ و لە دوای ئۆپەراسیۆنێکی دەرەوەی سنوور بە ناوی ئۆپەراسیۆنی باڵیۆز – چەکوش دروستیکردن، کردنی بە بنکەی سەربازیی.

ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بنکەی سەربازیی لە بامەڕنێ، شێلادزێ، باتوفا، کانی ماسی، کربی، سەنکێ، سیرێ، قوبکێ، قومری، کۆخێ سپی، سەرێ زێر، گەلیی زاخۆ و ئامێدی هەیە. لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ و ئامێدی لق و بارەگای دەزگای هەواڵگری (میت)ی تورکیا هەیە. لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە لە بەعشیقە، سۆرانیش کامپی هەوڵگریی دروستکردووە.

هەروەها دەوڵەتی تورک فڕۆکەخانەی پێشووی هەریر و بارەگای پێشووی هەریر لە نزیک هەولێر وەک کامپ بەکار دەهێنێت.

لە زوماریش بۆ ڕاهێنانی هەندێک گروپ کامپێکی دروستکردووە.

 دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمی کەرکووکیش بەرەی تورکمانی بە سەرۆکایەتی ئەرشەد ساڵحی درووست کردووە و ڕاستەوخۆ لەلایەن میتەوە پشتگیریی مادی دەکرێت و بەکاردەهێنرێت بۆ کاری سیخوڕیی و تیرۆری وڵاتپارێزان و دژایەتیکردنی پەکەکە و باشووری کوردستان.

هەروەها دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک - میت و دەزگای هەواڵگریی پارتی دیموکراتی کوردستان - پاراستن لە بوارەکانی دیکە هاوکاریی یەکتر دەکەن. هەندێک لە دامەزراوە میدیاییەکانی پارتی و هەندێک پارت و لایەنی دیکە کە تورکیایان لە پشتە، ڕاستەخۆ بۆ میت کاردەکەن و و پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسەکانیان زانیاری لە ناوچە جیاجیاکاندا کۆدەکەنەوە و دەیدەن بە میت.

هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک چاوپۆشی لە زۆنی سەوز نەکردووە، جگە لەوەی بە نهێنی چەندین ژوور و ئەندامی میتی لەناو شارەکان درووست کردووە، بە بەردەوامی فشار لە یەنەکەش دەکات وەک پەدەکە هاوکاری بکات لە کاری سیخوڕی و دامەزراندنی بنکەی هەواڵگریی.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو ئەو کارە هەواڵگرییانەی نەوەستاوە، بەڵکو لەو شارانەی کە ناتوانێت بە ئاشکرا بنکەی هەواڵگریی دامەزرێنێت، دێت و بەناوی دەزگا و کۆمپانیای بازرگانی تایبەتەوە کاری سیخوڕی پەرەپێدەدات و وڵاتپارێزان تیرۆر دەکات. هەوڵی تیرۆرکردنی وڵاتپارێزێک لە شارۆچکەی سەنگەسەر لەلایەن ئەندامێکی میتەوە کە دوکانی ئارایشگای لە شاری سلێمانی هەبوو، ئاشکراتریین نموونەی بەکارهێنانی کۆمپانیا بازرگانییەکانە بۆ کاری سیخوڕیی.

 لێرەوە دەردەکەوێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت لە ڕێگەی زانیاری و سیخوڕی و هەوڵگرییەوە و بە هاوکاری ڕاستەوخۆی پەدەکە بە تەواوی پانتایی و بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان داگیربکات، لەو شوێنەی وڵاتپارێزێک دژی داگیرکاریی هەڵوێستی هەبێت، هەوڵدەدات بە هەر ڕێگەیەک بێت، جا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بە چەکدارێک میت لەناو شارەکان، تیرۆری بکات.