ڤیدیۆی ئامادەکاریی هێرشی کیمیایی سوپای تورکی داگیرکەر لە وەرخەلی زاپ تۆمارکرا

ڤیدیۆی ئامادەکارییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە تونێلەکانی شاخی وەرخەل لە زاپ تۆمارکرا. سەربازانی سوپای تورک بۆرییەک دادەنێن، کە هەوا بە بەهێزی هەڵدەدات تاوەکو بەوە گازی کیمیایی هەڵبدەنە ناو تونێلەکانی شەڕ.

هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە بۆ سەر زاپ و مەتینا و ئاڤاشین و ناوچەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەستپێکردووە و ئەو سوپا داگیرکەرە هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی لەو هێرشانەیەدا بەکاردەهێنێت. داگیرکەران بەهۆی بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە - یەژەئا ستارەوە نەیانتوانیوە بچنە ناو تونێلەکانی شەڕ، تەنها چەکی کیمیایی، مووشەک و ئەو بۆمبانە بەکار دەهێنن، کە گازی کیمیاییان تێدایە.

سوپای تورک، کە گوێ بە یاسا و بنەما نێونەتەوەییەکانی شەڕ نادات، ئەو شێواز و رێبازانە بەکار دەهێنێت، کە لە لایەن مرۆڤایەتییەوە قەدەغەکراون. جارێکی دیکە لەلایەن گەریلاکانەوە ڤیدیۆییەکی نوێ لە ئامادەکاریەکانی سوپای تورک بۆ هێرشی کیمیای تۆمارکرا.  ئەو ڤیدیۆ نوێیە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا تۆمار کراوە. لە ڤیدیۆکەدا ئەوە دەبینرێت، کە سەربازە داگیرکەرەکانی سوپای تورک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕ لە شاخی وەرخەلی زاپ.

گازی کیمیایی بە بۆری دەکەنە ناو تونێلەکانی شەڕ

لە کاتێکدا چەند سەربازێکی سوپای تورک فەردە هەڵدەدەنە سەر دەرگا و پەنجەرەکانی تونێلی بەرخۆدانی گەریلا، سەربازێکی دیکەی تورک بە بۆرییەک، کە هەوا بە بەهێزی هەڵدەدات دەڕوات بۆ ئەو شوێنە، کە فەردەکانی بۆ هەڵدراوە. سەربازێکی تریش لە پشتییەوە بە بۆرییەکی گەورە، کە درێژییەکە چەند مەترێکە دەردەکەوێت و بۆرییەکەى خستووەتە سەر شانی و بە دوای سەربازەکەى تردا دەڕوات. پاشان سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر، کە چوونەتە پشت گا بەردێک و زنارێکەوە، کەرەستەکانی بەردەستیان ئامادە دەکەن و بۆرییەکە بەرەو خوارەوە بۆ ناو تونێلەکان درێژ دەکەنەوە.

سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ ئەوەى سەنگەر و تونێلەکانی گەریلا پڕ لە گازی کیمیایی بکەن بۆریەکانیان دادەنێن. ئەو ڤیدیۆی و دیمەنانە ئەوە نیشان دەدەن، کە سەرێکی بۆرییەکە خراوەتە ناو تونێلەکان و سەری دیکەشی تا شاخی وەرخەل درێژکراوەتەوە، ئەوە دیارترین بەڵگەی ئامادەکارییەکانی سوپای تورکی داگیرکەرە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دڕندانەکانی.

هەموو شێوازەکان تاقی دەکەنەوە

سوپای تورک لە شەڕی ئەمساڵدا بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو ناوچەی زاپی بۆ خۆی کردووەتە ئامانج و زۆر بە چڕی پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی جۆراوجۆر و هەمەجۆر. ئەو گازانە کاتێک دەتەقن بە زۆری بۆنی تایەتاوی جلوبەرگ و کلۆریان لێدێت. پێکهاتەی ئەو گازە کیمییانە بە جۆرێکە، کە ڕەنگیان سپی و خۆڵەمێشییە و بۆنی تایەتی جل شۆردنیان لێ دێت.

بەپێی وتەى ئەو گەریلایانە، کە لە تونێلەکاندا بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن، سوپای داگیرکەری تورک چەکێک و ماددەیەکی دیکەى کیمیایی بەکاردەهێنێت، کە پاش ئەوەی دەتەقێتەوە بە دیواری تونێلەکان دا دەلکێت و کاتێک مرۆڤ تیایدا بجوڵێت، یان دەستکاریی بکات، ئەو ماددە کیمیاییە چالاک دەبێت. ئەو گازانە، کە لەو چەکە کیمیاییە دێنە دەرەوە بە سەر قژ و جلەکان دا دەلکێن و بۆنێکی قورس جێدەهێڵن و هەناسە لە گەریلاکان دەبڕێت.

لە دیمەنێکی دیکەدا، کە لەم دواییانەدا لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا بڵاوکراوەتەوە، گەریلایەک لە سەنگەری شەهید بەرخودان دا قسەی بۆ ئاژانسەمەکان کرد و وتی، ئەو گازە کیمیاییە، کە سوپای داگیرکەر لێرە بەکاری دەهێنێت کاتێک با لێی دەدات وەک تۆز تێکەڵی هەوا دەبێت و بەوە چالاک دەبێت. بە وتەی گەریلاکان، سوپای تورکی داگیرکەر جگە لە گازی بیبەر، گازێکی دیکەی کیمیایی زەردیشی بەکارهێناوە. بە پێچەوانەی گازەکانی تر ئەم گازە بێ بۆنە و دەبێتە هۆی ماندوو بوون و شەکەتی و بیحاڵی لە مرۆڤ دا.

ژ.ت


         


        

...

.............

..............