ڕوفاتی ٤١ ئێزیدی کە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەر‌هێنرابوون، ڕادەستی دەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی تەندروستی، ڕوفاتی ٤١ ئێزیدی کە لەگۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرابوونەوە و بۆ تێستی 'دی ئێن ئەی' ڕەوانەی پزیشکی دادەوەری بە‌غداد کرابوون، بە مەراسیمێک ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە.

بە گوێرەیی زانیارییە فەرمییەکان لە فەرمانی (کۆمەڵکوژی) ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شەنگالدا نزیکەیی ٥ هەزار ئێزیدی کوژران و بەشێکی زۆر لەوانە بە شێوەی کۆمەڵکوژی کۆمەڵکوژکران. هەروەها هەزاران ژن و کچی ئێزیدی ڕفێندران و هەزارانیش کۆچی باشور، ڕۆژئاوا و باکوری کوردستانیان کرد.

بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری تەندروستی عێراق ڕوفاتی ٤١ ئێزیدی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بۆ ١٨٨ ڕوفات نمونەی خوێن وەرگیراوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک وەزیران، وەزیری تەندروستی ساڵەح حسناوی و شاندێکی حکومی، ڕوفاتی ٤١ ئێزیدی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران.

هەروەها ئاشکرا کرا، پزیشکی دادوەری بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکانی تر لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت، داوی ناسینەوەی ڕوفاتەکان، ئەوانیش ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە.

شایەنی وتنە دوایی فەرمانی ئێزییدیەکان لە لاین داعشەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا،  کۆمەڵکوژی بەرفراوانی ئەنجامداوە و چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزاونەتەوە. ڕوفاتی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە نێردراون بۆ پزیشکی دادوەری بەغداد، پاش ناسینەوەیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە.

بڕیاڕە لە ٢٤ی کانوونی دووەم لە سۆلاخ، مەراسیمێکی هاوبەش بۆ ڕوفاتەکان ئەنجام بدرێت و بەرەو گوندەکانی هەردان، کۆچائۆ و قنا مهرکان بەڕێبکرێن. پاش بە خاک سپاردنیان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەسەر یەکتر، لە هەر سێ گوندەکە خێر بۆ قوربانیان ئەنجام بدرێت.