وەک ژنێکی کوردی قارەمان چووە ناو مێژووەوە

بنەڤش ئاغاڵ کە لە ئایاری ٢٠٢٢دا لە ئەنجامی کیمیابارانی دەوڵەتی تورکدا لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی چووە ریزی کاروانی نەمرانەوە، وەک ناوەکەی ژیا و وەک ژنێکی کورد بە قارەمانێتیەوە چووە ناو مێژووەوە.

لەبەر ئەوەی گەلی کورد لە رێگەی پەکەکەوە لە خەوی مردن بەئاگا هاتەوە، ترسێکی گەورە کەوتە ناو دڵی دەوڵەتی تورکەوە. بەهۆی ئەو ترسەوە چەندین ساڵە لە هێرشەکانی خۆیدا لە دژی گەلی کورد هەموو جۆرە شێوازێکی دڕندانە بەکاردەهێنێت. لەلایەکی دیکەوە گەنجانی قارەمانی کورد بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆوە تا کۆتا دڵۆپی خوێنیان لە دژی ئەو هێرشانە دەجەنگن. یەک لەو قارەمانانە بنەڤش ئاغاڵ (گوڵپەرین عەتا) یە.

گوڵپەری عەتا کە لە ناوچەی وێرانشاری رحا وەک ئەندامی خێزانێکی وڵاتپارێز لەدایکبوو، هەر لە منداڵییەوە شایەتی کۆمەڵکوژی دوژمن لە دژی گەلی کورد بوو. توڕەیی و رقی گوڵپەرین عەتا کە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کرابوون، زیندانی کرابوو و دوورخرابوونەوە، لە بەرامبەر ئەو دوژمنە رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبوو. دواجار بۆ ئەوەی تۆڵە لە دوژمنی کۆلۆنیالیست بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بۆتانەوە هاتە ناو ریزەکانی گەریلاوە. عەتا دوای ئەوە دەچێتە هەرێمی بەستا، ناوی یەک لە پێشەنگەکانی بزوتنەوەی ئازادیی بنەڤش ئاغاڵ بۆخۆی هەڵدەبژێرێت.

شەهید بنەڤش کە زۆر زوو فێری ژیانی گەریلایەتی ببوو، بیردەکاتەوە کە لە رێگەی تێگەیشتن لە رامان و ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ دەگاتە ئامانجە راستەقینەکانی. بنەڤش بیر دەکاتەوە کە راستی رێبەر ئاپۆ لە ئازادی ژن، منداڵ، گەنج و هەموو مرۆڤایەتیدا شاراوەتەوە و تەنیا لە رێگەی خوێندنەوەی ئە هزر و رامانە مرۆڤ دەتوانێت بگاتە واتای ژیان، لە سەر ئەو بنەمایانە ساڵی ٢٠١٧ رووی کردە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز و پەروەردەی سەربازی و بیردۆزی بینی.

بنەڤش ئاغاڵ کە لە پەروەردەدا بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە گفتوگۆکان لەبارەی پارێزنامەی رێبەر ئاپۆ دەکات، بۆ ئەوەی شایستەی ناوەکەی بێت رەنجی زۆری کێشا. لە خەباتی تایبەتدا کە پێویستی بە بڕوا و هەستیاری زۆر هەبوو، بەشدار دەبێت. هەموو ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی رادەپەڕێنێت.

دوژمن کە نەیتوانی بەرخودانەکە تێکبشکێنێت بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجام دا

گەریلای یەژاستار بنەڤش کە کاریگەری قووڵی هاورێیەتی پەکەکەی لەسەر بوو، هاوڕێ حەقی، مەزڵوم و خەیریەکان کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ هاوڕێیەتی دەکەن بۆ خۆی دەکاتە نمونە و هەوڵ دەدات خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستە.

لەبەر ئەوە لە ناو هاوڕێیانیدا بەردەوام وەک کەسێک خاکەڕا، لەخۆبوردوو و کە جەوهەر و ناخێکی پاکی هەیە دەناسرا. بنەڤش کە بە تێکۆشان و بەرخودانی خۆی دەبێتە نمونە بۆ هاوڕێیانی، لەپێناو سەندنەوەی تۆڵەی هاوڕێ شەهیدەکانی، بەردەوام پێشنیاز دەکات کە بچێتە ئەو گۆڕەپانانەی کە شەڕ تیایاندا دژوارە.

بنەڤش ئاغاڵ کە لە تەواوی ژیانی گەریلایەتیدا لە ناو هەلومەرجی دژواردا تێدەکۆشا، لە ساڵی ٢٠١٩دا روو دەکاتە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. لە کوڕەژارۆ ئەرکدار دەکرێت و بە قووڵایی پەیوەستی ئەرکەکەی دەبێت. لەگەڵ هاوڕێکانی بەو چالاکیانەی گورزی گەورە لە دوژمن دەوەشێنن، رەنجی زۆری کێشا.

دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەتایبەتی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لەگەڵ هاوڕێکانی بە بەهێزی وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە. لەبەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک بۆ چەندین رۆژ خۆڕاگری دەکات. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە نەیتوانی بەرخودانەکەی فەرماندە بنەڤش و هاوڕێکانی تێکبشکێنێت، چەکی کیمیایی بەکارهێنا. لە ٢٣-٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢دا گەریلا بنەڤش ئاغال و پۆلێک لە هاوڕێیانی کە تا کۆتا هەناسەیان لە هەرێمی زاپ خۆڕاگرییان کرد، لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی شەهیدبوون و چوونە کاروانی نەمرانەوە.

هـ . ب