ئاکەپە بۆ ساختەکاری لەهەڵبژاردن کۆبوونەوەی بۆ موختاری گەڕەکەکانی وان سازکرد

موختار یان ئەنجومەنی بەشێک لە گەڕەکەکانی ئارتەمێتی وان لە لایەن ئاکەپەوە کۆکرانەوە و پرسی ئەوەیان تاوتوێکرد، کە چۆن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ساختەکاری ئەنجام بدەن.

سەرۆک شارەوانی ئارتەمێتی ئاکەپەیی ئیسماعیل سای بە هاوکاری ئیدارەی پارێزگای وان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی لە هۆتێل گراند پارک لارای ئانتالیا کۆکردەوە.

سەرباری ئەوەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی ئاداری ٢٠١٩دا سەرکەوتبوو، بەڵام بە پاساوی ئەوەی کاندیدەکەی دوورخراوەتەوە، شارەوانی ئارتەمێت درابووە ئاکەپە. شارەوانی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خۆجێیی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە یەکێک لە موختارە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بەدەستخراوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێوشێنەکان بەرامبەر هەدەپ کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەبێت سندووقەکانی دەنگدان لە یەک ناوەنددا کۆبکرێنەوە. کۆکردنەوەی ١٠ گوند لە سەر یەک سندووق و دانانی سێ سندووق بۆ ٣٠ گەڕەکی ئارتەمێت خرانەبەرباس. کاربەدەستانی ئاکەپەیی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەو سیستمە بۆ پاراستنی سندووقەکان گرنگە، بەڵام زۆرینەی موختاری گەڕەکەکان دژی ئەوە وەستانەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە وتنی ئەوەی کە 'دەمانەوێت جارێکی دیکە خۆتان کاندید بکەنەوە و ئێمەش پشتیوانیتان لێدەکەین' هەوڵدرا بەرتیلی سیاسی بدرێتە موختاری گەڕەکەکان.

زانرا کە قەیومی پێشووی ئارتەمێت عاتیف چیچەکلی، بەڕێوەبەرانی ئاکەپە و جەردەوانەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە. دوای کۆبوونەوەکە جانتای موختاری کرایە دیاری موختارەکان کە تیایدا پێنوس و دەفتەری یاداشت و کاتالۆگی پرۆپاگەندەی شارەوانی و ئاکەپەیان تێدابوو.

تێچوو کۆبوونەوەکە نزیکەی ٧٢٠ هەزار لیرە بووە کە لە سەر بودجەی شارەوانی ئارتەمێت دابینکرابوو. پێشبینی دەکرێت ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لە رۆژانی داهاتوودا بە سپۆنسەری قەیوم لەگەڵ موختارەکانی سەرجەم ناوچەکان ئەنجام بدرێت.

هـ . ب