ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە
بەگوێرەی ئامارێک لە مانگی بەفرانباردا ٤٦ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، هاوکات ٣٤ زیندانی کوردیش لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارەدراون و ٤٥ چالاکوانیش دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ئامارێک لە مانگی بەفرانباردا ٤٦ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، هاوکات ٣٤ زیندانی کوردیش لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارەدراون و ٤٥ چالاکوانیش دەستگیرکراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە مانگی بەفرانبار (٢١ی کانونی یەکەم-٢١ی کانونی دووەم) چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەحمەد سادقی، شۆڕش خەرگوشی، میرزا ئەحمەدی و سادق میرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی سەر بە پارێزگای سنە و نەوسودی سەر بە کرماشان لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو مانگەدا ٤١ کۆڵبەری دیکە لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتەقەی هێزەکانی دەوڵەت برینداربوون و کۆڵبەرێکیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە برینداربووە.
جەختیش کراوەتەوە کە سنوورەکانی بانە و نەوسود مەترسیدارترین شوێنن بۆ کۆڵبەران و زۆرینەیان لەو دوو خاڵە سنووریە کراونەتە ئامانج.
هەروەها باسی لەوەشکردووە، کە لە کۆتایی مانگی بەفرانباردا گروپێکی ٩ کەسی لە کۆڵبەران کە چوار کەسیان منداڵبوون، لە سنووری بیارەی باشووری کوردستان لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە دوای ئەشکەنجەدا، سەریان تاشراوە و لەسەر سنوور جێهێڵدراون.
٣٤ زیندانی کورد لەسێدارەدراون
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لە بەردەوامی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان کراوە و ئەوەخراوەتەڕوو، کە مانگی بەفرانبار لانیکەم ٣٤ زیندانی کورد لە زیندانەکانی قزڵحیساری کەرەج، کرماشان، قەزوین، ئیلام، بەندەرعەباس، بیرجەند، ورمێ، سنە و خوڕمئاوا بە تۆمەتەکانی وەک "ماددەی هۆشبەر"، "تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست"، "دزی بە چەکەوە"، "سیخوڕی" و "خراپەکاری لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
روونیشیکردووەتەوە، سێ زیندانی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و رەحمان پەرهازە و ژنێکی تورک بە ناوی نەسیم نەمازی بە تۆمەتی "هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل" لەسێدارەدراون.
داود عەبدوڵایی زیندانی سیاسی ئایینی کورد دوای ١٤ ساڵ راگیرانی لە زیندان، لە ١٢ی بەفرانباردا لە سێدارەدرا. ئەو زیندانیە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لەگەڵ شەش زیندانی دیکەی کورد کە چالاکوانی ئایینین لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی "خراپەکاری لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
١١ زیندانی دیکەی کورد ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئان و ساتدایە
هەر لەو مانگەدا داوای پێداچوونەوە بە سزای لەسێدارەدانی چوار ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی پژمان فاتحی، موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە رەتکرایەوە. ئەو چوار زیندانیە سیاسیە تۆمەتبارکراون بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، ئەمەش لەکاتێکدایە بە وتەی کەسوکار و چالاکوانان لە ژێر ئەشکەنجەدا بە زۆر دانپێدانانیان لێوەرگیرەوە.
هاوکات زیندانیەکی سیاسی کوردی یارسان بە ناوی رەزا رەساییش کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستگیرکرابوو، کە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی نادر بەیرامی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە و دۆسیەکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان لە دادگای کرماشان کراوە.
بەگوێرە ناوەرۆکی ئەو راپۆرتە و وتەی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستا لانیکەم ١١ زیندانی سیاسی و ئایینی کورد مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
بەشێکی دیکە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تەرخان کراوە بە کوشتن و مردنی زیندانیان لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و لەو رووەوە راگەیەندراوە، کە زیندانیەک بە ناوی مەنسور سەلامەت خەڵکی گوندی پەسانی سەر بە ورمێ، کە بە تۆمەتی هەبوونی چەکی راو دەستبەسەرکرابوو، دوای چەند کاتژمێر لە دەستبەسەربوونی بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی پۆلیس لە بنکە پۆلیسی ئاسایشی ورمێ کوژراوە. بەهەمان شێوە هاووڵاتیەک بە ناوی پەیام عەبدی خەڵکی نەوسود کە لەلایەن پۆلیسی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوو لە ١٩ی بەفرانباردا بە ئەشکەنجە گیانی لەدەستدابوو.
لە زیندانی ورمێش بەندکراوێک بە ناوی ئەمیر شەهبازی کە سزای بڕینەوەی پەنجەکانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ئەوەی لە رێگەی خواردنی دەرمانەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، بەهۆی ئەوەی درەنگ رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، گیانی لەدەستدابوو.
هەر لەو مانگەدا گەنجێک بە ناوی کاوە گوەیلی بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس لە گەڕەکی ٢٥ی سنە کوژرابوو.
٤٥ چالاکوان دەستبەسەر کراون
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە مانگی بەفرانبار هەڵمەتی گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی بەردەوام بووە و لەو مانگەدا ٤٥ چالاکوان دەستبەسەرکاون، کە بەشێکیان بە دانانی بارمتەی دارایی و بە شێوەی کاتی ئازادکراون و زۆرینەیان بە دەستبەسەرکاوی ماونەتەوە.
هەر لە مانگی بەفرانباردا کچە چالاکوانێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی روئیا حیشمەتی بە تۆمەتی رەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ و دەرکەوتنی بە بێ سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکان سزای لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا جێبەجێکرا.
دوو ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون
هەرسەبارەت بە دۆخی ژنان لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لەو مانگەدا ژنێک لە کرماشان و ژنێکیش لە شاری مێهرانی ئیلام لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە لە مانگی بەفرانباردا ٣ کرێکار لە شارەکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆی رووداوەکانی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی تەقینەوەی مینیش لە سنووری مێهرانی کرماشان کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەمیان خەڵکی ئەفغانستان بوون.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشە موشەکیەکانی سوپای پاسداران کراوە کە بەهۆیانەوە لە هەولێر چوار کەس و لە پاکستانیش چەند هاوڵاتیەکی مەدەنی کوژراون، هەروەک لەو هێرشە موشەکیەی کە پاکستان لە بەرامبەر هێرشەکەی سوپای پاسداران کردبوویە سەر ناوچەی سەراوانی بەلوچستانی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتی بەلوچ گیانیان لەدەستدابوو.
هـ . ب