لە نێو فەرماندەکانی یەرەکەدا، ئامەد سەرحەد لەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا ئەم هەڵسەنگاندنەی خوارەوەی کرد:
لەم دواییانەدا گۆشەگیرییەکی زۆر توند بەسەر ڕێبەرایەتیماندا سەپێنراوە. ئەم گۆشەگیرییە بە ڕوونی لە ڕۆژەڤی تەڤگەری ئازادی و گەلی کورددایە. بەتایبەت لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بە پێشەنگایەتی داگیرکاریی فاشیستی تورک، لەدەرەوەی پێوەرەکانی مرۆڤایەتی و لەدەرەوەی ئەو یاسای مرۆڤایەتی گۆشەگیرییەکی زۆر قووڵیان بەسەر ڕێبەرایەتیماندا سەپاندووە. لە سێ ساڵی ڕابردوودا هێزی داگیرکەر و پیلانگێڕان دەیانەوێت لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا بزووتنەوەی ئازادیی کورد تێکبشکێنن. لە هەمان کاتدا هەر بۆیە داگیرکەری تورک دەیەوێت بە هاوکاریی هێزە نێودەوڵەتییەکان سوود لە قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت و ئەو ئەنجامەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت. داگیرکەری تورک بەم کردەوانە هەموو یاساکان پێشێل دەکات و دوژمنایەتییەکی گەورە لەدژی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبات.
هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە لە زۆر ناوچەی جیهانەوە دەستی پێکرد جێگای شانازییە. بەم هەڵمەتە گورزێکی گەورە لە هێزە پیلانگێڕەکان درا. بەمەش بە هەموو جیهان ڕایگەیاندووە کە هیچ کەسێک ناتوانێت بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژەڤی کوردستان و جیهاندا لاببات. ئەمڕۆ هەموو جیهان بۆتە بازنەیەک لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ، چونکە لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا ڕێگای چارەسەرێک لە دژی ئەو سیستەمە دەبینن کە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلەکەمان بە تایبەت ژنان و گەنجان پێویستە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. نابێت کەس بڵێت کەسێکی تر کار و تێکۆشان ئەنجام بدات، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی هەر کەسێکە کە دڵی بۆ مرۆڤایەتی لێدەدات. لەم کاتەدا خاوەنداری لە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ، خاوەنداریی کردنە لە بوونی خۆی. هەموو کەسێک پێویستە ئەمڕۆ لە دەوری بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کۆببێتەوە.
بەتایبەت گەنجان پێویستە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببن، چونکە لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ چیاکانی کوردستان بوونەتە شوێنێک بۆ فێربوون و ژیانی ئازادی گەنجانی کورد. گەنجانی کورد لە شاخەکانی کوردستان دەتوانن پارێزگاری لە پێگەی کوردایەتی خۆیان بکەن و بڵێن من کوردم و مافی ژیانم هەیە. ئەمە دەرفەتێکە کە ڕێبەر ئاپۆ خوڵقاندوویەتی. گەنجان پێویستە بە ئەرکی خۆیان هەستن و سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبینەوە. ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا کەرامەتی کورد و کوردستانی لە دژی فاشیزم و داگیرکاریی تورکیا و هێزە ئیمپراتۆریەکان پاراستووە، بەها مرۆییەکانی پاراستووە و ڕەنجی گەورەی داوە. هەر بۆیە پێویستە ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە بشکێنین، شکاندنی گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ بە هێزی گەنجانی قارەمان و گەلە وڵاتپارێزەکەمانەوە دەکرێت. پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن.
ئێمە وەک گەریلا بۆ بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو هەڵمەتەی کە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە، سەرلەنوێ بەخۆماندا دەچینەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین وەڵامی ئەم هێرشانە بدەینەوە، پێویستە بە هەموو ئەگەرەکانمانەوە تێدەکۆشین. چونکە ئەرکی ڕزگارکردنی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی شۆڕشگێڕان و شەڕڤانانی یەرەکەشە. شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ گەورەترین وڵامە بۆ دوژمنانی داگیرکەر. بۆ ئەوەی بتوانین لە وڵاتێکی ئازاددا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی بژین، بۆ هەموو شتێک ئامادە دەکەین.