ئارگەش ئاڵاسوور ئەندامی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەژاک بەشداریی لە بەرنامەی "لاپەرە" لە ڕادیۆی دەنگی وڵات دا کرد. لەبارەی ڕۆژی ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٣ (١٦ی ئازەری ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی) ڕۆژی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران و باسی سەرهەڵدانەکانی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند، ڕۆژی خوێندکاران لە ١٦ی ئازەری ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە زانکۆیی تاران دەستی پێکرد. ئەگەر ئەمڕۆ سەرهەڵدان یان شۆڕشێک ژیان دەکا، بێگومان ڕۆڵی خوێندکارانی تێدایە. ئێمە دەبینین کە هەموو ڕۆژێک لە زانکۆیەک سەرهەڵدان یان ناڕازیبوونێک هەیە. خوێندکاران سەربەرز دەکەنەوە، ئەمە بە وۆشیاریەکی سیاسی دروست دەبێ.
ئەندامی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەژاک 'ئاڵا سوور' لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا سەرنجی دایە سەر جیاوازیی لە نێوان ناڕازیبوون و شۆڕش دا دەڵێ: وەکوو پێناسە جیاوازی لە نێوان هەردووکیان هەیە. بۆ ئەوەی شؤڕشێک دروستببێ، ناڕازیبوون پێویستە. ناڕازیبوون بەشێک لە شۆڕشە، بەڵام هەمووی نابێتە شۆڕش. ئەوە یەکێکە لەو ڕەخنانە، کە زۆر لەسەر کۆمەڵی ڕۆشنبیر و تەڤگەری خوێندکاری زانکۆ پێشدەخرێ، ئەوەیە کە ڕاستە، ناڕازیبوون و هەتا ئاستێکیش خۆڕاگری هەیە.
ئارگەش لە بەردەوامی قسەکانی دا لەسەر ڕۆڵی زانکۆکان قسەی کرد و گووتی: جێی(زانست)ە. زانکۆ جێی زانینە. بەڵام بەداخەوە ئەم مەسەلەیە ئەوەندە سادە نییە. سیستەم زانکۆی کردە هۆکارێک کە بتوانێ کەسی خۆی دروست بکا، وەک کارگەیەک بەکاریدێنێ. کە مرۆڤ دەخاتە ئەوێ و لە ڕووی فکرییەوە بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی پەروەردەی دەکا.
ئاڵا سوور لەسەر ڕۆڵی خوێندکارانیش سەرنج دەخاتە سەر زیندووبونی ئەو تەڤگەرە و دەڵێ: خوێندکاران بە درێژایی سێ مانگە کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگی گەلی کورد لە تەواوی ئێراندا بڵاوبووەتەوە ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕاوە و بێ ناوبڕ لەسەر پێن. ئەمەیش پیشان دەدا کە ڕۆڵی تەڤگەری خوێندکاران لە کوردستان و ئێران دا لە شۆڕش و بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیکدا دیارکەرە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
* ئێوە گرنگی ڕێکخستن یان(جونبشی دانشجویی) چۆن دەنرخێنن و ڕۆژی ١٦ی ئازەر چی واتایەکی لە تەڤگەری خوێدکاراندا هەیە؟
- من لە دەستپێکدا هەرچی شەهیدانی زانکۆ و خوێندکارانی ساڵانی پێشوو، هەرچی شەهیدانی ڕۆژی ئەمڕۆ کە لەڕێی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا گیانیان بەخت کردوە بە بیردینمەوە. ڕۆژی خوێندکاران ١٦ی ئازەر ی ساڵی ١٣٣٢ لە زانکۆی تاران دەستی پێکرد. لەو سەرهەڵدانەدا سێ خوێندکار شەهید بوون(شەریعەت ڕەزەوی، قەندچی و بوزورگنیە)، ئێمە لە کەسایەتی ئەواندا دیسان هەموو شەهیدانی ڕێی دیموکراسی و ئازادی بە بیردێنینەوە.
بابەتی سەرەکی کە مرۆڤ سەرنجی بخاتە سەر کڕۆکی تەڤگەری خوێندکار و زانکۆکانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە هاوینی ساڵی ١٣٣٢ دا ٢٨ی گەلاوێژ، کودەتا دروست بوو بە دەستی زلهێزی وەک ئەمریکا، لەڕێی شا وە، لە دژی دەستکەوتی گەل دەست تێوەردانێک پێکهات. دەوڵەتی موسەدیق کە لەسەر کار بوو هەنێک دەیویست دیموکراسی پێشبخا و هەتا ئاستێک بە گوێرەی بەرژەوەندی کۆمەڵگا بجوڵێ. زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕژێمی داگیرکەری شا کە لە هەرێمەکەدا نۆکەری ئیمپریالیزم بوو، ئەمەیان قبووڵ نەبوو و کودەتایان کرد. هەر لەو ساڵەدا لە دوایی سەرکوت کردنی گەل، چەند مانگ دوای ئەوە گوتیان سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا نیکسۆن دێت بۆ تاران. لەبەر ئەوە لە ژێر پێشەنگایەتی خوێندکارانی تاران دا سەرهەڵدانێک پێشکەوت. لە دژی ئەوانەی خوێنی گەل دەمژن و ئەوانەی کودەتایان کردبوو و ئێستایش بە ڕەحەتی هاتوچۆیان دەکرد، هەڵوێستێک لەلایەن جوانان و خوێندکارانەوە پێشکەوت. کڕۆکی ١٦ی ئازەر سەرچاوەی خۆی لێرەوە دەگرێ. لە دژی داگیرکەریەک کە لە لایەن هێزی ئیمپریالیست، کاپیتالیستەوە پێشیان دەخست، لە دژی دەست تێوەردانی دەرەوە ئەم هەڵوێستە پێشخرا و سەربەخۆی، دیموکراسی، ئازادی و یەکسانیان دەخواست. کرۆکی ئەم تەڤگەرە تا ڕۆژی ئەمڕۆ دێت.
ئەگەر ئەمڕۆ سەرهەڵدان یان شۆڕشێک ژیانەکا، بێگومان ڕۆڵی خوێندکارانی تێدایە. ءێمە دەبینین کە هەموو ڕۆژێک لە زانکۆیەک سەرهەڵدان یان ناڕازیبونێک هەیە، خوێندکار سەربەرز دەکەنەوە، ئەمە بە هۆشیارییەکی سیاسی درووست دەبێ. لەبەر ئەوەی خوێندکار بەشێکن لە ڕۆشنبیری کۆمەڵگا. بە شیوازێکی تر خوێندکاران هەستیان بە ڕۆڵی خۆیان کردوە.
گرێدانێکی خوێندکاران بە مێژووی تەڤگەری خوێندکارانەوە هەیە و لە مێژووی خۆیان دانەبڕاون. لە شۆڕشی ژن و ئازادی دا کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەڕێوە دەچێ، ڕۆڵی بنەڕەتی هی خوێندکار و خوێندکارانی زانکۆیە. لە تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆدا پێویستە مرۆڤ چەند پێشەنگ و هەڤاڵی شەهید بە بیربێنێتەوە، وەک هەڤاڵ ڕێزان جاوید، مانی کیاکسار،عاکیف، زاگرۆس و زۆر هەڤاڵی تر، ئەم هەڤاڵانە پێش ئەوەی کە بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا ببن، ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆدا گرتنە سەر شانی خۆیان. ئێمە ئەوانە بە بیردینینەوە و لەسەر ڕێی ئەوان بەردەوام دەبین بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک، کە ئەمە بنەڕەتی تەڤگەری خویندکارانی زانکۆیە. ئیمە گوتمان لە بنگەی ئەم تەڤگەرەدا سەربەخۆی دەوێت، دەیەوێت دەستی ئیمپریالیزم لە وڵات دەرکات و کلتورێک دروست بکەن.
دەبێ تەڤگەری خوێندکاران ناڕازیبوونەکانیان بەرەو شۆڕشەوە ببەن
* ئایا بەڕای ئێوە جیاوازی لە نێوان ناڕازیبوون و شۆڕش دا چییە؟
- وەک پێناسە جیاوازی هەردوکیان هەیە، بۆ ئەوەی شۆڕشێک پێکبێت ناڕازی بوون پێویستە. ناڕازی بوون بەشێک لە شۆڕشە، بەڵام هەمووی نابێتە شۆڕش. یەکێک لەو ڕەخنانەی کە هەرە زۆر لەسەر کۆمەڵی ڕۆشنبیر و تەڤگەری خوێندکاری زانکۆ پێشدەخرێ، ئەوەیە کە ڕاستە، ناڕازیبوون و هەتا ئاستێکیش خۆڕاگری هەیە. بەڵام گواستنەوەی وەک فکرێکی شۆڕشگێڕی، لاوازی لێرەدایە. ناڕازی بوون دەبێتە کاردانەوە لە دژی سیستەم، بەڵام شۆڕش جیاوازە. تۆ دەتەوێ سیستەم تێپەڕێنی، تۆ دەتەوێ بە سیستەم و کلتورێکی جیاواز ژیان بکەی، دژبەری تێدەپەڕێنی. ژیانێکی چۆن دروست بکەی؟ شوێنگرەوەی ئەو دروست دەکا، کاتێک باسی شۆڕش دەکرێ، خەیاڵێکت هەیە بۆ دامەزراندنی ژیانێکی نوێ.
* مرۆڤ دەتوانێ زانکۆ وەک جێی خولقکاری، یان جێی داهێنانی فکری بۆ کۆمەڵگا پێناسە بکات، بۆ نمونە جوانێک کاتێک بەشی خوێندنی خۆی دیاریەکا، دواتر لەسەر چوار دەورەکەی، چی بە باشی، چی بە خراپی، لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری دەکا. ئەگەر ئێمە بێینە ڕۆژی ئەمڕۆ سیاسەتی دەوڵەت بۆ خوێندکار بەرەو لە ڕێ دەرکەوتن، یانیش بەرەو ڕێیەکی ڕاستەوە بچن، لەسەر چی بنگەیەکە؟
- سیستەمی پەروەردەی زانکۆ لە هەلومەرجی مۆدێرنیتەدا، زیاتر کەوتۆتە دەستی نەتەوە-دەوڵەتەکان. ئەگەر ئێمە سەیری مێژوو بکەین هەمیشە سیستەمی پەروەردەی گەلان لەسەر بنگەی ژیانی و کلتوری بووە. ئەم سیستەمە نەوە لە دوای نەوە هاتووە. بەڵام لە دونیای مۆدێرن دا وەک هەموو شتەکانی تر مەسەلەی پەروەردەیش ڕوبەڕوی قەیران بۆتەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەت-نەتەوە و سیستەمی سەرمایەداری دەیەوێ هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکا و دەست تێوەردان لەهەموو شتێکدا دەکات، و ئەمە بۆ پەروەردەیش هەروایە.
زانکۆ وەک ووشە؛ جێی زانستە، زانکۆ جێی زانینە. بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئەوەندە سادە نییە. سیستەم زانکۆی کردە هۆکارێک کە بتوانێ کەسی خۆی دروست بکا، وەک کارگەیەک بەکاریدێنێ. کە مرۆڤ دەخاتە ئەوێ و لە ڕووی فکرییەوە بەگوێرەی بەرژەوەندی سیستەم پەروەردەی دەکا. تۆ لەوێ ناتوانی فکرێکی ڕاست ببینی، ئەگەر فکرێکی ڕاست هەبوایە نەوەیەک دەردەکەوت لە زانکۆ کە ئەو سیستەمە قبوڵ نەکا. بێگومان ئێمە ڕەش و سپی سەیر ناکەین. دوژمن، سیستەم، سەرمایەداری، دەوڵەت - نەتەوە، نە ئەوەی بە تەواوی لە پرۆژەکانیاندا سەرکەوتوون نە لە سیستەمی پەروەردە و زانکۆ دا. لەبەر ئەوەی گەل هەمیشە خۆڕاگری دەکەن، هەروەک چۆن ئەمڕۆ خۆڕاگری و شۆڕش هەیە لە درێژایی مێژوویش دا ئەوە هەیە.
سیستەمی زانکۆ کە شا خۆی دایمەزراندبوو، بووە مەیدانێکی تێکۆشین و ١٦ی ئازەر لەسەر ئەم بنگەیە ڕویدا، ئەمە گۆڕەپانێکی شەڕە. لەم گۆڕەپانەدا دوژمن ناوەڕۆکی زانکۆ و پێکهاتەکانی وەک مەیدانێکی شەڕی تایبەت لە بەرامبەر ژن و جوانان بەکاردێنێ. بەڵام ژن و جوان بە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە ژیان دەکەن و هەروا بە زوویی واز لە هەنێ شت ناهێنن. دوژمن سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن(توانەوە)و پارچە کردن لە زانکۆ بەڕێوە دەبات و هەنێک فکری تریش هەیە. وەک ناوەندچێتی ئەوروپا، ئۆریانتالیزم(ڕوانینێکی ڕۆژئاوایانە بۆ ڕۆژهەڵات). ئۆریانتالیزم لە هەوای ڕۆشنبیری زانکۆدا بڵاو بۆتەوە. ئیتر هەر شتێک بە گوێرەی ئەوروپا سەیرکردن و کۆپی کردن و هێنان، دواتر پێکهێنانی لەسەر کۆمەڵگا. زۆربەی خوێندکارانی زانکۆ بەم ڕایە کاریگەر دەبن و کاریگەری لەسەر تەڤگەری خوێدکارانیش کردوە سەرەڕای ئەوەی کە تەڤگەرێکی ناڕازییە.
بابەتەکە تەنیا زمان نییە، بابەت کلتوری و ئایدۆلۆژییە
زانکۆ دەبێتە کارگەیەک کە دەیەوێت مرۆڤ وەک ماددەیەکی خاو دەربکەوێت، بە گشتی سیستەمی پەروەردەی دەوڵەت-نەتەوە وەهایە، پەروەردەی خوێندنگە و لەشکریش هەروایە. مرۆڤەکان وەک پەڕەیەکی سپی دەبینێ کە چۆنی بوێت ئاوا لەسەری دەنوسێت و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی ئەنجامی سیاسی، ئایدۆلۆژی و ئابوری دیار دەکات. دەیکاتە کرێکاری خۆی، کارمەندی خۆی، بە گشتی دەیەوێ ژیانی کۆمەڵگا بخاتە ژێر دەسەڵاتداری خۆیەوە. سیستەمی پەروەردە سیستەمێکی هەستیارە، دەتوانێ مرۆخ بخاتە ناو ناکۆکیەوە، کاتێک ئێمە سەیری مرۆڤی ئەمڕۆ بکەین ئاسودە نین، لەبەر ئەوەی سیستەمی پەروەردە هی ئەوان نییە، هی کلتوری تۆ نییە، هی زمانی تۆ نییە. ئەمە تەنیا بە سەر کوردەکان دا تێناپەڕێ، بۆفارسیش هەر وایە. وەک زمانی کوردی یان زمانێکی تر نایەڵن کە پەروەردە ببینرێ، بەڵام تەنیا ئەمە نییە، گەلی فارسیش خۆی لەم سیستەمە پەروەردەییەدا نابینێ سەرباری ئەوەی کە زمانی ئەویشە.
بۆ نمونە: ئێمە لە باشور دەبینین کە سیستەمێکی دەسەڵات هەیە، ئەو سیستەمە لەسەر بنگەی هێڵی بارزانی و پەدەکە یە، هەرچەنێک کە پەروەردە بە کوردیە خیانەت دەچەسپێنێ، بابەتەکە تەنیا زمان نییە، بابەت کلتوری و ئایدۆلۆژییە. کاتێک ئێمە دەمانەوێت گەلی ڕۆژهەڵات چارەسەریەک دابنێت ئەمە تەنیا لە لایەنی زمانەوە نییە، یەکێک لە هەنگاوەکان زمانە. بابەتی سەرەکی؛ چۆنیەتی ژیان کردنە. سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە و ژینۆسایدی کلتوری دەیەوێ ژن و جوانان بەرەو کاپیتاڵیزمەوە ڕابکێشێت. بەڵام ژیانێکی هەزاران ساڵەی گەلان هەیە کە ئاوا ئاسان ناتوێتەوە، ئاسان بێ دەنگ ناکرێت.
شۆڕشی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکە کە گەل ڕازی نییە لەبەر ئەوەی لە یادگای کۆمەڵگادا شتێک هەیە، بەهایەک هەیە ئەو بەهایە ژێر پێ دەخرێ. لە سەرهەڵدانەکان دا دیارە کە خوێندکارانی زانکۆ لە ناوەڕۆکی زانکۆ ناڕازین، لە شێوازی پەیوەندی مامۆستا و خوێندکار ناڕازیبوون هەیە. بابەتەکە لە کاتێکی وادا ئەوەیە بۆچی خوێندکار و مامۆستا بێدەنگن؟ ترساندن هەیە بە نمرە، یاخود بە دەرکردن لە زانکۆ. خوێندکاری زانکۆ بەو شێوازە هەستیان بە کێشەکە کردوە، پێویستە زیاتر لەسەر ئەوانە گفتوگۆ بکرێ.
نمونەی هەرە باش بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بزوتنەوەی ئاپۆییە
* ئێمە باسی تەڤگەری خوێندکاران(جونبشی دانشجویی)مان کرد بەگوێرەی ئەو ڕۆڵەی کە پێیان دەدرێت خاوەن ناڕازی بوونن و دروشمیان لەسەر بنگەی یەکێتی گەلە، خۆشویستنی یەکتر هەیە و دەبێ ئەو خۆشەویستیە بە سیستەم کراو و بە ڕێکخستنکراو بێت، کە دەوڵەت-نەتەوە لەم بابەتەدا وەڵام دەرەوە نابێت، لە بابەتی ئاینی و مەزهەبیش دا نابێتە وەڵام. دەڵێن کوردستان" چاو و چرای ئێران". ئەمە لەبەر مێژوویەک دەگوترێ. لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویش دا ڕۆڵی خوێندکاران هەبوو، ڕۆڵ ئەوان چی بوو و ئایا لە ڕۆژی ئەمڕۆ دەچێت؟
- ئەگەر ئێمە دوبارە باسی تەڤگەری خوێندکاران بکەین مێژوویەکی پڕاو پڕ لە فیداکاری و ئازادیخوازییە. ساڵی ١٣٣٢ کاتێک تەڤگەر دەچێتە ١٣٤٠بەرامبەر ١٩٦٠ی زایینی، جونبشی دانشجوی و بزوتنەوەی جوانان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێشدەکەوێ، لە ئێرانیش ئەو بزوتنەوانە ڕەنگ دەدەنەوە. ئەم تەڤگەرە زانکۆ دەکەنە مەیدانێکی گرنگی شەڕ و تێکۆشینی دیموکراتیک. زۆربەی ئەوانەی لەم تەڤگەرەدا جێیان دەگرت خوێندکاری زانکۆ بوون. ڕێکخستنی چریکەی فیدایی خەڵک و ڕێکخستنە جیاوازەکانی چەپ و دیموکراتیک زۆربەی هێزی خۆیان لە زانکۆ دەگرت و ئەمەیش بووە بنگەیەک بۆ دروستبونی شۆڕشی ساڵی١٣٥٧
تۆوی ڕۆژی ١٦ی ئازەر چێندرا وەک ئەوەی کە گەورە دەبێ و بڵاو دەبێت، لەو کاتەدا بە سەدان خوێندکاری زانکۆ فیداکار و دروست گیانیان بەختکرد بۆ ئەوەی برایەتی گەلان دروست ببێت، بۆ ئەوەی یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی دروست ببێت. لە ڕێگای سۆسیالیزم دا گیانیان بەخشی. شۆڕشی ١٣٥٧ زۆۆربەی لەسەر شانی خوێندکارانی زانکۆ بوو. لە ڕۆژی ئەمڕدا کە سیستەمی ویلایەتی فەقیە لەسەر کارە پێویستە بە بیری خۆی بێنێتەوە کە شۆڕش بە ژن و جوانان پێکهات، زۆربەی ژن بوون. ئەو دوو پێشەنگەی کۆمەڵگا ژن و جوان، کۆمەڵگای ڕۆشنبیری گەلان ئاستی پێشەنگ بوونی ئەوان دیارە لە کۆمەڵگادا. ئەوە دروست نییە کە کاربەدەستانی دەوڵەت زۆر بە ئاسانی بێ ڕێزی دەکەن بەرامبەر تەڤگەری خوێندکارانی ئێران و ڕۆژهەڵات، ئەوانە مێژووی خۆیان پوچ دەکەنەوە. بە مێژووی خۆیان ئەڵێن مێژوویەکی درۆیە. ئەگەر مرۆڤ بیەوێ قسەی هەق بکا بۆ نمونە چەند ڕۆژی پێشوو پەرلەمانتارێکی قوم لەمدوایانە دەرکەوت و زۆر بێ ئەخلاقانە لەسەر خوێنکارانی زانکۆ قسە دەکا، ئەمە جێی خۆی ناگرێ. خوێندکارانی زانکۆی ئێران وڕۆژهەڵات مرۆڤ و مناڵی هەرە پێشەنگی ئەو گەلەن، ئەوە بێڕێزی کردن بە بەهای گەلە. لەم بابەتەدا کاربەدەستانی دەوڵەت دەبێ سنوری خۆیان بزانن کە چی دەڵێن.
پێویستە گومان لە زهنیەت و دەزگابونێک کە هەیە بکرێت، پێکهاتەی دانشجوو و مامۆستا پێویستە دیموکراتیک ببن
* وەک جونبوشی خوێندکاران پێویستە چۆن لە سیستەمی پەروەردە تێبگەن، بە تایبەت سیستەمی پەروەردەی زانکۆ؟
- لە سەردەمی مۆدێرن دا سیستەمی پەروەردە دەکەوێتە ژێر کاریگەری و بەرژەوەندی دەوڵەت-نەتەوە، پێویستە خوێندکار ئەو ڕاستیە بزانێ، وانەی وەکوو وانەی شۆڕشی ئێران بە تەواوی درۆیە. ئەو هێزەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتە وەک بڵێی شۆڕشی کردوە.ئەو شۆڕشە بە تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ، تەڤگەری جوانان، پێشينگی گەلی کورد و گەلانی تر پێشکەوت، بەڵام هەنێک کەس لەسەری دانیشتن. وەک ڕێبەر ئاپۆ پێناسەی کردوە کاپیتالیزم لەسەر نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگا ژیانی خۆی بەردەوام دەکا. ئەوەندە پێشەنگایەتی کرا، خوێن ڕژێندرا، بەڵام هێزی کاپیتالتست دەستیان بە سەردا گرت.لێرەدا ناوەڕۆکی زانکۆ بە تایبەت دوای شۆڕشی ١٣٥٧، دوایی ئەوەی کە هێزی دەسەڵاتدار هاتنە سەرکار، هەتا چەند ساڵ زانکۆ داخرا. ئەو دەسەڵاتداریە ناوەڕۆکێکی جیاوازی دا بە زانکۆ. ناوەڕۆکی زانکۆ لە سیستەمی پەهلەوی دا لە خزمەتی سیستەمی ئیمپریالیزم دا بوو، لە خزمەتی ئۆریانتالیزم دا بوو. سیستەمی نوێ کە هاتە سەر دەساڵات سیستەمێکی شیعەگەرا، ئایینگەرا و پیاوسالار بوو. وەکو زهنی سیستەمی شا و سیستەمی ویلایەتی فەقیە زۆر جیاوازیەکی وایان نییە، بەڵام وەک پێکهاتە جودان، ناوەڕۆکی ئەو هەروەک چۆن پێش شۆڕش لە دژی گەلان بوو ئێستایش هەروایە. پێویستە خوێندکارار بزانێ کە ئەو وانانەی پێیان دەدرێت زهنیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری تێدایە، بۆیە پێویستە لەو وانانە بەردەوام گومان بکرێ. ئایا زانکۆ بە هەموو گەشەی خۆیەوە ناوەندێکی دیموکراتیکە؟ ئەگەر ئێمە سەیری ئەو پێکهاتەیە بکەین کەهەیە پێکهاتەیەکی دیموکراتیک نیە. چی پێش داگیرکەری پەهلەوی، چی ئەمڕۆ و سەردەمی ویلایەتی فەقیە، جێیەکی دیموکراتیک نییە. ڕاستە هێزی دیموکراتیکی تێدا هەیە بەڵام هەتا ئێستایش زانکۆ وەک موڵکێکی دەوڵەت دەبینرێ. ئەگەر پێویستە زانکۆ جێی زانین بێ، جێی گەلان بێ، نابێ هی دەوڵەت بێ. ئێمە وەک زهنیەت باسی ئەمە دەکەین پێویستە گومان لە زهنیەت و دەزگابونێک کە هەیە بکرێت، پێکهاتەی دانشجوو و مامۆستا پێویستە دیموکراتیک ببن.
شیعرێکی مەولانا هەیە دەڵێ:"هەمێ چیزرا، هەمەگان داناند" واتا هەموو شتێک لەلای هەمویانە.
پێویستە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ پەیوەندیەکی دیالەکتیکیان هەبێ، خوێندکاری زانکۆ پێویستە ئەمە بکەنە بابەتێکی تێکۆشان، پێویستە ناوەڕۆکی وانەکان قبوڵ نەکەن، ئێمە شۆڕشی ژن' ژیان' ئازادی بە ڕێوە دەبەین، پێویستە لە ناوەڕۆکی وانەکانیشدا گۆڕانکاری دروست ببێ، زۆر نمونەی ئەوەیش هەیە، سەرچاوەی هەری بنەڕەتی ئەمەیش جێیەکە کە گوتنی ژن' ژیان' ئازادی دەستپێک لێیەوە دەرکەوتوە. سەرچاوەکەی فکر و فەلسەفەی ئاپۆییە. لەم سەرچاوەیەدا لەسەر فکری ئازادیخوازی ژن بە هەموو زمانێک، بە کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی و ئنگلیزی بەرهەم هەیە و وەک فکر لە جیهان دا بڵاوبۆتەوە. لەبەر ئەوە پێویستە خوێندکارانی زانکۆ ڕێبەر ئاپۆ بناسن، ئەو پەرتوکانە بخوێننەوە و بە دوایدا بچن. ئەو دروشمەی کە ئەمڕۆ بڵاو بۆتەوە ئەمە لە ناکاو دروست نەبووە و لەئاسمانەوە نەهاتوەتە خوارەوە، لەو چوارچێوەیەدا خەباتێک بەڕێوە براوە. تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵات بۆ ئەوە خەباتی بە ڕێوە بردوە.
* واتا خوێندکارانی زانکۆ سەرباری هەموو ئەو هێرشانەی کە هەیە، دەتوانێ لە زانکۆ هەوایەکی تێکۆشین کردن بۆ مرۆڤایەتی، لە نەبون مافی خۆی ئاوا بکا؟
- ڕاستە تێکۆشین دەکا بەڵام ناوەڕۆکێکی پێویستە. جونبوشی دانشجوی لە بنەڕەتی خۆیدا تەڤگەرێکی ئازادی، دیموکراسی و سۆسیالیزم بووە. بۆ گرتن و پێشکەوتنی فکری سۆسیالیزم جونبوشی دانشجوی هەرە پێشەنگ بووە. ئەمەیش فکری ڕێبەر ئاپۆیە. هەموو ئەکادیمیسیان و فەیلەسوفانی دونیا ڕێبەر ئاپۆ دەخوێننەوە، بە هەموو زمانێک دەخوێندرێتەوە و وەرگێڕ دەکرێت، لەبەر ئەوەی چارەسەری لەناودا دەبینن. دروشمی ژن' ژیان' ئازادی کە گەل چارەسەری خۆی تێدا دەبینێ، لەبەر ئەوەی چارەسەری فکری ڕێبەر ئاپۆیە.
زۆر بابەتی تر هەیە کە بنەڕەتین وەک بابەتی ژینگەپارێزی کە قەیرانی ئاو هەیە، ساڵی پار لە ئەسفەهان ڕۆژ نەبوو بۆ ئەوە سەرهەڵدان دروست نەبێ. لەوێدا فکری ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە سەرچاوە لە مانیفێستی "شارستانی دیموکراتیک"دا ڕێی چارەسەری بۆ ئەوانە هەمووی دانراوە. لە دەرەوەی ئەمە، دەڵێن ئێمە دیموکراسی و ئازادیمان دەوێ، ئەمەیش بە فکری ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەرە. هەندێ جار مێژوو خۆی ڕۆڵ دیاریەکا، ڕۆڵێکیش کە ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شآنی خوێندکارانی زانکۆ ئەوەیە کە پێشەنگایەتی فکری نوێ بکەن. ئەو شەڕە تایبەتەی کە لەسەریان بە ڕێوە دەچێ، فکری ئۆریانتالیست و پۆزەتیڤیست، پێویستە هەستی پێ بکەن و لێی تێ بگەن، لە خۆیان دا دیاری بکەن و خۆیان ڕەخنە بکەن. لەبەر ئەوەی تەڤگەرێکی ڕۆشنبیریە. کاتێک توانی لێپرسینەوە لە خۆی بکا و خۆی ڕەخنە بکا ئەو کاتە پێشکەوتوە. پێشتریش خۆی ڕەخنە کردوە. تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ لە شۆڕشی ١٣٥٧ دا،(تودە)ی ڕەخنە کرد، چەپی نوێ دروست بوو، شتێک نیە پێشتر نەکرابێ و ئەمڕۆ بکرێ. بەڵام دەبێ دیسان بە بوێری خۆیان ڕەخنە بکەن. دەبێ کەسایەتی پێشەنگ و شۆڕشگێر دروست بکرێ چونکە ئەمە سونەتێکە، بەم شێوازە شەهیدی هەیە، ئێمە پێویستە بزانین هەموو ئەوانە هەن. خوێنکاری زانکۆ دەخوێنن، دەزانن، بۆ ئەوان ژن و ژینگەپارێزی گرنگە. ڕێکخستنێکی هەیە بەڵام دەبێ خۆی بەهێزتر بکا، هەنگاوی گەورەتر و ڕادیکاڵتر بهاوێژێ وببێتە پێشەنگی کۆمەڵگا. ئەمڕۆیش لە تاران خوێندکارانی زانکۆ پێشەنگایەتی سەرهەڵدانیان کرد و لە زۆربەی شارەکانە تریش نەیانهێشت سەرهەڵدان ڕابوەستێ. ئەمە هەیە بەڵام دەبێ ڕۆڵیکی گەورەتر هەڵگرن.
* چالاکیەکان ڕەنگاو ڕەنگن، بە بڵاوکراوە، سرود و زۆۆر شتی تر. ئێمە دەتوانین چۆن چالاکیەکان هەڵبسەنگێنین؟
- چالاکی خوێندکارانی زانکۆ دەوڵەمەندن. لەبەر ئەوەی ژنن و جوانن و هەمیشە لە لێگەڕیندان، وە دەگڕین کە شتێک بۆ تێکۆشین پێویستە بەدەستی بێنن. گەلی ڕۆژهەڵات، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کلتوریان دەوڵەمەندە. مێژوویەکی درێژیان هەیە، لەبەر ئەوە زۆر زوو ڕێبازی نوێ پەیدا دەکەن. بە کلتور، بە سرودێک گەرمایی و جۆش و خرۆشی شۆڕش دەدات. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ: "شۆڕش جەژنی گەلانە". بەو واتایە دێت کە ئەم شۆڕشەی کە هەیە جەژنە، لە ڤەژنا هەڵپەڕکێ و سرود و خۆشحاڵی هەیە. ئێستا دایک و باوکی شەهیدان دەردەکەون دەڵێن کە سەرفرازین، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کە ئەم شۆڕشە فکریەی کە لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە، شۆڕشی خۆشحاڵی و جۆش و خرۆشە. بۆ دەرکەوتنی ئەو جۆش خرۆشەیش کلتور لە پێشە، سرود و شیعر هونەر دەردەکەوێتە پێش. ئێستا هونەرمەند دەردەکەوێتە پێش، نەک تەنیا ئەوانەی بە ناوبانگن، بەشێکیان دەناسرێن ئەوانە کاری خۆیان دەکەن ئەوە زۆر باشە. بەڵام لە ژێر ئەوەوە تەڤگەری خوێندکارانیش خاوەنی هونەرە هەرچەنە شاراوەیش بێت. لەبەر ئەوە ئێستا وەک ئەوە وایە کە دەکوڵێ، ڕۆژانە گۆرانی دەردەچێ، کلیپ دەرەچێ، پۆستەر دەرەچێ، شیعر دەرەچێ. کاریگەریەکی زۆری هەیە کە ئەمڕۆ دەرەکەوێ چالاک دەبێ. لەبەر ئەوەی لە شۆڕشی فکریدا، لە شۆڕشی کلتوریدا ئەمە زیاتر بەرچاو دەبێ و خۆی پیشان دەدا. بەڵام تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ ڕۆڵی گرانە پێویستە لە هەر لایەنێکەوە پێشەنگایەتی بکا، ڕێبازی خۆی دەوڵەمەند بکا، زۆر کار دەتوانێ بکا. یەکێ لەو ڕەخنانەی کە بەردەوام بۆ ئەم تەڤگەرە هەبوە، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات و ئێران، ئەوەیە کە بۆچی نابێتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. هەمیشە بەینێک هەبوە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا شۆڕش هەیە ئەو بەینە کەمتر بۆتەوە بەڵامئەم ڕەخنەیە هەر هەبوە. تەڤگەری ئاپۆیی وەک تەڤگەرێکی خوێندکارانی زانکۆ دەرکەوت. ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنکەرە لە زۆر کەسدا ویستی گۆڕانکاری بینی و لە ناو ئەواندا هێواش هێواش ڕێکخستنی دروست کرد. ڕێکخستنی ئاپۆیی تەڤگەرێکی جوان و خوێندکارانە، بەڵام بە چونە ناو کۆمەڵگا و لە ناو کۆمەڵگادا ڕێکخستن کردن، توانیویەتی دوای ٥٠ ساڵ هەر دەڕوا و خۆی گەورە دەکات. بۆ خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران نمونەی هەری باش تەڤگەری ئاپۆییە.
کاتێک ١٣٥٧ شۆڕش دروست بوو خوێندکارانی زانکۆ و کۆمەڵگا بونە یەک
* ئەمە ماوەیەکی درێژە، ٣ مانگە شۆڕش بەردەوامە، ئێمە وەکشۆڕشێکی فکری ناوی لێ دەنێین. بۆ پاراستنی ئەم شۆڕشە و بەردەوامبونی، لە لایەنی خوێندکاران و خوێندکارانی زانکۆوە بە چی شێوازێ دەتوانن وابکەن؟
- یەکێ لە ئەرکەکان ئەوەیە کە شەڕ و دیموکراسی لە هەوای زانکۆ دا بێت. نەک وەک ناوەڕۆکی جەستەیی وەک ناوەڕۆکی فکری باس دەکەم. لە ناوەڕۆکدا زانکۆ دیموکراتیک کردن بەشێکی شەڕ و تێکۆشانە. ئەویتریش ئێمە گوتمان تەڤگەری ئاپۆیی لە ناو کۆمەڵگادا خۆی گەورە کرد و ئەوە ٥٠ ساڵە گەورەتر دەبێ. شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرهەمی ئەوەبوو لە چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست لە هەموییدا بە کاریگەرە. تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆیش بە ڕێکخستنکردنی خۆی و کۆمەڵگا پێویستە بەردەوام بێت. خەریک بون و سنورداربون بە خۆیەوە ناهێڵێ تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ ببێتە پێشەنگی شۆڕش. کاتێ ١٣٥٧ شۆڕش دروست بوو خوێندکارانی زانکۆ و کۆمەڵگا بوونە یەک. لە ئاستی نێو نەتەوەییشدا هەبوو کۆنفیدراسیۆنێک بە ناوی:" دانشجوی خارج از کشور"دروست بوو. ئەم هەبوو کۆنفیدراسیۆنەی دەرەوەی وڵات کاریگەری لەسەر شۆڕس زۆر بوو. پێویستە ئەمڕۆ خوێندکاران ئەوانە بە نمونە ببینن. ئێستا لەگەر شوێنێک سەرهەڵدان هەیە، لە هەندێک کۆڵاندا گەل خۆیان سەرهاڵدان دەکەن دەرفەتێکی زۆر گەورەیە کە خوێندکارانی زانکۆ بچنە ئەوێ و کۆڵان بکەنە جێی وانە دیتن. لە گەل هەندێک شت فێر بن. ئەو گەلە بە هەزاران ساڵە لێرە ژیان دەکا، پڕ لە زانستە. یەکێ لەو فکرانەی کە ناوەندچێتی ئەوروپا لە ئێمەدا زیندوو دەکات چییە؟ ئەوەیە کە ئێمە فێر دەکا کە گەلی ئێمە هیچ نازانێ. گەلی کورد، هەموو گەلی ئێران و ڕۆژهەڵات پڕاوپڕن لە زانست. بنگە ئەوەیە کە خوێندکاری زانکۆ خۆی لە کەس ژورتر نەبینێ. دەبێت هەم فێربن هەم ئەوانی تریش فێر بکەن. هەم خوێندکاربێت هەم مامۆستا. لەبەر ئەوەی ئێمە لە شۆڕشی ژن دا، لە شۆڕش بۆ دیموکراسی ئازادی داین پێویستە خوێندکاری زانکۆیەک بزانێت چی بۆ ژنێک یان جوانێک پێویستە و بە گوێرەی ئەوەهەنێ شت لەوانی تێبگەیەنێ. ئێمە گوتمان کۆگایەک هەیە لەو کۆگایەدا لەسەر دیموکراسی،ئازادی ژن، ژینگەپارێزی، خۆبەڕێوەبەری کۆمەلگا، تەڤگەری ئاپۆیی سەرچاوەیە، لەسەر ئەنتەرنێت هەیە و پەرتوک هەن. مانیفێستی ئازادی ژن هەیە و جیاواز مانیفێست هەیە. لەسەر پاراستنی جەوهەری پەرتوک هەیە. ئێوە باسی پارستنی شۆڕشتان کرد، لەم بابەتەدا پەروەردە بێ سنوور گرنگە، ئەگەر گرنگ نەبوایە دەوڵەت ئەوەندە لەسەری ڕانەدەوەستا، ئەوەندە دەوڵەت لەسەری خەرجی دەکا، ئەوەندە زانکۆ و خوێندنگە دروست دەکا لەبەر ئەوەی دەزانن گرنگە. ئەوەی کە پەروەردە دەکا ئەوە قازانج دەکا. ئەویش دەزانێلەم ڕێگایەوە خوێندکارانی زانکۆ دابنیشێنێ، نەهێڵێ هەستن و بەگوێرەی بەرژەوەندی دەوڵەت و دوژمن هەڵسوکەوت بکەن. بەڵام خوێندکاری زانکۆ دەبێ شۆڕشی دیموکراسی و ئازادی ژن بپارێزێ و بۆ ئەوەیش ناوەڕۆکێکی بەهێزی پێویستە کە خۆی لەسەر پەروەردە بکا، هەم خۆی و هەم کۆمەڵگای لەسەر پەروەردە بکا، یەکێ لە ئرکەکان ئەوەیە کە خوێندکاری زانکۆ کۆم بە کۆم ٣ کەسی بچنە ناو کۆڵانەکان و وانە ببینن، لەسەر ئازادی ژن لەگەڵ کۆمەڵگا قسە بکەن و گفتوگۆ بکەن، ئەگەر بە ڕاو بۆچوون یەکتر دەوڵەمەند بکەن تێکۆشینیش بڵندتر دەبێ. ئەمە دەتوانێ ببێتە پارێزەری شۆڕشی فکری. ئێمە چۆن دەتوانین خۆمان پەروەردە بکەین؟ ئەگەر تۆ بزانی چۆن خۆت پەروەردە بکەی، تۆ دەزانی چۆن خۆت لە هێزی سەرکوتکەر بپارێزی. لە مێژوودا لە ئاتینای کۆندا سۆفیست هەبون، ئەوان لە بەرامبەری پارەدا وانەیان دەدا بە منداڵانی ئەریستۆکراتەکان. وانەیەک کە دەیان دا و سیستەمی پەروەردەیی بەشێکبوو لە دەسەڵاتداری ئاتینا. لەبەر ئەوەی ئاتینا سیستەمێکی کۆیلەداری بوو لێپرسینەوەی لەم سیستەمە نەدەکرد و ڕەخنەی نا ئەکرد. بە تایبەتیش سۆفیستەکان لە دژی ئەوە دەنگیان نەدەکرد لەبەر ئەوەی لەو ڕەوشە پارەیان وەردەگرت. بەڵام لە ڕەوشێکی وادا کەسێکی وەک سۆکرات دەردەکەوێت کە ئەو بارودۆخە قبوڵ ناکات.پۆلی تایبەت و سیستەمی کۆیلەداری قبوڵ ناکات.
بەڵام لێرەدا ڕێبازی ئەو گرنگە، پارە قبوڵ ناکا، هەرچەنێک قسەی سۆفیستەکان ڕاستیش بن، ڕێبازی ئوان قبوڵ ناکا. ئەو چی دەکا؟ دەچێتە ناو کۆڵانەکان دەگەڕێت، هەر کەس دەڵێ فەیلەسوفێکی مەزنە، بەڵام لەگەڵ هەرکەسێکدا گفتوگۆ دەکا، لەگەڵ ئەواندا باسی حەقیقەت دەکات دەڵێ پێویستە ئێمە خۆمان بناسین، ئەگەر خۆ بناسینیش سیستەمی کۆیلەداری قبوڵ ناکەن. دوژمن قبوڵ ناکەن، فشار، زوڵم قبوڵ ناکەن. ئەگەر ئێمەیش وەک گەلی کورد دەمانەوێ پێناسەیەکی ڕاست بۆخۆمان بکەین، ئێمە ئەو سیستەمی پەروەردەی درۆزنە قبوڵ نەکەین. ئێمە گوتمان با خوێندکارانی زانکۆ بچنا کۆڵانەکان، ئەمە ڕێبازی سۆکراتە، ئەوە ڕێبازێکی دیموکراتیکە، هێڵێکی ڕادیکاڵە کە دەبێ خوێندکارانی زانکۆ چاودێری بکەن. فەیلەسوفێکی ئەوەندە گەورە توانیویەتی دیارە کە ڕێبازێکی دروستە.
وە هی تر مرۆڤ هەنێ نمونەی تر بداتە خوێندکارانی زانکۆ، ئێمە بەگوێرەی ناسینی خۆمان بۆ ئەم تەڤگەرە و خوێندکاری زانکۆ ئەم قسانە دەکەین. تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ لە ساڵی٨٠-٩٠هەتاوی دا،(٢٠٠٠ی زایینی) توانی هەتا ئاستێک خۆی بە ڕێکخستن بکا یەکێ لە سەرهەڵدانەکانی دەستپێک لە دژی ویلایەتی فەقیە، لە زانکۆ بوو لە ١٣٧٨ دا، ویستیان هەنێ شت بکەن بەڵام سەرکوتیان کرد، بەڵام هەتا شوێنێک دەوڵەت دەتوانێ ئەو شتانە بکا. لە ١٣٨٢ بە هەنێ ڕێکخستنی دیموکراسیخوازان دیسان لە زانکۆ بنگەیەک دروست بوو، لە ١٣٨٨ دا سەرهەڵدان پێشکەوت. ١٣٩٦ یش هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ١٤٠١ ئەم تەڤگەرە بەردەوام دەکات.
دەبێت تەڤگەری خوێندکاران خۆیان لە ناوەندچێتی ئەوروپا ڕزگار بکەن، ئەمە لاوازییەکی ئەو تەڤگەرەیە
ئەگەر ئێمە ڕەخنە دەکەین لەبەر ئەوەی تێکۆشینێک هەیە ڕەخنە پێش دەخەین بەڵام لاوازی هەیە، یەکێ لەوانە ناوەندچێتی ئەوروپایە.لەم بابەتەدا خۆتان ڕەخنە بکەن یەکێ تریش کاریگەری پۆزەتیفیزم و زانستگەرایی هەیە، ئەوەندە زانستگەرایی نابێ،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی مەعنەویاتە، شوێنی مەزدەکە، زەردەشت، مانی، کە ئەمانە پێشەنگی سۆسیالیزمن لێرە دەرکەوتوون. ئەگەر لە ساڵی ١٩٠٠ دا لە ئەڵمانیا سۆسیالیزم بەرفراوان بوو بنگەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دەبێت خوێندکارانی زانکۆ لەسەر ئەوانە لێکۆڵینەوە بکەن، خۆ کاری ئەوان لێکۆڵینە. بە چاوی ڕۆژئاوا ناتوانن سەیری ڕۆژهەڵات بکەن و بەو ڕێیە گەلی ڕۆژهەڵات، گەلی کورد و ئێران بناسن. ئەگەر ئێمە گەلی خۆمانیش نەناسین پەیوەندیەکی ئۆرگانیک دروست نابێ. یەکێ لە پێویستیەکانی شۆڕشیش ڕۆشنبیری ئۆرگانیکە، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەو فکرە پەیوەندی بە هەموو چینەکان، بە تایبەتی بە کرێکارانی زەحمەتکێش و نەتەوەی ژێردەستەوە پەیوەندیەکی ئۆرگانیک دروستەکا، بێگومان ئەمەیش بە ناسین دەبێت.
هەر ئەو قسەیەی سۆکرات کە دەڵێ: "خۆت بناسە" خوێندکاری زانکۆ دەبێ خۆی بناسێ و لەبەر ئەوەی نەوەی ئەو گەلەن، مناڵی گەلی کورد، گەلی ئازەر، گەلی بەلوچن. ڕەچەڵەک و بنگەی ئێمە چیە؟ زەردەشت، مانی و مەزدەک لە کوێ دەرکەوتن؟ بە هەزاران شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵات، ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتن، ئەوانە چیان دەگوت و لە ڕێی چیدا گیانیان بەخت کرد، ئەوانە نرخی کۆمەڵگان. بەهای هەرە گەورەی کۆمەڵگا شەهیدە، ئەگەر بەگوێرەی ئەو شەهیدانە تۆ ناسینێکت پەیدا کرد و ژیانت کرد ئەو کۆمەڵگایە تۆ قبوڵ دەکا و پێشەنگی تۆ قبوڵ دەکا. خوێندکاری زانکۆ پێویستە هەست بە کاریگەری خۆیان بکەن لەسەر کۆمەڵگا و بەگوێرەی ئەو هەستیاریە هەڵسوکەوت بکەن. تۆ ناتوانی فکرێکی هەڵە لەناو کۆمەڵگادا بڵاو بکەیتەوە، بەو فکرە هەڵەیە تۆ قبوڵ ناکەن و وەک پێشەنگ تۆ نابینن، پێویستە خۆت بسەلمێنی. لەبەر ئەوە ئەرکی سەرەکی خوێندکارانی زانکۆ ئەوەیە کە خۆیان ڕەخنە بکەن، ئەگەر ئەوەیان کرد دەتوانن بەهێزتربن و شۆڕشی ئازادی ژن، دیموکراسی، سۆسیالیزم، شۆڕشی گەلان بەو شێوازە بپارێزن. لەم کاتەدا بە فکرێکی ڕاست و دروست بەرەو پێشەوە بچن.
تەڤگەری خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵات لە دەستپێکەوەهەتا ڕۆژی ئەمڕۆ سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستهێناوە و ئێمەیش لەو باوەڕەداین کە سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بێنن. ١٦ی ئازەر تەنیا ڕۆژێک نییە بەڵکو ڕوحێکە، ئەو ڕوحە سەرکەوتن دێنێت، دیموکراسی و ئازادی ژن دێنێت. لەسەر ئەو بنگەیە لە چیا ئازادەکانی کوردستانەوە ئێمە سڵاوی خۆمان بۆ هەموو خوێندکاران دەنێرین.
ژ.ت