"ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی هەمووانە، دەبێت گەنجانی رۆژهەڵات زیاتر بەشداری تێکۆشان بکەن"

گەریلای یەرەکە رێزان جاوید جەخت لەوەدەکاتەوە، کە ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی هەمووانە و داواش لە گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی گەنجانی ئیلام و کرماشان دەکات زیاتر بەشداری ریزەکانی تێکۆشان بکەن.

گەریلای یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) رێزان جاوید کە خەڵکی کرماشانە سەبارەت بە ٢٥ەمین ساڵەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی، "وا بەرەو پانزەی شوبات دەچین، ئەو ڕۆژەی سەرۆکایەتیی لە پیلانگێری و گەلەکۆمەیەکی نێونەتەوەیی جیهانییدا دەستگیر کرا، سەرۆکایەتیی دەچێتە  کینیا و لەوێ دەگیرێت، لە کینیاوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکرێتەوە، کاتێک گەل لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەمە دەزانێت، خۆنیشاندان دەست پێ دەکات و نزیکەی ٧٠ کەس خۆیان دەسووتێنن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە گەل دەڕژێنە سەر شەقامەکان، گەل ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن، چونکە سەرۆک و ڕێبەری گەورەی کوردان گیراوە، گەل ئەمە لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان قەبووڵ ناکەن، ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن، بۆچی سەرۆکی ئێمە، کە بۆ ڕزگاریی گەلێک تێ دەکۆشێت، دەگیرێت؟ نابێت بگیرێت، ئێستا بەرەو ساڵوەگەڕی ئەو ڕۆژە دەچین، دەبێت گەل خۆیان نیشان بدەن و لەو حکومەتە داگیرکەرەی قەبووڵ نەکەن کە سەرۆکی ئێمەی لە زیندان هێشتووەتەوە".

گەریلای یەرەکە رێزان جاوید ئاماژەی بەوەکرد، کە بەهۆی کاریگەری ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژنان و گەنجان لە رۆژهەڵات وشیاربوونەوە و سەرهەڵدانی ساڵی ٢٠٢٢ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشی بە نمونە هێنایەوە و وتی، " هزر و رامانی ڕێبەر ئاپۆ، ژن، ژیان، ئازادی پێش خست، ژن، ژیان، ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستی پێ کرد، یەکێک لە شەهیدەکانی ژن، ژیان، ئازادیی، ژینا ئەمینیی بوو، ئەو بووە قوربانیی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی، پاش ئەمە خۆنیشاندان دەستی پێ کرد، گەنج و لاو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆیان نیشان دا، گەل لە ئەقڵیەتی ئەو حکومەتە داگیرکەرەی قەبووڵ نەکرد کە ئێمە دەکاتە قوربانیی، خەڵکی ئێمە شەهید دەکات".

'حکومەت ژنان و گەنجان دەکاتە ئامانج'

هەرسەبارەت بە زەخت و گوشارەکان لە سەر خەڵکی رۆژهەڵات بە گشتیی و گەنجان بە تایبەتی، ئەو گەریلایەی یەرەکە وتی، " لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەنجانمان لە ژێر مەترسیی سێدارەدان، لە زیندانن، خۆکوژیی زۆرە، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتیی پتر خۆکوژیی لە ناوچەی ئیلامە، خۆکوژیی ژنانمان هەیە و خۆیان دەسووتێنن، هۆکاریی هەموو ئەم ستەم و چەوسانەوەیە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەیە وا گەل ناچار دەکەن خۆیان بکوژن، گەنجی ئێمە ئەمڕۆ خۆی لە دار دەدات، ئەمە کاریگەریی کۆماری ئیسلامییە لە سەر گەل کە سەرکوتیان دەکات، ئێستا  کۆماری ئیسلامیی بە سیاسەتێک لە ئێران بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجانمان بە ماددەی سڕکەر و هەموو جۆرە دەرمانێکی دەروونشێوێن سەرکوت دەکات، گەنجان دەست دەدەنە خۆکوژیی و تووشی ماددەی سڕکەر بوون، ئەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە کە ماددەی هۆشبەر لە نێو گەل بڵاو دەکاتەوە، گەنجانمان لە ڕێی خۆکوژیی و سێدارەوە دەکوژێت، خەڵک لەو حکومەتە داگیرکەرەی قەبووڵ ناکات کە گەنجی ئێمە تووشی ئەم تەنگوچەڵەمانە دەکات، گەنجانمان لە ڕۆژهەڵات بیکارن، هەروەها لە شوێنەکانی تریش بێکارییە، خەڵک کار نییە تا بیکات، حکومەت خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێت، بەڵام گەنجانی ئێمە ئەمڕۆ گشتیان خوێندەوار و پێشکەوتوون و گەرەکیانە بە ئاستێکی بەرزی خوێندنەوە بچنە سەر کار، بەڵام بێکارن".

' دەبێت خۆمان ڕێکبخەین و ڕووبەڕووی داگیرکەر ببینەوە'

لە درێژەدا داوای لە گەنجان کرد کە خۆیان رێکبخەن و وتی، "ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەیەکی بۆ گەلی کورد نەخشاندووە، تا پێش بکەون و بەشداری شۆڕش بن، خۆیان ڕێک بخەن و خۆیان پێش بخەن، جا نیشتمانەکەیان ڕزگار بکەن، حکومەت وڵاتی ئێمەی پارچە کردووە، دەبێت خۆمان ڕێکبخەین و ڕووبەڕووی ئەو داگیرکەرە ببینەوە و وڵاتەکەمان ڕزگار بکەین، دەبێت گەنجی ئێمە لەم ڕەوشەدا نەمێنێتەوە و وڵاتەکەی بەدەست خۆیەوە بێت".

رێزان جاوی ئاماژەی بەوەشکرد، " گەل لە کرماشان و ئیلامیش بەشداری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، بوو، لەوێش خەڵک خۆپیشاندانیان کرد و چوونە سەر شەقامەکان و بەرانبەر ئەو زهنییەتە وەستانەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ژن بەو جۆرە نەبنە قوربانیی و گەنجانمان نەکەونە زیندان و ئەشکەنجە نەدرێن و دەستدرێژیان نەکرێتە سەر، گەل لەوێش ناڕەزایی دژی ئەو دەوڵەتە نیشان دا".

گەریلا رێزان جەختی کردەوە کە رێگەی ئازادی لەوەدایە کە رێچکە و رێبازی رێبەری گەلی کورد بگیرێتەبەر و لەو ڕووەوە وتی، "ڕێبەر ئاپۆ بە ڕامانی خۆی بووەتە پێشەنگمان و هەموو شتێکی فێر کردووین. با ئێمە بەو ڕێگەیەدا بچن. گەنجان دەبێت بیر لەوە بکەنەوە درێژە بە ڕێگەی سەرۆکایەتیی بدەن و لێی تێبگەن و خۆیان ڕێکبخەن، ڕێی چارە و ئازادیی گەلی کورد ئەوەیە ڕێی سەرۆکایەتی بگرێتەبەر و بە شداریی شۆڕش بێت، گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کرماشان و ئیلامیش با خۆیان ڕێکبخەن و ئەو ستەمە قەبووڵ نەکەن".

'گەل نابێت ئەمە لە دەوڵەت قەبوڵ بکات'

ئەوەشی خستەڕوو، "  ئێمە ئێستا ڕێبەرمان لە زیندانە و لە ژێر ئەشکەنجەدایە، پێویستە ئازاد بکرێت، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی گەلی کورد و گەلانی جیهانە، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەتی ئێران پەرە بە جاش و بەسیج دەدات، مناڵێك دەچێتە خوێندنگە دەیکاتە بەسیج، ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەبات، دەیکاتە بەسیجی ناچالاک، پاش ماوەیەک دەیکاتە بەسیجی چالاک، ئەوانەشی لە سوپای پاسداراننن لە شارەکان شوێن و جێوڕێیان هەیە، دەبنە بەسیجی چالاک و بۆ خۆیان پەلکێشی دەکەن و پەروەردەیان دەکەن، کاتێك پەروەردەشیان دەکەن، چەکیان پێ دەدەن، چەکیان دژی کورد پێ دەدەن، گەل دەبێت ئەمە بزانێت، گەل نابێت ئەمە لەو دەوڵەتە قەبووڵ بکات، دەوڵەت چەندین سیاسەتی بەکار هێناوە، چەکی دژی گەلی خۆی بەسیجەکە چەکدار دەکات، کابرا کوردە، بەڵام ناپاکە، تۆ گەر چەک دژی گەلی خۆت هەڵبڕێت، ناپاکییت، بەسیج و سوپا سیاسەتی دەوڵەتە، خەڵک نابێت ئەمە قەبووڵ بکات.

 شتێکی تریش باس بکەم، ئەویش کۆڵبەرییە، کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان کۆڵبەریی دەکات، ئەم کۆڵبەرییەش بۆ بژێویی هاوژین و منداڵەکاێنتی، سنگی دەنێتە گوللەوە، لەولاشەوە سوپا لە سەر سنوور تەقەیان لێ دەکەن، ئێمە ڕۆژانە شەهید دەدەین، شەهیدی کۆڵبەر، دەبێت گەل ئەمەش لە دەوڵەت قەبووڵ نەکات".

' ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی هەمووانە'

لە کۆتاییدا رێزان جاوی گەریلای یەرەکە داوای لەسەرجەم گەنانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی گەنجانی کرماشان، ئیلام و لۆڕستان کرد کە بەشداری تێکۆشان بکەن و بچنە ریزەکانی پەژاک و لەو بارەوە رایگەیاند: "گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەبێت گەنجانی کرماشان و ئیلام و لەکستان و لوڕستان، بەشداری ڕیکخستن بن، بەشداری پژاک بن، ئەو دەوڵەتە وڵاتەکەمانی داگیر کردووە، دووبەرەکیی خستووەتە نێومان، با ڕوبەڕوویی ئەو زوڵم و ستەمە بوەستینەوە، خەبات بۆ ئازادیی گەلی کورد و ڕیبەر ئاپۆ بکەین، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی هەمووانە. با ئێمە خۆمان شۆڕشی خۆمان بکەین، تێ بکۆشین و گەل ڕێکبخەین، گەنجانمان، کچ و کوڕی ناوچەی کرماشان و ئیلامیش بە تایبەت بەشداری پژاک بن، تا ئەو شۆڕشە بەردەوام بێت و سەرۆکایەتیی و گەل ڕزگار بن".

هـ . ب