یەبەشە: لە سەر هێڵ و رێبازی شەهیدان تێکۆشان بە گوڕتر دەکەین

فەرماندەیی گشتیی یەبەشە شەهیدانی مانگی کانونی دووەمی بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند، "داوا لە گەل و دۆستانمان دەکەین کە لە کەسایەتی شەهیدانی مانگی کانونی دووەمدا خاوەنداری لە هەموو شەهیدان بکەن. لەسەر رێباز و هێڵی شەهیدان تێکۆشان بە گوڕتر دەکەین".

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) سەبارەت بە یادی شەهیدانی مانگی کانونی دووەم کە لە بەرخودانی شەنگالدا گیانیان بەختکردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە داوای کرد کە خاوەنداری لە شەهیدان بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لەگەڵ بەرخودانەکان دەستیمان پێکرد، لەگەڵ زەردەشت و حەمیدەکان بەردەوام بووین و بە رۆحی ئازادەکان، ئەنوەرەکان و سەرجەم گیانبەختکردووانی مانگی کانوونی دووەم دەگەینە سەرکەوتن.

ساڵی ٢٠١٤ ئەو کاتەی داعش بە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر شەنگال، بە ئامانجی لە ریشەوە لەناوبردنی ئێزدییەکان و لەناوبردنی هەموو شتێک و بە ئەنجام گەیاندنی ئەوەی عوسمانیەکانی باو و باپیریان نەیتوانی بیکات، ئەوە بکەن. بەڵام هاوڕێیانمان بەرخودان، زەردەشت، دڵشێر، بەرفین، دڵگەش و نوژیانەکان بەوانیان وت "بوەستن' و ئەو هێرش و پیلانانەی ئەوانیان پوچەڵکردەوە و لە باریان بردن و شەنگالیان کردە گۆڕستانی ئەوان. بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرگەی ئەوەی نەگرت و هەموو پێشەنگەکانی شەڕی دژ بە داعشی کردە ئامانج و هێشتاش بەردەوامە. بە واتایەکی دیکە لێپرسینەوەی شکستدانی داعش لە پێشەنگەکانمان دەکات و تۆڵەیان لێدەسەنێتەوە.

دوژمن دەیەوێت ئێمە وەک گەل و کۆمەڵگا بێ پێشەنگ بین، بێ ناسنامە بین، دەستکەوت و رێکخستنەکانمان و تەواوی هێزەکەمان لەناو بچێت، بۆ ئەو ئامانج هەموو کارێک دەکات. ئەوەش روونە کە بێ پێشەنگ مانەوە، بێ رێکخستن و بێ هێزی پاراستن مانەوە بە واتای کۆیلایەتی و سەردانەواندنە، لە هەمان کاتدا رێگە بۆ فەرمان دەکاتەوە. هێزەکانمان بە پێشەنگایەتی ئەو گیانبەختکردووانە قوربانی بەنرخیان پێشکەش کرد و لە ئەنجامی ئەو قوربانیدانە ئەمڕۆ خاوەن دەستکەوت و ناسنامەی شکۆمەندین.

ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر عەگیدی دروست کرد. پاڕادیگمای مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر عەگید و قارەمانی دروست کرد. ئەو عەگید و قارەمانانەش لە مێژوودا قارەمانێتی گەورەیان کرد. هەموو مانگێکمان بە قارەمانێتی تێپەڕبوون. هەربۆیە مانگی کانونی دووەمیش بۆ ئێمە وەک کۆمەڵگا و هێز، مانگی گیانبەختکردووانە، مانگی بەگوڕترکردنی تێکۆشانە، مانگی تۆڵەسەندنەوە و خاوەنداری لە دۆز و بەهاکانە. لەم مانگەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانمان، فەرماندە و پێشەنگە بەنرخەکانمان کە خاوەنی رەنج و هەڵوێست و دڵسۆزیەکی بێسنووربوون، ماڵئاواییان لێکردین.

لە ٢٥ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ فەرماندە و پێشەنگی ئێمە لە شەڕی دژ چەتەکانی داعش، هەڤاڵ بەرخودان تۆڵهەڵدان شەهید بوو. دەکەوینە نۆیەمین ساڵەی شەهیدبوونی ئەو.

هەڤاڵ بەرخودان یەک لە دامەزرێنەرانی یەبەشە بوو. لە ماوەیەکی کەمدا بە هۆی تایبەتمەندیەکانی وەک ئازایەتی، دڵسۆزی، لێهاتوویی و دسیپلینی جەوهەری و هەروەها رۆح و هێزی ئایدۆلۆژی ئاپۆیی، بووە فەرماندەیەکی پێشەنگ لە شەڕی دژ بە داعش.

هەروەها لە ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ فەرماندە و زانای ئێمە هەڤاڵ. زەردەشت شەنگالی، دڵسۆزی کۆمەڵگاکەمان پیر حەمید، هاوڕێ ئێزدین و جیلۆ لە هێرشێکی نامەردانەدا بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە گوندی دوگرێ کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا چوونە کاروانی شەهیدانەوە. ئێمە ئەمڕۆ پێدەنێینە چوارەم ساڵیادی ئەوانەوە".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ٢١ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا فەرماندە و پێشەنگمان ئازاد قیرانی و هەڤاڵی بەنرخمان ئەنوەر تۆڵهەڵدان لە هێرشێکی ترسەنۆکانە لە لایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە بە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە دۆڵی شلۆ شەهید بوون و ئێمە ئەمرۆ یادی سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان دەکەینەوە".

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "لە کەسایەتی فەرماندە و پێشەنگانمان لە شەڕی دژ بە داعش؛ بەرخودان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی رزگاریدەر و تۆڵەسێن زەردەشت شەنگالی، فەرماندەی ئازا و چاونەترس پیر حەمید، فەرماندە دەروێش ئاسا ئازاد قیرانی و هاوڕێیانمان ئێزدین، ئەنوەر و جیلۆ سەرجەم گیانبەختکردوانی مانگی کانوونی دووەم بە خۆشەویستی و رێزی زۆرەوە یاد دەکەینەوە. بەڵێمان دووبارە دەکەینەوە کە ئامنجی ئەوان بگەیەنینە سەرکەوتن و لەهەموو ساتێکدا بەیادی ئەوانەوە بژین و یادیان بە زیندوویی رابگرین. هەروەها داوا لە گەلە بەنرخەکەمان و دۆستانمان دەکەین کە لە کەسایەتی گیانبەختکردووانی مانگی کانونی دووەمدا خاوەنداری لە سەرجەم شەهیدان بکەن. لە سەر هێڵی ئەوان تێکۆشان پەرە پێبدەن و فراوانتری بکەن و لێپێچینەوە لە سیخوڕ و هاوکارانی دوژمن بکەن".

هـ . ب