یەبەشە: لەهەموو كاتێك زیاتر بۆ پاراستنی خاكەكەمان ئامادەین

فەرماندەیی یەبەشە رایدەگەیەنێت؛ ئەوان تا ئێستاكە باجی زۆر قورسیانداوە لەدژی داگیركەریی و قڕكردنی گەلی ئێزیدی و دەڵێن؛ ئەمڕۆكە لەهەموو كات زیاتر ئامادەین بۆ پاراستنی گەلانی ئازادیخواز و سەروەریی خاكی عێراق لەدژی داگیركاریی.

فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگاڵ"یەبەشە"، بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی فەرمانی سەر گەلەكەمان"ئێزیدیەكان"، راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە. لەراگەیەندراوەكەی یەبەشەدا هاتووە؛ ئەونەی لەرۆژە هەرە سەختەكاندا خۆیان گەیاندە ئێمە، فیدایی و دڵسۆزەكانی ئەم گەلە و میلیتانەكانی رێبەر ئاپۆ بوون، ئێمە قەرزداری ئەو فیداكاریانەین، ئەگەر ئێمە تا ئێستاكە لەسەر ئەم خاكە پیرۆزە دەژین و تێكۆشانی ئازادی بەرێوە دەبەین، بەبێگۆمان ئەوا لەسایەی رەنج و ماندووبوون و قۆربانی ئەو قارەمانانەیە.

یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگاڵ"یەبەشە"، لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیاندا دەڵێن؛ لەهەموو كاتێك زیاتر ئێمە بۆ پاراستنی گەلەكەمان و ئازادیخوازان و سەروەریی خاكی عێراق لەبەرامبەر بەداگیركەران ئامادەین و لەو پێناوەشدا بۆ پاراستنی ئەم خاك و وارە پیرۆزە چی قوربانیەك پێویست بێت دەیدەین. هەر چۆن دوێنێ فیداییەكانی ئەم گەلە جەستەی خۆیانیان كردە قەڵغان و رێگەیان بەداگیركاری نەدا، ئەوا ئەمڕۆكەش بەهەمان فیداكاریی دۆژمن ناچاری شكستی گەورەتر دەكەینەوە و گەلەكەمان و هێزەكانمان هەموو ئەو پیلان و پیلانگێڕیە چەپەڵ و گڵاوانە بێ كاریگەر و پۆچەڵ دەكاتەوە.

یەبەشە، داوا دەكاتە كە ئێزیدیەكانی ناو كەمپەكان بگەڕێنەوە بۆ شەنگاڵ و دەڵێت؛ پێویستە لەمەوبەدوا گەلەكەمان"ئێزیدیەكان"، بگەڕێنەوە بۆ سەر خاكی پیرۆز و زێدی خۆیان، ئەمڕۆكە ئێمە خاوەنی ئەو هێزەین كە گەلەكەمان لەهەموو جۆرە خیانەت و هێرشێك بپارێزین. دەبێت گەلەكەمان بەگشتی دەرك بەخیانەتی بارزانی ـ پەدەكە لەگەڵ دۆژمندا بكەن. هەر رۆژە پیلانێك دەگێڕن و بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی خۆی بەكاریان دەهێنێت.

فەرماندەیی یەبەشە راشیگەیاندوە؛ ئێمە جارێكی تر شەهیدانمان لەسەرەتای كۆمەڵكۆژیەكە تا ئێستاكە بەحەزكردن و روومەت و پەیوەست بوونەوە بەبیردێنینەوە و ئەو سۆزەی لەسەر رۆحی شەهیدانمان داومانە، بەجێ بهێنین، لەسەر ئەو بنەمایە سۆزەكەمان دووپات دەكەینەوە تا گەیشتن بەسەركەوتنی گەلەكەمان.

ف.ق