یەبەشە و یەژەشە یادی شەهیدانی مانگی ئابیان کردەوە

بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و شەهیدانی مانگی ئاب، لە لایەن شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشەوە مەراسیمێكی سەربازیی ئەنجامدرا و جەختكرایەوە، هەموو ئەم ڕووداوانە ڕێنمایین بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان بەهێزتر بكەین و كۆمەڵگەكەمان بەبێ پاراستن بەجێ نەهێڵین.

بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و شەهیدانی مانگی ئاب، شەڕڤانانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال ـ یەبەشە و یەكینەكانی ژنانی شەنگال – یەژەشە مەراسیمێكی ڕێزلێنانی سەربازیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، لە كەسایەتی شەهید مام زەكی و سەعید حەسەن و شەهیدانی نەخۆشخانەی سكێنی، یادی هەموو تێكۆشەرانی خۆڕاگری و شەهیدان دەكەینەوە، كە خوێنیان لە پێناو خاكی شەنگالدا ڕشت.

لە مەراسیمەكەدا تیرێژ شەنگالی، بەناوی فەرماندەیی یەبەشە یەژەشەوە وتی: لە كەسایەتی ڕزگاركەرانی شەنگالدا و هەموو شەهیدانی فەرمانەكە بەبیر دەهێنیینەوە و وەك شوێنكەوتوانی ڕێبەر ئۆجالان سڵاو و خۆشەویستی خۆمان پێشكەش بە ڕێبەر ئاپۆ دەكەین، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو هێزانە دەکەین لە ڕزگاركردنی شەنگالدا خوێن و زەحمەتیان ڕژاندوە.

فەرماندەی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال وتیشی: كۆمەڵگەی ئێزدی مانگی ئابیان بە خوێنی خۆیان ئاو داوە، دوژمن و نەیارانی ئەم كۆمەڵگەیە هەمیشە ویستویانە لەم مانگەدا كۆمەڵگاكەمان تاریك بكەن.

فەرماندەی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال جەختیشیكردەوە، هەموو ئو کۆمەڵکوژی و ڕووداوانە ڕێنمایین بۆ ئێمە، كە وەك یەبەشە و یەژەشە گەشە بكەین و خۆمان بەهێز بكەین، بۆ ئەوەی كۆمەڵگاكەمان بەبێ پاراستن بەجێ نەهێڵین.

دەشڵێت: لەم ساڵانەدا چەندین پلان و گەمە لەسەر هێزەكانمان ئەنجامدرا، زۆر پلان جێبەجێ كرا، ڕێككەوتنی ٩ی ئۆكتۆبەر درێژەی فەرمانی ٣ی ئاب بوو، ئەو هاوپەیمانییە دانپێدانان نەبوو بە ئیرادەی پێكهاتەی ئێزدی، بەمەش ویستیان سەركردەكانی كۆمەڵگاكەمان بكەنە ئامانج و فەرماندەمان سەعید حەسەنیان شەهید كرد.

فەرماندەی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال هێمای بۆ ئەوەشكرد، كۆمەڵگەی ئێزیدی دوای فەرمانەكە وەك كۆمەڵگەی پێش ساڵی ٢٠١٤ نییە و كۆمەڵگەی ئێزدی هۆشیار بووەتەوە، بۆ خۆپاراستن ئیرادە و بیرۆكەی هەیە و وتیشی: ئێمە وەك یەبەشە و یەژەشە لەم ساڵانەدا هێرشێكی زۆرمان لەسەر كراوە و ئامانج لەم هێرشانەش شكاندنی ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدییە، بەڵام هەرگیز لەم هێرشانە پاشەكشە ناكەین و بۆ پاراستنی كۆمەڵگاكەمان هەرچی پێویست بێت دەیكەین.

مەراسیمەكە بە دروشمی “بژی سەرۆك ئاپۆ” و سڵاوكردن لە گۆڕی شەهیدانی شەنگال كۆتایی پێهات.

ف.ق