'ئەگەر ڕاپەڕینی گەلی رۆژهەڵات بەردەوام بێت، وردە وردە سیستەمی فاشیست لاوازتر دەبێت'

دەستپێشخەری گەلی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان سێیەم بەیاننامەی خۆی لەبارەی راپەرینی گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و داوای بەردەوامی مانگرتن و راپەرینی لە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

دەستپێشخەری گەلی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان بە حەوت خاڵ باسی لە گرنگی و گەورەیی چالاکی، مانگرتن و راپەرینی گەل کرد کە چۆن کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا داناوە.

دەستپێشخەریەکە دەشڵێت، " بۆ خەڵكی شۆرشگێر و بە پەرۆشی رۆژهەڵاتی كوردستان. لە ٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢، بەرامبەر بە ١٦ی مێهری ١٤٠١، لە ٢١مین ڕۆژدا، ڕاپەڕینەكانی سەر شەقام و مانگرتنی بازاڕ، بازرگانی، كرێكاران، مامۆستایان، خوێندكاران بە شكۆمەندییەكی تەواوتر و بە داواكاری پتەوتر بەردەوام بوو. چوونە ناو حەفتەی چوارەمی ئەم ڕاپەڕینە. ژیانێكی نوێی بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری بەخشیوە و لە ڕۆژی ١٦ی مێهردا"٨ی تەشرینی یەكەم" خەڵكی ئێران و جیهان بینییان كە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت شاری شۆڕشگێڕی سنە پێشڕەوی کرد. ئەگەر ڕاپەڕین بەردەوام بێت، وردە وردە سیستەمی فاشیستی لاوازتر دەبێت، ئەگەر ڕاپەڕین ڕابگیرێت، سیستەمەكە توندتر و سەركوتكەرتر دەبێت. بۆیە بە تەركیزكردن لەسەر ئەركی تاكەكەسی مرۆڤی و ئەخلاقی و سیاسیمان پێویستە ڕاپەڕینەكان بەهێزتر بكەین."

هەروەها رایگەیاندووە، بە ناوەندی دەستپێشخەریی گەلی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان"، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان بۆ گەلە بە پەرۆشەكەمان دەردەبڕین كە لە ١٦ی مێهردا"٨ی تەشرینی یەكەم" بە هەموو توانایانەوە مانیان گرت و لە شەقامەكاندا درێژەیان بە راپەڕینە چارەنووسسازەكان دا.

دەشڵێت، مانگرتن و ڕاپەڕینی كۆڵان و شەقام و شاری گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەمان كاتدا، بەتایبەتی ڕێكخستنی شانە شۆڕشگێڕیەكان لە گەڕەكەكان و شارەکاندا، كە وێنەیەكی شۆڕشێكی گەورە بوو، بەڕاستی بووە هۆی " چەسپاندنی شۆڕشی گەل" و دیسان لە ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مۆریان لەسەر ڕاپەڕینەكان لە سەرتاسەری ئێران دانا. بەشداری فراوانی ژنانیش لەلایەن چین و توێژەکانەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا.

دەستپێشخەری گەلی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە هاودەنگیی گەلی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان و یەكڕیزیی نێوان گەلانی ئێران لە ١٦ی مێهردا دیسان بەدیكرا و بناغەكانی راپەڕینی بەهێزتر كرد. یەكڕیزی گەلان و گەلی كورد كلیلی سەركەوتنی كۆتایی ڕاپەڕینە". كۆمەڵكوژی دڕندانەی ١٦ مێهر "هەشتی تشرینی یەكەم"جارێكی دیكە سەلماندی كە تا ئێستاش ڕژێمی داگیركەر گوێ بە دەنگی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران نادات و پێویستە هەنگاوەكانی ڕاپەڕینی جەماوەری بەهێزتر بكرێت. كوژرانی بەلووچەكان لە ڕۆژانی ڕابردوودا نابێت هەموو نەتەوەكانی ئێران قبوڵی بكەن. خەڵكی شۆرشگێری رۆژهەڵاتی كوردستان و بەلوچستان دەتوانن بە پشتیوانی یەكتر بەرپەرچدانەوەی كردەوە خراپەكانی رژێم بدەنەوە."

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە، " پێویستە چ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و چ لە سەرتاسەری ئێران، راپەڕین و مانگرتن لە چەند شارێكی دیاریكراودا نەبێت. ڕاپەڕینی هەشتی تەشرینی یەكەم بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی پێشوو زۆر فراوان و بەهێز بوو، بۆیە پێویستە هەموو شارەكان بە ڕێكخستنی گەڕەكەكانیان یەكتر بەهێز بكەن و كۆمیتە شۆڕشگێڕیەكان یەكدەنگتر ببن. لە ڕاپەڕینی هەشتی تەشرینی یەكەم لە شاری سنە و تاران نیشانەكانی یەكڕیزی شانەی شۆڕشگێڕی بینران.

دەسپێشخەریەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە راپەڕینەكانی هەفتەی چوارەم، چ لەناوخۆی ئێران و چ لە بواری نێودەوڵەتیدا، فۆرمی جیاوازیان گرتەبەر و بەشێوەیەكی بێوێنە كاریگەرییان لەسەر گۆرەپانی نێودەوڵەتی دانا. گوتاری خەڵكی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە كۆی دەنگ"بەدەستهێنانی ئازادییە" و دوورە لە چەمكە ساختەكانی وەك "جیاكاری و دەسەڵاتداری". ئەم بەهایە دەبێت لەگەڵ یەكڕیزی گەلان بپارێزرێت. دروشم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ناوەڕۆك دەوڵەمەند و تەواوەكەیەوە، بووە هۆی بەرەوپێشبردنی ئەم گوتارە شۆڕشگێڕییە، سەلمێندرا كە لە سەدەی بیست و یەكدا، شۆڕشێك كە گرنگی بە پرسی ئازادی ژن دەدات لە پلەی یەكەم سەركەوتوو دەبێت.

 ڕژێمی فاشیستی ئێران ناتوانێت بە پەنابردن بۆ هاندان لە ناوەوە و لەسەر شەقامەكان دژ بە خەڵك و دەرەوە بە هێرشی نیزامی دژ بە ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەكان ئاراستەی ڕاپەڕین بگۆڕێت، چونكە پێش هەموو شتێك بوونی شۆڕشگێڕی گەل لە شەقامەكاندا هەموو خەباتەكان سەقامگیر دەكات.

لە كۆتاییدا دووبارە سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ گەلەكەمان بە ناوی "ناوەندی دەستپێشخەری گەلی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان" دەردەبڕین، سڵاوی خۆمان ئاراستەی سەرجەم شانەکانی راپەرین دەکەین، جەختیش دەكەینەوە كە رێبازی شەهیدان بە بەهێزی بەردەوامە."

ف.ق