'ئەگەر دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە، رێگەی ئاشتی دەکرێتەوە'

ئەمینە ئال بە بیریهێنایەوە کە ٣ مانگە زیندانیان درێژە بە قۆناغی دووەمی چالاکیەکانیان دەدەن و وتی، "ئەگەر دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە، رێگەی ئاشتیش دەکرێتەوە".

زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیان بە مانگرتنی بە نۆرە کردبوو. زیندانیان رایانگەیاندبوو، کە ئەگەر تا ١٥ی شوبات کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی پیلانگێڕی داواکارییەکانیان قەبوڵ نەکرێن، چالاکییەکانیان دەگوازنەوە بۆ قۆناغێکی دیکە چالاکی زیندانیان لە ٤ی نیسانەوە بە رەتکردنەوەی دیداری راستەوخۆ و پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و نەچوونە بەردەم دادگا بەردەوامە. چالاکی "دەنگ بە ئازادی بدە" کە خزم و کەسوکاری زیندانیان کە لە زۆر شوێن لەبەردەم زیندانەکان دەستیپێکردووە و هەموو رۆژانی دووشەممە بەڕێوەدەچێت بەردەوامە.

ئەمینە ئاڵ دایکی گوڵستان ئاڵ کە سزای زیندانی هەتاهەتایی هەیە و لە زیندانی بونیانی قەیسەریە راگیراوە باسی لەوەکرد کە لە کەسایەتی ئیمراڵیدا لە زیندانەکان گۆشەگیری بەردەوامە و وتی، "سێ مانگە ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ منداڵەکانمان نییە. ئێمە هیج هەواڵێکیان نازانین. دوو جەژنە نەچووینە سەردانیان. ئێمە لەگەڵ چالاکیەکانیان دەستمان بە ئێشکگری کرد. چەندین مانگە گوێمان لە دەنگی رۆڵەکانمان نەبووە. کەی چالاکیەکەیان بگەیەننە کۆتایی ئەو کاتە دەتوانین بیانبینین. تا گۆشەگیری لەسەر رێبەرایەتی کۆتایی پێنەیات ئەوانیش لە گۆشەگیریدا دەبن. ئەم جەژنەش قسەمان لەگەڵ رۆڵەکانمان نەکرد، چاومان پێیان نەکەوت. رۆژی پێنج شەممە هاتمە سەر گۆڕی کوڕەکەم. هیچ نەبێت قسەی بۆ دەکەم و سوکناییم دێت. سەردانی شەهیدەکانمان دەکەین و کەمیش بێت ئازاری دڵمان کەم دەکەینەوە".

'ئێمە درێژەپێدەری تێکۆشانی ئەوان دەبین'

ئەمینەی ئاڵ باسی لەوەکرد کە لە جەژنیشدا لەبەر ئەوەی نەیتوانیبوو سەردانی کچەکەی بکات لە زیندان، چووەتە سەر گۆڕی کوڕە شەهیدەکەی و بە درێژایی رۆژەکە لە تەنیشت گۆری کوڕەکەیەوە بووە و وتی، "ئەوان لەپێناو رێبەرەکەیان ئەم چالاکیە دەکەن، ئێمەش پشتیوانی لە چالاکیەکەیان دەکەین. هەموو کات شوێنکەوتوو و درێژەپێدەری چالاکی ئەوان دەبین. گرنگ نییە ساڵێکیش قسە نەکەین، هیچ شتێک ناگۆڕێت، دوو ساڵیش قسە نەکەین هیچ نابێت، ئێمە بیریان دەکەین، بەڵام گەورەیی چالاکیەکەیان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. داوا لە دایکانی شەهید، دایکانی گەریلا دەکەم، ئێمە یەکتر بە تەنیا جێنەهێڵین. رێچکەی تێکۆشانی رۆڵەکانمان بگرینەبەر. تێکۆشانی ئەوان بە فیڕۆ نادەین. رۆژانی دووشەممە لە بەردەم زیندانەکان چالاکیمان هەیە، با هەموان بێنە ئەوێ و بەشداری لە چالاکیەکەمان بکەن".

ئاڵ دەستنیشانی کرد کە گۆشەگیری تاوان لە دژی مرۆڤایەتیە و وتی، "دەبێت گەلی کورد لە دژی گۆشەگیری دەنگ هەڵبڕێت. دەبێت ئێمە ئەم گۆشەگیریە بشکێنین. ئەگەر دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە، دەرگای ئاشتیش دەکرێتەوە".

هـ. ب