یه‌ره‌كه‌: به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌

فه‌رمانده‌یی یه‌ره‌كه‌ رایگه‌یاند، كه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له‌ ٣ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌ هێرشه‌كاندا هیچ زیانێك به‌ر هێزه‌كانمان نه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام ره‌ز و باخی گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ زیانی به‌ركه‌وتووه‌.

فه‌رمانده‌یی یه‌ره‌كه‌ له‌ باره‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی پێنجوێن و چوارتا راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌:

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

"جموجۆڵی داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر پێنجوێن و چوارتا له‌ ٣ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی توركیا داگیركه‌ریی ئێرانیش له‌ سه‌رتاسه‌ری سنووری مه‌ریوان، بانه‌ و سه‌رده‌شت هێزێكی زۆری به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌سه‌ر سنور جێگیر كردووه‌. كاتێك فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌وه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ تا سه‌ر سنوری ئێران ده‌چن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌م جۆره‌ ده‌شتاییه‌كانی پێنجوێن و چوارتا بۆردومان ده‌كه‌ن.

له‌ ٦-٧ی تشرینی یه‌كه‌مدا به‌ بێ پسانه‌وه‌ فڕۆكه‌ی سیخوڕی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سوڕانه‌وه‌. ٦ی تشرینی یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی سیخوڕی و ٧ی مانگیش فڕۆكه‌ی شه‌ڕ ده‌شتاییه‌كانی گوندی بادانه‌یان بۆردومان كرد. له‌و بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به‌ر هێزه‌كانمان نه‌كه‌وت، به‌ڵام زیان به‌ر باخ و ره‌زی گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ كه‌وت. جموجۆڵی دوژمن تائێستاش به‌رده‌وامه‌. ئێمه‌ دواتر زانیاری به‌رفراوانتر بۆ گه‌لی خۆمان و رای گشتیی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌".

هـ . ب