یەکەمین پێشانگای کتێب لە کەرکوک کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا
یەکەمین پێشانگای کتێب لە شاری کەرکوک لەژێر دروشمی "کەرکوک دەخوێنێتەوە" کۆتایی بە چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی هێنا.
یەکەمین پێشانگای کتێب لە شاری کەرکوک لەژێر دروشمی "کەرکوک دەخوێنێتەوە" کۆتایی بە چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی هێنا.
کاتژمێر ١١ی ئەمشەو دوای ١٠ رۆژ لەبەردەوام بوونی یەکەمین پێشانگای کتێب لە شاری کەرکوک کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا، پێشانگاکە لەژێر دروشمی "کەرکوک دەخوێنێتەوە" لە تایم سەنتەر مۆڵ لە شاری کەرکوک سازکرابوو، لەماوەی پێشانگاکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران، شاعير و نووسەرانی شاری کەرکوک بەشداربوون، جێگای ئاماژەیە لە پێشەنگاکەدا هەریەکە لە ناوەندەکانی (دیالۆگ و ئەندێشە، ئەدیبان، جەمال عیرفان و ڕەهەند و کارێز، بەخشەرانی کتێب) و چەند ناوەندێکی دیکەی بەشداربوون، وە پێشانگاکە جگە لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکان چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری هەمە ڕەنگیشی لەخۆگرتبوو.
چۆپی شێرکۆ ووتەبێژی تایم سەنتەر کە میوانداری پێشانگاکەی کرد و لە هەمان کاتدا یەکێکە لەو گەنجانەی کە هەستاون بە سازکردنی ئەو پێشانگایە بەشێوەیەکی خۆبەخش، چۆپی سەبارەت بە کۆتایی هاتنی پێشانگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی" :پێشانگای "کەرکوک دەخوێنێتەوە" بۆماوەی ١٠ رۆژ لە تایم سەنتەر لە شاری کەرکوک بەردەوام بوو، ئەمرۆ کۆتا رۆژی پێشانگاکەیە و کاتژمێر ١١ی شەو کۆتایی دێت، کردنەوەی ئەم پێشەنگایە ئەزموونێکی تازەیە بۆ ئێمەی کەرکوکی، بۆ شارێک کە ڕێژەی خوێنەری کەمە باش بوو، بەهیوای ئەوەی لە داهاتوودا و لە مانگی نیسان بەدیاری کراوی پێشانگایەکی کتێبی گەورە لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان بکەینەوە".
سەبارەت بە رێژەی بەشداربوون چۆپی شێرکۆ بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) ڕاگەیاند: "ئاماری بەشداربووانی پێشەنگاکە بۆ شارێک کە ڕێژەی خوێنەری کەم تێدایە باشە کە بەشداری ٢٥٪ بوو، ئەم پێشەنگایە وەکو یەکەم ئەزموون باشبوو کە ئەم رێژەیە لە خوێنەر و کتێبخانەکان بەشداربوونە، بۆ شارێک کە ناخوێنێتەوە بگرە زۆر باشیش بوو".
ناوبراو باسی لەو ناوەند و کتێبخانانە کرد کە بەشداری پێشانگاکە بوونە و ووتی: "ئەو کتێبخانانەی کە بەشداربوون لە پێشانگاکەدا تەنها کتێبخانەکانی کەرکوک نەبوون بەڵکو لە شارەکانی سلێمانی و هەولێرەوەش بەشداربوون، ١٠ کتێبخانە لەم پێشانگایە بەشداربوون کە پێکهاتبوون لە کتێبخانەکانی کارێز، ئەدیبان، حەفید، بەخشەرانی کتێب، جەمال عیرفان، ئەندێشە و دیالۆک، و هەروەها چەند کتێبخانەیەکی دیکە کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشداربوونە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، چۆپی شێرکۆ تیشکی خستەسەر ئاستەنگییەکانی بەردەم کردنەوەی پێشانگای کتێب لە شارەکە و ڕایگەیاند: "ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم کردنەوەی کتێبخانەکان ئەوەیە کە خوێنەر کەمە چونکە ئێمە لە شارێکدا دەژین کە زۆر تیشک ناکرێتەسەر خوێندنەوەی کتێب تا ئەم بوارە بەرەو پێش بچێت، کردنەوەی پێشانگای کتێب زۆر گرنگە بۆ گەنجانی کوردی شارەکە تا زمانی کوردییان پاڕاوتر بێت چونکە ئەم شارە پێکهاتەی دیکەی تێدا و ئەمەش کاریگەری لەسەر پاڕاوەیی زمان دەکات، ئێمەش لە بەڕێوبەری تایم سەنتەر مۆڵ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش هەستاین بە کردنەوە ئەم پێشانگایە، هەرچەندە پاڵپشتییەکان بەو جۆرە نین کە بتوانین پێشانگایەکی گەورەی کتێب بکەینەوە".