یەکێتی ئامادەیە ناوبژیوانی بکات

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکەرییە و راشیگەیاند، بۆ پێشگرتن لە شەڕ لە نێوان کورداندا ئامادەن ناوبژیوانی بکەن.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) بە ئاژانسی هەواڵی رۆژی نیوزی راگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکەرییەوە و باسی لە لێدوان وراگەیاندراوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی تری دەوڵەتی تورک لەبارەی کۆتایهێنان بە رێککەوتنی لۆزان کرد.

لەسەرەتای قسەكانیدا لەبارەی هێرش و داگیركاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری كوردستان وتی: توركیا لەڕێگای ئەردۆغان و وەزیری ناوخۆ و وەزیری دەرەوە بە ئاشكرا ئەوە دەڵێن، كە دوای تەواوبوونی پەیمانی لۆزان ئەوان دەسەڵات و ڕووبەری خاكی دەوڵەتەكەیان فراوان دەكەنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی موسڵی جارانیش دەدن، كە باشووری كوردستانیش دەگرێتەوە.

“بیانووی توركیا بۆ ئەو داگیركارییە بوونی پەكەكەیە لەسنورەكانی كوردستان، خۆ پەكەكە لە چیای باشیك نییە توركیا بۆچی بنەكە و بارەگای سەربازیی لەوێ داناوە؟ بۆیە هەركەسێك پێی وابێت پەكەكە پاساوی هاتنی توركیایە ئەوا هەڵەیە، چونكە توركیا ڕوو لەهەر شوێنێك بكات جێی ناهێڵێت و داگیری دەكات” ئارێز عەبدوڵا وای وت.

دەشڵێت: قسەكانم بۆ داهاتوو هەڵگرن و بۆ مێژوو دەیڵێم توركیا كوردستان داگیر دەكات و ئەگەر پەكەكەش لەسنورەكان بكشێتەوە تازە توركیا ناگەڕێتەوە و بەنیەتی داگیركاری ڕووی لە باشووری كوردستان كردووە، خۆزگە پەدەكە ئەم تێگەیشتنەی بگۆڕێت و پێی وانەبێت كە پەكەكە پاساوی ئەم داگیركاریەی دەوڵەتی توركیایە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئامادەیی حزبەكەی  بۆ ناوبژیوانی نێوان پەكەكە و پەدەكە دەربڕی و هەڵوێستی یەكێتی دووپاتكردەوە، كە دژی شەڕ دەوەستێتەوە.

داواش لەتوركیا دەكات، پێداچونەوە بەسیاسەتی خۆیدا بكات و بەئاشتی كێشەكانی لەگەڵ گەلی كورد چارەسەر بكات، داواش لە پەكەكە دەكات، ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی باشوری كوردستان بكات.

ئەو سەركردەیەی یەنەكە لەبارەی جوڵاندنی هێز بۆ ناوچە سنووریەكان و نزیك سنوورەكانی گەریلا وتی: بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە بۆی هەیە بچێتە هەموو شوێنێك لەزاخۆ تا قەندیل و خواكورك و سیدەكان، بەڵام نە یەكێتی نە وەزیری پێشمەرگە ئاگاداری جوڵاندنی ئەو هێزانە نین بۆ ئەو شوێنانە.

وتیشی: خوێندنەوەكان بۆ جوڵاندنی ئەو هێزانە لەوكاتەدا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو هێزە بۆ هاوكاریی سوپای توركیا دەچێتە ئەو شوێنانە، دەكرا ئەو هێزانە پێش لەشكركێشیەكانی دەوڵەتی توركیا یان دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكان چووبان بۆ ئەو شوێنانە ئەو كاتەش خوێندنەوەی تری بۆ دەكرا.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئارێز عەبدوڵا، ڕوو لە پەكەكە و پەدەكە دەكات و دەڵێت : پێویستە لەیەك تێگەیشتن لەنێوان پەكەكە و پەدەكە دروست ببێت، پەكەكە ڕەچاوی دۆخی باشووری كوردستان بكات و پارتیش پەكەكە وەك پاساوی داگیركایەكانی توركیا نیشان نەدات، بەڵكو پێكەوە بە گفتوگۆ چارەسەری ئەم دۆخە بكەن چونكە توركیا پیلانی مەترسیداری هەیەو دەیەوێت بگاتە قەندیل و تەواوی شوێنەكانی كوردستان.

ژ.ت