ئەنجامی کۆتایی کەمپەینی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ڕاگەیەندرا

لە پانێڵێکدا و لە شاری سلێمانی، ئەنجامی کۆتایی کەمپەینی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە باشووری کوردستان ڕاگەیەندرا، کە لە ماوەی هەشت مانگدا ٣٠٠ هەزار واژۆ بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان کۆکراوەتەوە.

لە پانێڵێکدا و لە شاری سلێمانی، ئەنجامی کۆتایی کەمپەینی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە باشووری کوردستان ڕاگەیەندرا، کە لە ماوەی هەشت مانگدا ٣٠٠ هەزار واژۆ بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان کۆکراوەتەوە.

ئەمڕۆ لە پانێڵێکدا و لە هۆڵی خاکی شاری سلێمانی، لە پانێڵکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و کەسایەتیی و سیاسەتمەدارانەوە، ئەنجامی کۆتایی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ڕاگەیەندرا.

سەرەتای پانێڵە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان محەمەد ئەمین پێنجوێنیی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە وتاری کۆتایی کەمپەینەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: کەمپەینەکە لە ٢٩ی ١ی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا، تا ١٥ی ٨ی ٢٠٢٢ بەردەوامبوو، تواندرا نزیکەی ٣٠٠ هەزار واژۆ کۆبکرێتەوە، ئەمەش نیشانەی پەرۆشیی باشوورە بۆ خەباتی ڕەوای باکووری کوردستان.

ئەوەش هاتبوو: ئێمە پێکەوە دەتوانین پیلانی سەر نەتەوەکەمان تێکبشکێنین، بە یەکگرتن و یەکڕیزیی دەتوانین بەسەر پیلانەکانی دوژمندا سەربکەوین، بۆیە ئەرکمانە یەکبوون و یەکڕیزیی لە نێوان هێزەکانی کورد-دا بکەین بە مەرجی سەرکەوتن

“لە کەسایەتیی پەکەکەدا کۆی بزووتنەوەی ڕامیاریی باکووری کوردستان خراوەتە لیستی تیرۆر”

لە درێژەی مەراسیمەکە پانێڵێک ڕێکخرا و تێیدا سێ تەوەری پەیوەست بە دەستووری تورکیا و بەتیرۆرناساندنی پەکەکە پێشکەشکران.

شۆڕش حەسەن، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسای دەستووریی، بابەتێکی بەناونیشانی مافی ڕەوای بەرەنگاریی نەتەوەکان لەژێر سایەی دەستووری تورکیادا پێشکەشکرد و وتی: دەستووری تورکیا بەلای چەمکی گەل-دا ناچێت و چەمکی نەتەوە وەردەگرێت، دەستووری تورکیا وا داڕێژراوە کە تورکیا تەنها بۆ نەتەوەی تورکە، ئەوەی لە دەرەوەی نەتەوەی تورکە، دەبێت لە ڕازیبێت بە تورکبوون، ئەگینا هیچ دەرچەیەکی دیکەی نییە.

وتیشی: وەک ماددەی پێنجەمی دەستووری تورک دەڵێت: ئەرکی دەوڵەتی تورک پاراستنی نەتەوەیی تورکە، هەروەها سەروەریی تەنها بۆ نەتەوەی تورکە، لەکاتێکدا دەبێت سەروەریی بۆ گەل بێت.

ئەوەشی وت: لەژێر سایەی ئەو دۆخەی لە تورکیا هەیە، بەرەنگاربوونەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، مافێکی ڕەوایە، چەندین جاڕنامەی گەردوونیش هەیە کە دەڵێت مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو نەتەوەکانە، بەپێی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، خەباتکردن بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی ڕەوایە.

هەروەها دکتۆرە نیکۆلا ئەشرەف شاڵیی، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتیی بابەتێکی بەناونیشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلان لە سایەی یاسای نێودەوڵەتییدا پێشکەشکرد و وتی: سڕینەوەی مافەکان و نکۆڵیکردن و سەرکووتکردن، وایکردووە گەلەکەمان مافی خۆیان بەرجەستە بکەن بەشێوەیەک تەریب بێت لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە هەموو بڕیارە یاساییەکاندا پاڵپشتیی گەلان دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ماف دەدات بە گەلان، کە تێکۆشان بۆ مافی چارەی خۆیان بکەن.

وتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەیەکی دووڕووە، پرەنسیپەکانی بۆ داناویت، بەڵام خۆی جێبەجێیان ناکات، لیستی تیرۆری داناوە و پەکەکەی وەک بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەکاتێکدا هیچ سەبکێکی نێودەوڵەتیی و پێوەر نییە، کە تیرۆر دیاریی بکات.

باسی لەوەشکرد: پەکەکە یەکێکە لەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازە کوردییەی لە باکووری کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسادا دەکات و چەندین جار ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاندنەوە، لە دانووستانی نهێنییدا چەندین جار داوای کردووە پرۆسەیەکی سیاسیی دەستپێبکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ڕازیی نەبووە، بۆیە لێرە گەلی کورد مافی خۆیەتی کە خەباتی ڕزگارییخوازیی بکات، پەکەکە بەهیچ جۆرێک لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لای نەداوە و پابەند بووە بە یاساکانی شەڕ، هیچ لادان و کارێکی نەکردووە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنیی، هەروەها بازرگانیی بە مرۆڤ و بە چەک و ماددەی هۆشبەر نەبووە، کە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

هەر لە قسەکانیدا د.نیکۆلا ئەشرەف وتیشی: ناساندنی پەکەکە وەک تیرۆر پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، کە هۆکاری سیاسیی هۆکاری سەرەکییە بۆ خستنەناو لیستی تیرۆری پەکەکە، بە تیرۆر ناساندی پەکەکەش زیاتر دەستی تورکیای کردووەتەوە بۆ ئەوەی کە گەلەکەمان لەناوببات، وەک تورکیای خۆی پشتیوانیی گروپە تیرۆریستییەکان دەکات، وەک قاعیدە و داعش و جەبهەت نووسرە.

هەر لە پانێڵەکەدا دکتۆر محەمەد سابیر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی بابەتێکی بەناونیشانی بزاوتێک لە لیستی تیرۆر، نەتەوەیەک لە لیستی تیرۆر پێشکەشکرد و وتی: لە خستنە لیستی تیرۆری پەکەکەدا، کۆی بزووتنەوەی ڕامیاریی باکووری کوردستان خراوەتە لیستی تیرۆر، بە تیرۆرناساندنی پەکەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ، چونکە ماددەکانی ئەندامێتیی ناتۆ ڕێگە بە هیچ ئەندامێکی دیکەی ناتۆ نادات، کە پشتیوانیی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی بکات دژی ئەندامێکی دیکەی ناتۆ نادات.

وتیشی: ناکرێت هێزێکی وەک پەکەکە کە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و لێی بدرێت بەناوی تیرۆرەوە، لەکاتێکدا ئەو هێزە دژایەتییەکی گەورەی تیرۆری داعشی کرد، کە تورکیا ئەگەر نەڵێین دامەزرێنەری داعش بووە، ئەوا یەکەمین پشتیوانیی داعش بووە.

لە کۆتاییشدا ئەنجامنامەی پانێڵەکە لەلایەن شادی بەکر، ئەندامی ڕێکخەری کەمپەینەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە؛

١/ تێکۆشانی پەکەکە بەپێی ماددەی٣١٠٣ساڵی ١٩٧٢ لەقانونی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە خانەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلان . بۆ بەدەستھێنانی مافی چارەنووسی گەلی کورد.

٢/ بەتیرۆریست ناساندنی پەکەکە بڕیارێکی سیاسیە نەک قانونی .

٣/ بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا لەگەل تورکیا ھۆکاری ناساندنی پەکەکە یە وەک تیرۆریست.

٤/پەکەکە تاکە ھێزە لەدەرەوەی دەوڵەتان و ھەرێمەکان شەڕی تیرۆریستانی داعش و قاعیدەی کردبێت. بۆیە نابێت لەلیستی تیرۆردا بمێنێتەوە.

٥/ ئەوروپاو ئەمەریکا بۆئەوەی ھەڵەی پێشویان بەرامبەر خەباتی نەتەوەی کورد ڕاست بکەنەوە. پێویستە پەکەکەلەلیستی تیرۆر دەەبھێنن . وەکوبزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی بیناسێنن .

٦/ تاکە ڕێگا بۆڕزگار بوونی گەلانی تورکیا لەوگێژاوە ھەمەلایەنەی تێی کەوتوون. گفتگۆی ئاشتییە لەگەل پەکەکە و بەڕێز ئۆجالان .

ئەزموونی چل ساڵ شەڕ لەنێوان تورک و کورد دەریخست کەکورد بەشەڕ لەناو ناچێت . بۆیە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ھەنگاوی ئاشتیانە .

٧/ پەکەکە چەندین جار دەستپێشخەری بۆ ئاشتی نێوان و کورد تورک کردووە . ڕاستگۆیانە ھەنگاوی ناوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بەشێوازی تاکتیکی لەو ھەنگاوە نزیک بونەتەوە. شەڕیان لەبری ئاشتی ھەڵبژاردووە.

بە لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی پێشدەخات و پێکەوە ژیانی گەلانی تورکیاو ناوچەکە دەستەبەر دەکات.

٨/ ھەوڵی گەلانی جیھان لەناویاندا گەلی کورد. بۆ دەرھێنانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر. واژۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان مرۆڤ. جێگای ڕێزو دەستخۆشییە و ھەوڵێکی مەدەنی و دیموکراتیانە بۆچەسپاندنی ئاشتی.

٩/ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەکوردوستان و جیھان . دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن بۆ دەرھێانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر .

١٠/ دۆزی کورد لەتورکیا سیاسی و دەستورییە .چونکە جگە لەتورک دان بەبوونی ھیچ گەلێکی تردا نانێت, بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا دەستورێکی دیموکراتی دابنرێت. کەبگونجێت لەگەڵ مافەکانی ھەموو نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکانی تورکیا.

ژ.ت