ئەو كەمپانەی باشوری كوردستان، كە ئاوارەكانی شەنگالیان تێدا نیشتەجێن بەردەوام چەندین حاڵەتى كوشتن و سوتاندنی خێمەكانى تێیدا تۆمارکراون و لە دوایین نمونەدا و لەسەرەتای مانگی ئابدا، فاروق میرزا و كچە تەمەن شەش ساڵانەكەی بە ناوی “ئاخین” لە كەمپی چەمشكۆی زاخۆ كوژران، لەوبارەشەوە ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر لە شەنگال كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی ساز كرد.
لەسەرەتای كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەدا ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئاخین كرد و داواى لە هەر دوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بە سزاى یاساى بگەیەنن.
ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر ئاماژەیان بەوەشکرد: چەندین جارە تاوانى هاوشێوەى ڕووداوەکەى کوشتنى ئاخین دوبارە دەبێتەوە، کە پێمان وایە ئەو کارە بە تەنها کەسێک ئەنجام نادرێت و بکەرانى لەگەڵ کاربەدەستان پەیوەندییان هەیە بۆیە سزا نادرێن.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن، پەدەکە ناتوانێت كەمپی ئاوارەكان بپارێزێت و ڕێگەش نادەن بگەڕێنەوە بۆ شەنگال لەکاتێکدا ئەو گەلەی بەهۆی فەرمانەوە وەك كۆچبەر ڕوویان لەو ناوچانەیە كردووە پارێزراو نین و هەموو ڕۆژێك ڕووداوێكیان بەسەردا دێت.
لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، داوامان لە تەواوی گەلەكەمان ئەوەیە، كە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەى بەرامبەرییان ئەنجام دەدرێت بوەستنەوە، چونکە ئەوانەى ئاوارەبوون هیچ شوێنێك بۆیان پارێزراو نیە و گەلەكەمان دەكوژرێن، هەر بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە سەر خاكی خۆیان.
ف.ق