ئەنجومەنی عەرەبەکانی شەنگال: پێویستە حکومەتی عێراق سەروەری خاکەکەی بپارێزێت

ئەنجومەنی عەرەبەکانی شەنگال داوای لە دەوڵەتی عێراق کرد کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک سەروەری خاکەکەی بپارێزێت و جەختیان کردەوە کە ورە و ئیرادەیان لە هەموو جۆرە هێرشێک بەهێزترە.

 

ئەنجومەنی عەرەبەکانی شەنگال لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی خەلەفی هەرێمی بارێ راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە لە لایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی عەرەبەکانی شەنگال ئەبو سەقەرەوە خوێندرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەسەر ناوی ئەنجومەنی عەرەبەکانی دەوروبەری شەنگال هێرشەکەی سەر شەنگال شەرمەزار دەکەین. دەوڵەتی عێراقیش شەرمەزار دەکەین و پێیان دەڵێین کە سەروەری خاکی خۆیان بپارێزن. ئێوە لەو دەوڵەتانە نین کە هەر کەس بێت و خاکەکەیان داگیر بکات".

سەقەر رایگەیاند کە ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کراوە شوێنێکی مەدەنیە و وتی، "یەک لە گوندەکانی خانەسۆرە. وەک هەموان دەیبینن، لە ناو خانەوادەکاندا هێرشەکە ئەنجامدراوە. بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن. ئەوە کردەوەیەکی سیاسیە، دەستی زۆر لایەنی سیاسی تێدایە. لەبەر ئەوەی دەبینن ئاوارەکان بەو پەڕی هێزەوە دەگەڕێنەوە، بۆیە وادەکەن. بۆ ئەوەی کۆجبەران نەگەڕێنەوە، هێرش دەکەن".

راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوام بووە: "لەسەر ناوی گەلی شەنگال، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چ عەرەب، چ کورد، چ ئێزدی، ئێمە وەک بنەماڵەیەک لەسەر ئەم خاکە دەژین. عێراقێکی بچوکمان لەسەر خاکی شەنگال دروست کردووە. ئێمە هیوادارین کە عێراقیش شەنگال بۆ خۆی بە نمونە بگرێت".

لەسەر ناوی گەلی عەرەب ئێمە داوا لە رێکخراوە نێونەتەوەیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە دەنگ هەڵبڕن، بەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە. هەموو جارێک کە دەوڵەتی تورک پەلاماری شەنگال دەدات کەس دەنگی لێوەنایات".

ئەنجومەنی عەرەبەکانی شەنگال بە بیری هێنایەوە کە ٧٤ جار فەرمان بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا جێبەجێ کراوە و رایگەیاند: "ئێمە ئەو هێرشانە لە فەرمانەکان بە جیا نابینین. درێژەی فەرمانەکانن. جارێکیتر بە دەوڵەتی عێراق دەڵێین کە کایەی ئاسمانی خۆی بە رووی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکدا دابخات. ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون شوێنی سەربازی نین، شوێنی بەخێوکردنی مەڕو و ماڵاتن".

لەسەر ناوی عەرەبەکانی شەنگال جارێکیتر هێرشەکان شەرمەزار دەکەین و داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین سەروەری ئاسمانی خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە داوی سیاسییەوە".

لە کۆتایی راگەیەندروەکەدا هاتووە کە ئەو ماڵەی هێرشەکەی کراوەتەسەر ماڵی قاسم ملکۆی ئێزدیە و راگەیەندرا، "ئێمە وەک عەرەبەکانی نیشتەجێی ناوچەکە، کە ئەمڕۆ ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرا، رایدەگەیەنین کە با هەموو کەس بزانێت کە ئەو بۆردومانە پەیامێک دەداتە گەلەکەمان کە لە کەمپەکانن بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە. بەڵام ئێمە لێرەین دەڵێین، ئیرادەمان لە هەموو جۆرە هێرشێک بەهێزترە. گوێ لە قسەکانی کەس مەگرن، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆتان".

هـ . ب