پاش ئەوەی دوو ساڵ خرایە زیندان، دوێنێ دادگای هەولێر سزای چوار زیندانی بەسەر شێروان شێروانی سەپاند، مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، دژی ئەم بڕیارە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین وەسفی دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەنەکە، ئەم بڕیارە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە خراپی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: " پاش ئەوەی دادگای کەتنی ھەولێر بۆ جاری دووەم ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانی حوکمدا، وادەکات جارێکی دیکە ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی سەدان نیشانەی پرسیار لەسەر ئازادیی وتن و ئازادی ڕەخنە و بڵاوکردنەوە لە کوردستان دروست بێت. سزادانەوەى شێروان شێروانى بۆ جارى دووەم وادەکات دیسانەوە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە تایبەتەکان بە مافی مرۆڤ و رۆژنامەگەری وەك جارانی تر ژینگەی ئازادیی ھەرێمی کوردستان بە ترسناک لە قەڵەم بدەنەوە و لەوەشدا بوختانیان نەکردووە".
ڕاگەیاندراوەکەی یەنەکە جەخت دەکاتەوە دەبێت دادگاکان دووربخرێنەوە لە فشارە سیاسییەکان و دەڵێت: "ئومێدی هەموومان وابوو و وایە چیتر دادگاکان نەکەونە ژێر کاریگەریی و گوشاری فەزای سیاسیی و دەرچەیەک بھێڵنەوە بۆ وتن و ڕەخنە تا لەمە زیاتر ناو و ناوبانگی ئازادیی بڵاوکردنەوە لە ھەرێمەکەمان ناشیرینتر نەبێت".
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت، نوسین و بڵاوکردنەوەی تاوان نییە و نابێت کەس بەم هۆکارە بخرێتە زیندان و دەبێت ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت. پێویستە چالاکوان و ئەهلی قەڵەم ڕێزیان لێ بگیرێت نەوەک بخرێنە زیندان.