ئێران هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردومان کرد

دەوڵەتی ئێران بە موشەک هێرشی کردەسەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان. بە پێی وتەی کاربەدەستان کەسێک ژیانی لەدەستداوە و لانیکەم ٨ کەسیش برینداربوون.

سوپای پاسداران بۆردومان بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵەی کرد کە باشوری کوردستان جێگیرن.

کاربەدەستانی خۆجێیی رایانگەیاند، کە پێنج موشەک لە بینای حدکا لەناوچەی کۆیەی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو هێرشەدا کەسێک ژیانی لەدەستداوە و ٨ کەسی تریش برینداربوون. هێرشەکە کاتژمێر ٠٨:٣٠ بە کاتی ناوچەکە ئەنجامدراوە.

هێرشەکەی دیکە کرایە سەر گوندی زڕگوێزی سلێمانی و تیایدا بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کرایە ئامانج. لەبارەی ئەو هێرشەوە زانیاری رانەگەیەندراوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ مەسرور بارزانی هێرشەکانی کۆیە و زڕگوێزی شەرمەزار کردووە و وتی، "هێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراقە".

بۆردومانی برادۆستیش کرا

هاوکات کاتژمێر ٠٩:٣٠ زۆزانەکانی سەقەر و بەربزێن لە هەرێمی برادۆستیش لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆردومان کران.

هـ . ب