یەرەکە: دەوڵەتی فاشیستی تورک، لە پێنجوێن شوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی بوردومان کرد

یەرەکە رایگەیاند: لە هێرشەکانی ئەم دووایەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی پێنجوێن، شوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی کراوەتە ئامانج و داوای لە گەلی کورد کرد دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە هەڵوێستیان هەبێت.

ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە بارەی هێرشەکانی رۆژی ٢٧ی کانونی یەکەم/ دیسەمبر، کە دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی پێنجوێن ئەنجامیدابوو، رایگەیاند، لەو هێرشانەدا شوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی کراوەتە ئامانج و زیانی زۆر بەر رەز و باخی هاووڵاتیان کەوتووە.

جەختیشی کردووەتەوە: " ئەو شوێنانەی کە فرۆكەی شەڕكەر و بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیرکەری تورك بۆردومانی كردوون، شوێنی نیشتەجێ هاووڵاتیانی مەدەنییە و هێزەكانی ئێمە دوورن لەو ناوچانەوە. بۆیە پێویستە گەلەكەمان لەهەرچواربەشی كوردستان و دەرەوەی وڵات و باشوری كوردستان و تایبەت گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر بە دەستدرێژیەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بۆ سەر گەلەكەمان خاوەن هەڵوێست بێ."

دەقی راگەیەندراوەکەی یەرەکە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی فاشیستی تورک، لە پێنجوێن شوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی بوردومان کرد

دەوڵەتی داگیركەری تورك لەچوارچێوەی كۆنسێپی دژە كورد و بەئامانجی قڕكردنی گەلی كورد و دەستكەوتەكانی و بەهۆی دۆڕانی جەندەرمەكان لەبەرەكانی شەڕ و بەرخۆدان لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان لەهەرێمەكانی شەڕ لەئاڤاشین، زاپ و مەتینا و خواكورك هەموو پێوانە و یاساكانی شەڕی ژێر پێ ناوە و بەهێرش كردنە سەر ژێرخان و سەرخانی گەلەكەمان لەرۆژئاوا و باشوری كوردستان و بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی دەیەوێت قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە، تەنانەت بەهۆی هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەم چەند رۆژەی رابردوودا بۆ سەر گەلەکەمان لەباكور و رۆژهەڵاتی سوریا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کە لەناویاندا سینەماكاری كورد "مەنسوور كەریمیان" كە لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەڵگەكردن و تۆماری كارەساتەكان و ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان چووبووە رۆژئاوا، دەكەنە ئامانج و شەهید دەبن.

واتا دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی ترسنۆکانە، ناوەندەكانی رۆشنبیری، پەروەردە و خزمەتگۆزاری و شوێنی نیشتەجێ هاوولاتیان بەشێوەیەكی دڕندانە و بەچەكی قەدەغەكراو و فرۆكەی بێ فرۆكەوان دەكاتە ئامانج و سڵ لەهیچ پێوانەیەکی مرۆیی ناكاتەوە و رای گشتی جیهانیش لەبەرامبەر ئەو هێرشە هەمە لایەنەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێدەنگە. بۆیە جارێکی دیکە ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین و ستایشی بەرخودانی بێ وێنەی گەلەکەمان دەکەین.

هەر لەچوارچێوەی ئەو هێرشانەش فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی تورك؛ دوێنێ، رێکەوتی ٢٧ی كانوونی یەکەم لەكاتژمێر نۆ تا دووی پاش نیوەڕۆ سێ جاران دەوربەری گوندی كانی میرانی سەر بەشارۆچكە پێنجوێن بۆردومان کرد و هاوكات لەنێوان كاتژمێر دوو و نیو بۆ سێ و بیست خۆلەك هەمان رۆژ دوو جاران دەوروبەری گوندی ساڵیاوا بۆردومان کرد. لەئەنجامی ئەو بۆردۆمانانە هیچ زەرەر و زیانێكی گیانی نەكەوتووەتەوە، بەڵام زەرەر و زیانی زۆر بەر رەز و باخی هاووڵاتیان و سروشتی ناوچەكە كەوتووەو بووەتە مایەی نیگەرانی خەڵکی ناوچەکە.

تایبەت ئەو شوێنانەی کە فرۆكەی شەڕكەر و بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیرکەری تورك بۆردومانی كردوون، شوێنی نیشتەجێ هاووڵاتیانی مەدەنییە و هێزەكانی ئێمە دوورن لەو ناوچانەوە. بۆیە پێویستە گەلەكەمان لەهەرچواربەشی كوردستان و دەرەوەی وڵات و باشوری كوردستان و تایبەت گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر بە دەستدرێژیەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بۆ سەر گەلەكەمان خاوەن هەڵوێست بێ".

هـ . ب