ئەرزینجان: دەبێت ژنان دەنگی خۆیان بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغانی فاشیست بەکاربهێنن

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بانگەوازی هەبوو و و وتی " پێویستە ژنان دەنگی خۆیان بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغانی فاشیست بەکاربهێنن."

بەسێ ئەرزنجان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە لەبارەی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١٤ی ئایار کۆتایی پێهات. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ خولی دووەم مایەوە. ئێوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەو تابلۆیەی چۆن هەڵسەنگێنن، کە لە کوردستان و تورکیا دەرکەوت؟

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا لە ۱٤ی ئایاری ۲۰۲۳ ئەنجامدران و ئەنجامەکان ئاشکرا بوون. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بۆ خولی دووەم مایەوە. ئاکەپە دەنگەکانی کەمیکردووە.

دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە بە دروستکردنی درۆی گەورە گەورە، چەواشەکاری، فێڵبازی و تەڵەکەبازی و زۆر شێوازی دزی قۆناغی هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەبرد. لەسەر بنەمای سیستەمی نوێی هەڵبژاردن بە ئەنجامدانی یارییە گەورەکان و پیلانگێڕییەکان، ئەو ئەنجامەی ئێستای هەڵبژاردنەکانیان بۆ بە بەدەستهاتووە. لە ڕاستیدا دۆڕابوون، بەڵام بە تەڵەکەبازی و ساختەکاری سەرکەوتن. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ٤٩.٥ لەسەدا دەنگ بۆ ئەردۆغان نیشاندرا، بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕێژەی ڕاست نین، بەڵکو ئەنجامێکی ئامادەکراوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا هەڵخەڵەتێنێت، بارێکی دەروونیی لە شێوەیە دروست بکات و ئۆپۆزسیۆن بێ ورە بکات، ئەم ژمارەیە بە مەبەست بۆی دانراوە. هەر چۆن ئەردۆغان پارە و سامانی وڵاتی بە شێوەی جیاجیا دەدزێت، بە هەمان حسابات و عەقڵییەتەوە دەربارەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کار دەکات. لە تورکیا و باکوری کوردستان گەلەکەمان بە بڕیارێکی گەورەوە دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز دا. له کوردستان سەرکەوتنێکی گرنگ بەدەستهێنرا. بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە ژنان و گەلەکەکەمان دەکەم، کە دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز دا. بێگومان گەلەکەمان، ژنان و گەنجانمان ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەریان لەم پرۆسەیەدا گێڕا و زەحمەتێکی زۆریان کێشا.

سەرەڕای فشار، ئەشکەنجە، دەستگیرکردن، داخستنی حیزب، هەژاری، کۆچبەری و سیاسەتی جەنگی تایبەت، گەلەکەکەمان هەڵوێست و سووربوونی بەشێوەی بەرجەستە بەلای دیموکراسی و ئازادی دا دەربڕیوە و بە پێداگرییەوە بڕیاری خۆی بۆ تێکۆشان خستە بەرچاوی هەموان. لە کوردستان لە ئاستێکی جدیدا کولتوورێکی دیموکراسی، هۆشمەندییەکی نەتەوەیی و ئاستێکی ئازادی پێکهاتووە. سەرەڕای هەمووفشارەکان گەلەکەمان و ژنان  بۆ دیموکراسیکردنی تورکیا ڕەنگ و دەنگی خۆیان بە بەهێزی لە هەڵبژاردنەکاندا نیشان دا.

ئێوە لەم هەڵبژاردنەدا ئێوە چۆن بیر لەبارەی نوێنەرایەتیی ژنان لەنێو هێزەکانی دیموکراسی و ئازادییەکاندا دەکەنەوە؟

نیوەی ئەو ئەندامانەی پارتی چەپی سەوز، کە هەڵبژێردران ژنن. بۆ یەکەم جار لە تورکیا، پارتێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان بگاتە رێژەی سەدا ٤٩ بەم شێوەیە بچێتە ناو پەرلەمان.

لە زۆرێک لە ناوچەکاندا ژنانی پاڵێوراو لە ناوی پارتی چەپی سەوز دا لە ریزبەندی یەکەمدا بوون و پلەی یەکەمیشیان بە دەستهێنا و سەرکەوتن. بۆ نموونە، لە قەرس و ئەرزرۆم، کە دوو ناوچەی زۆر گرنگ و هەستیارن، پاڵێوراوانی ژن سەرکەوتن، بۆیە هێڵی دیموکراسی لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتی کرا. بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنی تورکیادا، پەیماننامەی هەڵبژاردنی ژنان ڕاگەیەندرا، بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ژنان کرایەوە، کۆبوونەوەی جەماوەری و میتینگی ژنان بەڕێوەچوو، لە نێو کاندیدە ژنەکاندا ژنان لە هەموو تەمەنەکان، پیشەکان، گەل و باوەڕەکان، لەسەر بنەمای یەکسانیی ژنان کاندید دانرابوو. لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەدا ژنان بە ڕێزەی سەدا بیستی پەرلەمانتارەکانی تورکیا پێکدەهێننن، پارتی چەپی سەوز ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە بەرزکردنەوەی ئەم ڕێژەیەدا هەبوو. لەسەر ئەم بنەمایە بە خەباتی ئازادی ژنان لەنێو حیزبەکانیش دا نەریتی هەدەپە بەڕێوەدەبرێت، نوێنەرایەتیی فرە لایەن، گرنگ و دیموکراتیک دروست بووە. هێڵی ئازادیپارێزیی ژنان بۆ یەکسانی و سەربەخۆیی لە بواری سیاسەتدا نیشان دراوە. هێزی ژنان، ئیرادە، توانا، هێزی ڕێکخراوەیی و کاریگەری ژنانیان دیاریکرد. بۆیە خەبات بۆ ئازادی ژنانی کورد و ژنانی تورک نەک تەنها لە تورکیا دەمێنێتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهانیش دەکات.

بۆیە ئەم دەستکەوتانە، کە لەلایەن ژنانەوە بەدەست هاتووە زۆر گرنگ و بەنرخە. ئێمە ئەم سەرکەوتنەی ژنان پیرۆز دەکەین. هەدەپە، پارتی چەپی سەوز، کە لە هەمان کاتدا پارتی ژنانە، لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. متمانە و ڕێزگرتن لە ژنان لەم هەڵبژاردنەدا زیادی کرد. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ دا، ئاستی نوێنەرایەتیکردنی یەکسانی ژنان، کە پارتی چەپی سەوز لە بەرەی ژناندا نیشاندا، وەک دەستکەوتێکی گرنگ لە خەباتمان بۆ ئازادی ژنان چووە ناو مێژووەوە. پارتی چەپی سەوز بە سیستەمی هاوسەرۆکی و نوێنەرایەتیکردنی یەکسان جارێکی دیکە نوێنەرایەتییەکی بەهێزی دیموکراسی و ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدەستهێنا.

دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە بەردەوامە لە گۆشەگیری توندی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد. لە دژی گۆشەگیری چ بەرپرسیارێتیەک دەکەوێتە ئەستۆی هێزە دیموکراتییەکان؟ دەکرێت دوای هەڵبژاردن دۆخێکی چۆن ڕووبدات؟

وەک دەزانرێت، ڕێبەرەکەمان لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە سیستەمێکی توندی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدایە، کە هەموو ڕۆژێک قورستر دەبێت و زیاتر لە دوو ساڵە ئەو دۆخە بە شێوەیەکی ڕەها بەردەوامە. بۆ ئەوەی تورکیا دیموکراتیک بکەین، بۆ بەدیهێنانی ئازادیی ژنان، بۆ چارەسەری دیموکراسی بۆ کێشەی کورد، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە شێوەیەکی ستراتیژی ڕۆڵ و شوێنی خۆیان لە ژیاندا بگرنە، بۆ ئەوەی هەموو باوەڕکردن لەسەر بنەمایەکی یەکسان و ئازاد بەردەوام بن، ڕێبەرەکەمان لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا  ئیرادە و باوەڕی و داهێنانێکی بێهاوتا هەڵوێستێکی گەورەی بۆ ئازادی و بەرخۆدان نیشان دەدات. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، مۆدێلی نەتەوەیەکی دیموکراتیکی لەسەر ئەم بنەمایە دروستکرد.

لە دژی ئەم هەڵوێستە و هەڵوێستی ئازادیپارێزانەی ئەلتەرناتیڤی ڕێبەر ئاپۆ، لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا ڕژێمی جەنگی تایبەتی تورک ڕێبەرەکەمانی کردە ئامانج. حیزبەکانی نێو هاوپەیمانیی کۆمار و میللەت، هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حیزبانە هەوڵیان دا بە شێوەیەکی بێ ئەخلاقانە، قێزەونانە، بێ ویژدانانە ڕێبەر ئاپۆ وەک ئامرازێکی هەڵبژاردن بەکاربهێنن.

ئەوان هەوڵیان داو ڕۆڵی ئازادیپارێز و دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ پێچەوانە بکەنەوە، کە بۆ ژنان، گەنجان، گەلانی تورکیا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکیدەهێنێت.

هاوپەیمانییەکانی جمهور و میللەت لە ئاستە جیاوازەکاندا و بە وتە جۆراوجۆرەکانیان پڕوپاگەندەی قورسکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمانیان کرد. ئەوە لە کاتێکدایە ڕێبەرەکەمان هەمیشە بە پەیامەکانی لە ئیمراڵی زەمینەی خەباتی هێزە دیموکراسی و ئازادی بەهێزتر کردووە. هەوڵیدا هەناسە بە بەر ێزەکانی دیموکراسی و ئازادیەکانی تورکیادا بکاتەوە. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرگرینامەکان و نۆتەکانی چاوپێکەوتنەکانی، کە لە نێو سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمڕاڵیدا ئامادەی کردون، هێڵی ڕێگای سێیەمی لە تورکیا دامەزراند و پێشەنگایەتیی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، بۆ هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی کرد. بە پێشنیار و نەخشەڕێگاکانی، بەشدارییەکی گرنگی لە خەباتی دیموکراسیی تورکیادا کرد. لەبەر ئەوە، وەک پێشتر وتمان، هەڵسوکەوتی ناهەقانە، بێ ئەخلاقانە و و بێ ویژدانانە بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ، کە لە گۆشەگیرییەکی ڕەها و تونددایە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانە هەڵە، درۆ و تۆمەت و بانگەشانەدا، لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەدا، کە دەیاەوێت تێگەیشتنێکی هەڵە لەسەر  کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ دروست بکەن، پێویستە هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی هەموو کات و لە هەموو شوێنێکدا وەڵامێکی بەهێز بدەنەوە. ئەمڕۆ لە تورکیا، پێوەری بنەڕەتیی شۆڕشگێڕی، نیشتمانپەروەری و دیموکراسیی ڕاستەقینە بە هەڵوێست بەرامبەر بە لێدوانە هەڵەکانی دژی ڕێبەر ئاپۆ نیشان دەدرێت.

لەبەر ئەوە، بنەڕەتیترین ئەرکی نیشتمانپەروەری، شۆڕشگێڕی، مرۆیانە، ویژدانیانە و ئەخلاقییانە ئەوەیە، کە لە ڕاستی ڕێبەرەکەمان تێبگەین و ڕوونی بکەینەوە و بیپارێزین. لەم هەڵبژاردنەدا گەلەکەمان هەم بە هەڵوێستی خۆیان و هەم بە وتەکانیان بە بەهێزترین شێوە داکۆکییان لە ڕێبەرەکەمان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبوایە هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی هێشتا زیاتر بە ڕیکخستنکرا و بە کاریگەرانەتر داکۆکیان لە ڕێبەر ئاپۆ بکردایە. پێویستە بۆچوونەکان، پڕۆژەکان ، مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمان زیاتر بخستایەتە بەرنامەی کاری خۆیانەوە. پێویستە بە باشی لەوە تێبگەین؛ گۆشەگیری سەر ڕێبەرەکەمان گەورەترین گورزە لە دژی هێڵی ئازادی و دیموکراسی. گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمان، گۆشەگیریی کرێکاران، گەنجان، ژنان، هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکانە. ئازادی ڕێبەرەکەمان واتە ئازادیی ژنان، گەلانی تورکیا، گەنجان، گروپە ئاینییەکان، کرێکاران، بە واتای ژیانێکی ئازاد و یەکسان دێت، بۆیە خەبات بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمان بۆ هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی دەبیت لە هەموو شوێنێک و هەمیشە ڕۆژەڤ و ئەجێندای سەرەکی بێت.

دوای هەڵبژاردن ئێوە داهاتووی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی چۆن دەبینن؟ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەو رووەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لەناویدایە بە گشتی ئەو ئەنجامانەی بەدەست نەهێنا کە پلانی بۆ دانابوون. بێگومان ئەو دۆخە دەبێت بە شێوەی هەمەلایەنە هەڵبسەنگێندرێت. دوای گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بێگومان ئەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ئەوانەوە هەڵدەسەنگێندرێت.

لە تورکیا هێرشی پاکتاوکاری سیاسیی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە، رژێمی فاشیست دەزنرێت. بەراستیش لە تورکیا ئەگەر لە بری هەدەپە، پارتی چەپی سەوز پارتێکی دیکە بووایە، ئەو ئەو پارتە بە تەواوەتی پاکتاو دەبوو.

هەربۆیە خاوەنداری ژنان، گەلانمان، گەنجانمان، عەلەویەکان، گروپە باوەڕییەکان، رەنجدەران، سۆسیالیستەکان لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی زۆر گرنگە. دەبێت بەر لە هەموو شتێک ئەوە بوترێت. ئەو پارتانەی لەناو هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدان، پەرلەمانتاران، خەباتکاران، رێکخستنەکانیان هەوڵی زۆریان دا. بێگومان ئەوە هەڵوێستێکی بەنرخ و جێگەی سڵاو و دەستخۆشییە.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی هاوپەیمانیەکی ئاسایی نییە. هاوپەیمانیەکی بەو جۆرەیە کە لە بەرامبەر فاشیزمدا بە ئیرادە، بڕوا و رەنجی گەورەوە خۆڕاگری دەکات. تەنیا هاوپەیمانێتیەکی هەڵبژاردن نییە، لە هەمان کات هاوپەیمانێتیەکی تێکۆشانە. لە ئێستا بە دواوەش هەم لە پەرلەمان و هەمیش لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرخودانی گەورە، گیانی هاوڕێیەتی، رێکخراوەیی، هاوپەیمانی و بەرخودان درێژەی دەبێت. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا، بۆ ئازادی، دادپەروەری و ژیانێکی ئیکۆلۆژیک رۆڵی ستراتیژیکی خۆی بە شێوەی بەرچاوتر درک پێبکات، ئەو رۆڵە مێژووییەی خۆی جێبەجێ بکات.

لە رێگەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ەوە گرنگی ئەو هاوپەیمانیە، پێویستی بە تێکۆشانێکی یەکگرتووانەی لەو چەشنە زیاتر دەرکەوت. لەسەر ئەو بنەمایە ئەو ئەنجامەی ئەو ئەنجامەی کە لە هەڵبژاردندا هاتەئاراوە، بەرەوپێشبردن و گەورەکردنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەستنیشان دەکات. لە تورکیا رژێمی ئازادیپارێز و دیموکراتیک تەنیا بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی تورکیا و کوردستان، ژنان، گەنجان، رەنجدەران، عەلەوی، لایەنە ئیسلامییە دیموکراتیکەکان دەتوانێرێت دەستەبەر بێت.

رۆڵی و ئەرکی ستراتیژی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێت بە قووڵبوونەوەی زیاتر تێگەیشتنی لەسەر سازبکرێت. بێگومان هەڵسەنگاندنی کەموکوڕییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، رەخنەلەخۆگرتنی ئەوان بۆ سەرکەوتنیان لەئێستا بەدواوە گرنگە.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە دەرەوەی هاوپەیمانی کۆمار و گەل هاوپەیمانی سێهەمە. هەربۆیە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و لەجێدایە. بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بڵێت کە قووڵبوونەوەیەکی گەورە ئەنجامدراوە و سیاسەتی خۆبەڕێوەبەری هێڵی سێهەم چەسپاوە. سیاسەتی رێگەی سێهەم تەنیا رەخنەگرتن لە پراتیکی دەسەڵاتداری ئێستا یاخود گۆڕینی کرداری دەسەڵاتداری نییە. هێڵی سیاسەتی رێگەی سێهەم بە رەخنەگرتن بە واتای هێنانەدی دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک. گرنگ بوو کە کێشەکانی دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا بخەنە بەرباس و چارەسەری ئاڵترناتیڤ دەستنیشان بکەن. هەروەها نەک گردبوونەوە، بەڵکوو پێویستی بە خۆگەیاندن بە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەبوو. سەرباری ئەوەی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی درێژ کەوتەبەرباس، کارەکانی هەڵبژاردن بە ماوەیەکی کەم بەر لە پرۆسەکە ئەنجامدران. بۆ ئەنجامێکی سەرکەوتووانەتر پێویستی بە رێکخراوەیی و چالاکی بەرفراوان لە کوردستان و تورکیا هەیە. لەگەڵ گروپەکان، ئەنجومەنەکان، ئەکادیمیەکان، رێکخراوە مەدەنییە جەماوەرییەکان دەتوانرا کاری پێکەوەی زیاتر بەهێز بکرایە. سیاسەتێک و سیاسەتمەدارێکی دوورەپەرێز لەگەل نابێت. ئەگەر بەو جۆرە بێت ئیتر هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پارتەکانی سیستم نامێنێت. رێک لە پارتەکانی سیستم دەچن. نابێتە جێگرەوە و ئاڵترناتیڤ. دەبوایە دیموکراسی راستەوخۆ لە گوندەکانەوە تا شارەکان باشتر ئەنجام بدرایە. پارتە سیاسیەکان کاتێک  لەناو کۆمەڵگادا لە ناو کۆمەڵگادا بن و لەگەڵ ئەواندا بن ئەو کاتە پشتیوانییەکی زۆر بەهێز وەردەگرن.

هەربۆیە لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە سیاسەتدا زیاتر قورسایی بخەنە سەر هێڵ و رێگەی سێهەم، نوێنەرایەتی ئەوە لە پراتیکدا بکەن. وەک رێبەرایەتیمان زۆر جار باسی لێوەکردووە، نەهێنانەدی بە هۆی دانەمەزراندنی ئەکادیمیاکانی سیاسەت و کەموکوڕی لە کاری پەروەردەدایە. لە سەر بنەمای بەکرداری کردنی ئەکادیموکبوون، هێڵی رێگەی سێهەم، سیاسەت، دیپلۆماسی، رێکخستن و چالاکی دەتوانرێن بگەیەندرێنە ئەنجام. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستی بە نوێبوونەوە، گۆڕانکاری و وەرچەرخان هەیە.

لە شکڵگرتن و قەوارەگرتنی سیاسەتی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا هۆشمەندی یەکێتی لەسەر بنەمای جیاوازییەکان بوونی هەیە. لەم رووەوە چی دەبێت با ببێت، دەبوایە ئەو پارتانەی لە ناو هاوپەیمانێتیدان لە چوارچێوەی یەک پارتدا بچوونایە هەڵبژاردنەوە. هەروەها دەبوایە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بیتوانیایە بەش و لایەنی بەرفراوانتر بۆلای خۆی رابکێشێت. بۆ نمونە دەبوایە ئەو لایەنانەی بەرگریی لە ئیسلامی دیموکراتیک دەکەن، بۆلای خۆیان رابکێشرێن.

هەروەها گرنگە کە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی پێکەوە گفتوگۆی ئایدۆلۆژی و رۆشنبیری بکەن. گرنگیشە مرۆڤ، رێکخستن و ئەو پێکهاتانەی کە فەلسەفە و رامانی رێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی قەبوڵ دەکەن، گفتوگۆ و پەروەردەی قوڵتر بەرەوپێش ببەن. لە دامەزراندنی نەتەوەی دیموکراتیکدا، بەرەوپێشبردنی لایەنەکان پێویستی بە پەروەردەیەکی جددی هەیە.

بە کورتی جارێکی دیکە لەم هەڵبژاردنانەدا ئاشکرابوو کە دەبێت گرنگی بدەن بە خەباتی هزری و هۆشمەندی. هەروەها پێویستە کە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی خۆی بگەیەنێتە ئەو بەشە زۆر گەورانەی کە تائێستا خۆیان پێنەگەیاندوون و دەبێت بەم جۆرە رێکخستنبوون ساز بکەن. دۆخی بنچینەیی کە لە هەڵبژاردندا هاتە ئاراوە ئەمەیە، کە لەسەر هەمان جەماوەر زۆر پارتی چەپ چالاکی دەکەن. بە تایبەتی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پارتە چەپگرەکان، دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان لەسەر هەمان جەماوەر کاردەکەن، ئەوەش دەبێتە مایەی زیانی گەورە و پارتەکانی ناو سیستم سەردەکەون.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە دژی هاوپەیمانی کۆماری فاشیست دەبێت هاوپەیمانی زۆر بەرفراوانتر بەرەوپێش بات، کۆمەڵگا و تەنانەت شانە بچوکەکانی رێکبخات و گوڕ بە بەرخودان بدات.

ئێوە لەو هەڵبژاردنانەدا بەرفراوانکردنی هاوپەیمانی فاشیستی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەگەڵ پێکهاتەکانی وەک هودا-پار و پارتی رەفاه چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەوە بەو واتایە دێت کە لە سەدەم ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکدا رژێمی شەڕی تایبەتی فاشیست بە قوڵی درێژەی پێدەدرێت و کارەکانی بەکردەوەکردنی خەونی ئیمپراتۆری عوسمانی نوێ ئەنجام دەدرێن. لە ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک ئاکەپە هاتەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک لە کەمالیزم پاککرایەوە و لە بری ئەوە ئیسلامییەکی رەش-سەوز و فاشیزمێک کە دوژمنایەتی ژنان دەکات هات و لەگەڵ ئەوەش قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. هەنگاوی دووەمیش بە بەرەوپێشچونی هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە هەڵگیرا. ئێستاش پارتی بچوکی وەک هوداپار و رەفاه بەشداری ئەوەبوون و بەم جۆرە رێکخستنبوون و هاوپەیمانی بەرەوپێش برا. لەم قۆناغە نوێیەدا کەمالیزم بەتەواوەتی کۆتایی پێدەهێندرێت و هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی زیاتر دەکرێنە ئامانج. لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە بۆ دامەزراندنی قوڵی فاشیزم هۆشمەندی هاوپەیمانی و رێکخستنە پێشەنگەکانی بونیادنراوە.

ڕێکخستنەکانی وەک هودا_ پار کە بە دڕندانەترین شێوە مرۆڤ دەکوژن، پەیوەندی دەکەن بە هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپەوە، ئەمەش ئاماژەیە بەو پاشەڕۆژە مەترسیدارەی چاوەڕێی تورکیایە. ئاشکرایە هودا_ پار بە دڕندانەترین شێوە خەڵکی لە کوردستان دەکوشت، ئەم ڕێکخستنە فاشیست و پاشڤەڕۆیە دەهێننە پێشەوە و شەرعییەتی پێ دەبەخشن. بێگومان پارتەکانی وەک ئاکەپە و مەهەپە و هودا_ پار و پارتی ڕەفاهـ هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا دژی گەلان و ژنان و کرێکاران و گەلی کورد، هاوپەیمانیی ئەم پارتە فاشیستانە، مانای پێکهاتنی هێزێکە، تێیدا تاریکپەرست و تاڵانچی و دەستدرێژیکار و ستەمکار و دووڕوو یەکدەگرن. هێزە ستەمکارەکان، لەڕێگەی درۆ و دووڕیی و ستەمەوە، دزیی و تاڵانییەکانیان ڕێکخستووە، هێزی هاوپەیمانییەکەش هەر لەم خاڵەدایە. ئەم هاوپەیمانییە، پڕە لە نەژادپەرست و مەزهەبی و زایەندپەرست. کاتێک مرۆڤ لەم گۆشەیەوە دەڕوانێت، دەبینن ئامانج لە پێکهاتنی هاوپەیمانیی کۆمار، ئامانجێکی ستراتیژی و ترسناک و قێزەونە، ئەم هاوپەیمانییە گەلان و ژنانی تورکیا تەنگاو دەکات.

کتومت وەک تاڵیبان و داعش، هاوپەیمانیی کۆماریش باوەڕی بە هەبوون و شوناسی ژن نییە، تەنانەت پەیماننامەی ئەستەنبوڵ قبووڵناکەن کە پەیماننامەیەکە لەسەر هێڵی لیبراڵی. هەروەها لە هەموو دەرفەتێکدا دژایەتی خۆیان بۆ ژنان دەردەبڕن، هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە و هودا_پار و پارتی ڕەفاهـ لەبنەڕەتدا هاوپەیمانیی پیاوانە دژی ژنان.  

زیاتر لە هاوپەیمانیی میللەت، دەیانەوێت یەکێتییەک لەسەر هێڵێکی ئایدۆلۆژی بونیادبنێن، دەیانەوێت سەدەی بیست و یەک بکەن بە سەدەی فاشیزم.

بێگومان ژنان و گەل و هەموو هێزە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن دژی ئەم هاوپەیمانییە فاشیستییە.

هاوپەیمانیی میللەت لەبەرامبەر ئەم شتەدا لەکوێیە؟ پاشەڕۆژی ئەم هاوپەیمانییە چۆن دەبێت؟

هاوپەیمانیی میللەت لەپێناو هەڵبژاردنەکان پێکهات، هەرچەند بەشێک لە بۆچوونەکانیان چوونیەکە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکانیان سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان جیاوازە.

ڕێبازی هاوپەیمانیی میللەت ئاڵۆز و ناڕوونە، جەهەپە نایەوێت لەڕێگەی ڕەخنەی ڕادیکاڵەوە ئەم ڕژێمەی ئێستە بگۆڕێت، پرۆژەیەکی سەراپاگیری نییە سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی کورد، ڕێبازەکەی سەبارەت بە ژنان، ئازادیخواز و ڕادیکاڵ نییە.

هاوپەیمانیی میللەت پێی وایە، لەڕێگەی بەخشینی هەندێک ماف و ئازادیی دیموکراتیکی بەشەکی، دەتوانێت بگاتە دەسەڵات، پاشان دەتوانێت ڕژێمی کەمالیست لەنێو دەوڵەتی تورکی بپارێزێت. بەڵام لەبەرئەوەی هاوپەیمانیی میللەت بەم جۆرە فاشیست و نەژادپەرست و دژە ژنە، مەحاڵە بتوانێت دەوڵەت و دامەزراوەکان و دەسەڵات وەربگرێت، بەهۆی ئەم شێوازی ئۆپۆزیسیۆنییەی پیادەی دەکات، هاوپەیمانیی میللەت ناتوانێت هاوپەیمانیی کۆمار ببەزێنێت. پێویستە هاوپەیمانیی میللەت داخوازی هەرە ڕادیکاڵ پێشبخەن لەپێناو ئازادی و دیموکراسی دژی ئەم ڕژێمە فاشیستەی ئێستەی تورکیا، پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە خۆی ڕێکبخات. لەم بارەیەوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، ئەندامی پارتەکانی نێو هاوپەیمانیی میللەت دابەش دەبن، لەنێو پارتەکانیان و لەنێو خۆیاندا هەڵوێستەکانیان ڕوون دەکەنەوە، هاوپەیمانیی میللەت لەبەردەم دوو ئەگەر دایە: ئازادی و دیموکراسی یان دەکەوێتە نێو بلۆکی فاشیزمەوە. بێجگە لەمە، مەحاڵە بە چالاکی بمێنێتەوە.

سیاسەتی پەیوەست بە ژنان لای هاوپەیمانیی کۆمار و هاوپەیمانیی میللەت چۆن دەبینن؟ ڕێبازەکەیان بەرامبەر ژنان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سیاسەتی هاوپەیمانیی کۆمار بەرامبەر ژنان ڕوون و ئاشکرایە، پێویست بە باسکردن ناکات. بەڵام پێویستە مرۆڤ سیاسەتی هاوپەیمانیی میللەت بەرامبەر ژنان هەڵبسەنگێنێت. ڕێبازەکەیان سەبارەت بە ژنان هەر لەنێو سیستەمدایە. هەندێک ئازادیی بچوک بە ژنان دەبەخشن، بەڵام ژنان دووردەخەنەوە لە بوارەکانی ژیان و بڕیارە ستراتیژییەکان، ژن دەبەستنەوە بە پیاوەوە و دەیانەوێت ئەمە وەک مۆدێلێک بۆ جڤاک پیشان بدەن. بۆ نموونە، لە چالاکی و گردبوونەوەکانی هاوپەیمانیی میللەت لەم هەڵبژاردنەدا، ژنان و گەنجان قسەیان نەکرد یان نەبینران، تێگەیشتنی پیاوسالار و دەسەڵاتی پیاوسالار ڕێگەی بەمە نەدا، ژنان نەیانتوانی لە میتینگە گشتییەکان قسە بکەن، ڕێگەیان نەدرا قسە بکەن. لە گردبوونەوەکانی هەردوو هاوپەیمانیی میللەت و کۆماردا، ژن لە سێبەری پیاو مایەوە، بینیمان چۆن سەرکردەی پارتەکان لەسەر سەکۆکان لەگەڵ هاوسەرەکانیان دەردەکەوتن، ئەوکاتەی پیاوەکان قسەیان دەکرد، ژنەکان لەسەر سەکۆکە بێدەنگ وەستابوون. ئەمە نموونەیە بۆ ئەوەی، ژن هیچ کاریگەرییەکی نییە و گرێدراوە بە پیاوەوە. تەنانەت مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتێکی فاشیست و پیاوسالارە، لەم بارەیەوە زۆر نیگەران بوو. پێی وابوو، وەختێک ئەو قسەدەکات و مێردەکەی بێکاریگەر لەپشتییەوە دەوەستێت، ئەمە زیان بە دەنگەکانی خۆی و پارتەکەی دەگەیەنێت، بۆیە دیمەنی وەها لە هەڵبژاردنەکان دەرنەکەوت، تاکتیکی هەمەجۆری پەرەپێدا و قسەڵۆکی زۆری لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە.

پێویستە ڕۆڵی ژن لەم هەڵبژاردنەدا ببێتە جێگەی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن، هاوسەرگیریی کلاسیکی نێوان فیوداڵ و وردە بۆرژوازی لەبنەڕەتدا مایەی کۆیلایەتییەکی قووڵی ژنانە. ژنان وەک موڵکێک سەیردەکرێن. ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە وەک مۆدێلێک بۆ جڤاک پێشکەش دەکرێت و دەخوازرێت قبووڵ بکرێت. لە هەموو میتینگێک، سەرنجمان دەدا، هەر پیاوێک ژنێکی بەخۆیەوە گرێداوە و ئەمەش دەبێتە شتێکی فەرمی. کاتێک ژنان لەسەر بناغەی ئازادی و یەکسانی پەیوەندییەکان پێکدەهێنن ئەمە وەک ئابڕووچوون دەبینرێت، وا دەزانن کەسێتی ژنی ئازاد و سەربەخۆ بوونی نییە. ئەگەر وەها نەبوایە، هەموو ژنە کاندیدەکان لە میتینگی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی میللەت قسەیان دەکرد، ژنەکان لەسەر بناغەی یەکسانی لەنێو پارتەکەدا هەڵدەبژێردران. ژن تەنها هاوسەر نییە. هاوکات وەک سیاسەتمەدارێک هێنرانە سەر سەکۆکان، لە هەموو ئەرکەکانی پارتەکان و لە هەموو بوارەکانی کاندیدبوون، ئەرکەکانیان یەکسانە. لە سیاسەتدا، ژنانی بەهێز و کاریگەر لەنێو هاوپەیمانی میللەتدا نابینین.

ژنان تەنها بە ڕوواڵەت ئامادەبوون، بەڵام بە ناوەڕۆک گرێدراوبوون بە سیستەمی پیاوسالارییەوە، تەنها ڕێگەیان پێ دەدرێت لە پێگەیەکدا بن بۆ خزمەتی پیاوان.

بەڵام پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان، بە هۆشیاری و ئیرادە و زمان و هەڵوێستییانەوە شوێنی خۆیان بگرن، بەناوی ئازادیی خۆیانەوە بدوێن، نابێت ژنان بەناوی پیاوانەوە بدوێن، پێویستە گوزارشت لە ئایدیا و بۆچوونی خۆیان بکەن، دەبێت خاوەنی ئیرادە بن، پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیان بڕیاری تایبەتیان هەبێت، پێویستە مۆدێلی هاوژیانی ئازاد و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو لەسەر ئەم بناغەیە پەرەی پێ بدرێت.

بەم شێوازە، لە دوایین هەڵبژاردندا، ڕێبازی هاوپەیمانیی میللەت سەبارەت بە ژنان هاوشێوەی ڕێبازی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بوو، ئەو ڕێبازەی ناکۆکە لەگەڵ تێکۆشانی ژنان لە سەدەی بیست و یەک. لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، دەخوازن لە سیاسەت و ژیاندا، ژنان گرێ بدەنەوە بە پیاوانەوە. بەڵام بێگومان سەدەی بیست و یەک، سەدەی ژنە، سەدەی شۆڕشەکانی ژنە. کاتێک ژن تێکەڵی سیاسەت و هەموو بوارەکانی ژیان دەبێت، پێویستە خاوەنی کار و یادگە و ڕێکخستنی خۆی بێت، لەسەر بناغەی ئازادی و یەکسانی. پێویستە ژنان ژیانێک قبووڵ نەکەن لەسەر بناغەی پاشکۆبوون بۆ پیاوان.

بانگەوازتان چییە سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی؟

ئەنجامدانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گرنگە، پێویستە هەموو هێزە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگ بدەن.

پێویستە دەنگ بدەن دژی کاندیدی هاوپەیمانییە قێزەونەکەی ئاکەپە و مەهەپە و هودا_پاری ئەردۆگان، پێویستە هەموو ژنان و تاکەکانی گەل لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەنگ بدەن، لەپێناو ڕوخاندنی ئەردۆگانی فاشیست.

تێکۆشانەکەمان لەپێناو ئازادی ژن و گەل و ڕەنجدەران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. هەوڵەکانمان بەردەوامە تاوەکو سەدەی بیست و یەک بکەین بە سەدەی ژن، بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بە هەموو هێز و بەرخۆدانمانەوە بەردەوام دەبین، پەرلەمان بەشێکە لە تێکۆشانەکەمان لەپێناو ئازادی، ڕاستە گرنگە، بەڵام هەموو شتێک نییە. بەو ئەزموونە مەزنەی لە گۆڕەپانەکە هەمانە، درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین، تا دێت تێکۆشان بەرفراوانتر دەکەین، بە یەکێتی مەزنتر دەبین.

لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، هەموو درکیان بەو گرنگی و واتا ژیانییە کرد، کە دەبێت هەموو ژنان و گەنجان و گەل و عەلەوییەکان و هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان هاوپەیمانی ببەستن و لەم پێناوەدا تێکۆشان بکەن. لەم ڕووەوە، سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی شۆڕشەکانی ژن، دەبێتە سەدەی پەرەپێدانی بەرخۆدان، دەبێتە سەدەی بنیاتنانەوەی ژیان لەسەر بناغەی «ژن، ژیان، ئازادی». ئێمە وەک ژنان و گەنجان، بەگوێرەی توانا هەوڵدەدەین ئەمە بکەین بە پراکتیک. لە خاڵە لاوازەکانمانەوە ئەزموون وەردەگرین، دووبارە خۆمان بنیات دەنێینەوە و دژی فاشیزم بەرخۆدان دەکەین. بەرگری لە خۆمان دەکەین و بێگومان سەردەکەوین. دەبینە تێکۆشەرێک لەجێگەی چاوەڕوانی ڕێبەر و شەهیدان و گەل و هەڤاڵەکانمان. تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە، دیسان دەڵێین: «ژن، ژیان، ئازادی».

ژ.ت/ هـ.ب