ئێشکگرانی ئازادی: چی پێویست بێت لە پێناو رێبەر ئاپۆ دەیکەین

ئێشکگرانی ئازادی لە مەخمور رایانگەیاند، کە تا گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد هەڵنەگیرێت، ئەوان درێژە بە ئێشکگری دەدەن و وتیان، "ئێمە قەرزاری رێبەر ئاپۆین، هەربۆیە دەبێت ئازادیی جەستەیی ئەو مسۆگەر بکەین".

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ەوە لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد چالاکی ئێشکگریی بەڕێوەدەچێت. هەموو هەفتەیەک ئێشکگرییەکە بە نۆرە لەلایەن گروپێکی نوێوە بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە گرنگی و ئامانجی چالاکیەکە ئەندامانی گروپی ٧٩یەمین قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

'ئێمە تا کۆتایی لەگەڵ ئیرادەی رێبەرایەتی وشەهیدانمان هەنگاو دەنێین'

دایکی شەهید دلۆڤان ئیشلەک کە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە ناوچەی کۆیەی هەولێر لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا تیرۆرکرا، حەلیم ئیشلەک وێڕای شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی، "تا هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر رێبەرایەتیمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئێشکگری. لەبەر ئەوەی رێبەرایەتی لە دژی ستەم و نادادی سەر گەلی کورد وەستاوەتەوە، رووبەڕووی بێڕێزی بووەتەوە. چی پێویست بێت لە پێناو سەرۆکمان دەیکەین. بۆجی جیهان بەرامبەر بەو گۆشەگیرییە بێدەنگە؟ رێبەرایەتیمان دەیەوێت تەنیا گەلە بندەستەکەی رزگار بکات. بە بەرچاوی جیهانەوە دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژی دەکات، بەڵام کەس دەنگی لێوەنایات. ئێمە ناچارین لە پێناو رێبەرمان هەڵستینە سەر پێ و لەگەڵ ئیرادەی رێبەرایەتی و شەهیدانمان هەنگاو بنێین."

حەلیمە ئیشلیک لە درێژەی قسەکانیدا تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسانی ئازاد لە سەیدسادقی شەرمەزار کرد و وتی، "دەوڵەتی تورک، بارزانی و پەدەکە پێکەوە یەکدەگرن و رۆژنامەنووسان کۆمەڵکوژ دەکەن. ساڵی رابردوو لەگەڵ کوڕەکەم دەچوینە رانیە بۆ ئەوەی جلوبەرگی زەماوەند بۆ کوڕەکەم بهێنین، کاتێک گەیشتینە کۆیە بە هاوکاری میت و پەدەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەمان و کوڕەکەم لەو هێرشەدا شەهیدبوو. چ مافێکیان بەلامانەوەیە کە هێرش دەکەنە سەرمان. بە تایبەتیش هێرش دەکەنە سەر ژنان، زۆرینەی رۆژنامەوانانی ژن دەکرێنە ئامانج. ئەو مافە لە کوێ وەردەگرن و کێ رێگەیان پێدەدات؟ تا زیندووبین، ئێمە شوێنکەوتووی سەرۆکمان شەهیدانمانین و بەدوایاندا هەنگاودەنێین".

'لەپێناو رێبەرایەتیمان خۆمان بۆ هەموو جۆرە چالاکیەک ئامادەکردووە'

چالاکوان شیرین شرنەخی دەستنیشانی کرد کە ئامانجی چالاکیەکەیان شکاندنی گۆشەگیری لە ئیمراڵییە و وتی، "ئێمە وەک دانیشتوانی کەمپەلە بۆ هەموو چالاکیەک لە پێناو رێبەرایەتی ئامادەین. چی دەبێت با ببێت ئێمە تا کۆتایی بە دوای ئەو میراتەوەین کە رێبەرایەتی بۆ ئێمەی جێهێشتووە. رژدین لە سەر شکاندنی گۆشەگیری. ئێمە وەک گەلی کورد بە ئەندێشەکانی رێبەرایەتیەوە دەژین و ئێمە ئەو ئەندێشانە بە زیندوویی رادەگرین. ٢٠٢٤ دەکەینە ساڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ. دەوڵەتی تورک چەندە تەنگەتاو ببێت، چەندە نزیک بێتەوە لە لەناوچوون، ئەوەندەش گۆشەگیری سەر رێبەرمان دژوارتر دەکات. هیوادارین لە هەموو شوێنێک چالاکی بەهێزتر لەپێناو رێبەرایەتی ئەنجام بدرێت و نابێت گەلی کورد بەرامبەر بە گۆشەگیری بێدەنگ بێت. چ قوربانیەک پێویست بێت لە پێناو سەرۆکەکەمان دەیدەین. دەبێت مافی دیداری رێبەرایەتی لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵە کاری پێبکرێت. بە هەر جۆرێک بێت ئەو گۆشەگیرییە تێکدەشکێنین.

لە کۆتاییشدا وتی، داوا لە گەلی کورد دەکەم لە کوێ دەژین با بژین، مەبنە نۆکەر، کۆیلە و سیخوڕی دوژمن. بە دوای پارەوە مەبن. خاوەنداری لە رێبەرایەتی و شەهیدان بکەن. بۆ دەبێ تا کەی بێدەنگ و ژێردەستە بین. دەبێت گەلی کورد زیاتر خۆی بەهێز بکات و یەکڕیزی ساز بکات".

'دەبێت ئێمە دەنگی خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێنێک'

چالاکوان میکائیل ئیسماعیل ئۆرەماریش وتی، "دەبێت گەلی کورد لەپێناو رێبەرایەتیدا دەنگهەڵبڕێت، دەبێت دەنگی خۆی بگەیەنێتە هەموو شوێنێک و رێبەرایەتی لە زیندان رزگار بکات. رێبەرایەتی ئێمەی کوردی وشیار کردەوە، هەربۆیە ئێمە قەرزاری ئەوین. دەبێت ئێمە سەرۆکایەتیمان ئازاد بکەین و لە زیندان بیهێنینەدەرەوە".