ئێشکگری لەسەر سنووری کۆبانێ: خاوەنداری لە پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین

لە چالاکی ئێشکگری لەسەر سنووری پیرسوس و کۆبانێ، بانگەوازکرا بۆ خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ، هەروەها بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ٣ ی کانوونی دووەم لە پیرسوس.

چالاکی ئێشکگری دژی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا (NSA) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا، بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لەسەر سنووری کۆبانێ، بە بەشداری ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان، لە ڕۆژی ٨ هەمیندا بەردەوام بوو.

سەرەڕای سەرما و باران، چالاکییەکە بەردەوام بوو. هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرا و پانکارتی "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە" هەڵگیرا.

بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ٣ ی کانوونی دووەم

نوێنەری ناوچەی خانا ئاخپاری مەبیا_دەر ڕەزوان ئۆنجەل ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد پێش ١٠ ساڵ لەسەر سنووری کۆبانێ بوون، گوتی: "بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی لێرەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ٣ ی کانوونی دووەم لە پیرسوس".

"خاوەنداری لە پەیامی ڕێبەرێتی دەکەین"

پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار پشتگیری بۆ گەلی کۆبانێ دووپات کردەوە و جەختی کردەوە دەبێت چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا بکشێنەوە، تیشکی خستەسەر دیدارەکەی ئیمراڵی و گوتی: "لە دیداری دوێنێ لە ئیمراڵی ڕێبەرێتی پەیامی گرنگی دا. بۆ ئەو پەیامەی بە ئێمە گەیشت، دەڵێین "ئێمە ئامادەین". پێویستە خاوەنداری لە پەیامی ڕێبەرێتی بکرێت. تا ئازادیی ڕۆژئاوا، دەست لە چالاکی خۆمان هەڵناگرین. وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤ بە ڕۆحی کۆبانێ بەرخۆدانمان کرد، ئێستەش درێژە بە بەرخۆدان دەدەین".