ئەو گەنجە ئێزدییەی لەدەستی داعش ڕزگارکرا گەیشتە شەنگال

گەنجێکی ئێزدی بەناوی ڕۆژین حەداد کە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ کەوتە دەستی چەتەکانی داعش، پاش ٩ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ڕزگارکرا، گەیشتە شەنگال و بە جۆشێکی مەزنەوە پێشوازی لێ کرا.

گەنجی ئێزدی، ڕۆژین حەداد تەڵاڵ (١٧ ساڵ) لە کۆمەڵگەی حەردانی شەنگال لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ کەوتە دەستی چەتەکانی داعش. لە ٢٦ ی تشرینی دووەک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخی هەرێمی جەزیرەوە ڕزگارکرا و ڕادەستی ماڵی ئێزدیانی ڕۆژئاوا کرا. پاش ٩ ساڵ گەیشتەوە شەنگال و لەلایەن بنەماڵە و ئیدارەی شەنگالەوە بە جۆشەوە پێشوازی لێ کرا.

بنەماڵە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و کاندیدی پادێ، قاسم کەشکۆ و ئاییندارانی ئێزدی پێشوازیان لە گەنجە ئێزدییەکە کرد. ژنانیش بە هەلهەلە و دابەشکردنی شیرینی پێشوازیان کرد.

هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، نایف شەمۆ، پیرۆزبایی لە تەواوی جڤاکی ئێزدی کرد، ڕایگەیاند لەسایەی شەڕڤانانەوە گەنجێکمان لەدەستی تاریکی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا، هیواخوازین هەموو گەنجەکانمان ڕزگاربن و بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان.

شەمۆ ڕایگەیاند، ئێستە کچان و کوڕانی ئێزدی خۆیان ڕێکخستووە و خۆیان دەپارێزن، گوتی: "ئەمڕۆ ناوەندی دەستەی ئایینداران کرایەوە، ئەمە پەیامێکی گرنگە. جەژنی ئێزدی و کردنەوەی ناوەندەکە و ئازادکردنی گەنجەکەمان لە تەواوی گەلەکەمان پیرۆز دەکەین".

دایکی ڕۆژین، حەلۆ قۆلۆ، سوپاسی هێزەکانی ڕۆژئاوای کرد و داوای کرد هەموو دیلەکانی ژێردەستی داعش ڕزگاربکرێن.