ئومێد موشیر پەنایی مامۆستای کوردی لە سنە دەستگیرکرا

مامۆستایەكی زمانی كوردی و ئەندامی ئەنجومەنی کەلتوری و ڕۆشنبیری نۆژین، لەشاری سنەی سەر بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە لایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی ئێران، دەستبەسەر كرا.

بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هێزەكانی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە ئومێد موشیر پەنایی، مامۆستای زمانی كوردی و ئەندامی ئەنجوومەنی كلتووری- كۆمەڵایەتیی نۆژین-یان لە سنە دەستبەسەر كردووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئومێد موشیر پەنایی، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە بانگكراوە بۆ بنكەی ئیتڵاعات لە شاری سنە، هەر لەوێ دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیا گواستراوتەوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، كە هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، حەوت كەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی كلتووری- كۆمەڵایەتیی نۆژین بە ناوەكانی ئازاد عەباسی، سروە ڕەحمانی پوور، واران محەمەدنەژاد، ئیدریس مینبەری، سەیوان ئیبراهیمی، سۆما پوورمحەمەدی و سروە پوورمحەمەدی دەستبەسەر كراون، لە ئێستادا ئەوان بە دانانی بارمتە و تاوەكو كاتی دادگاییكردن ئازاد كراون.

ئەنجوومەنی نۆژین، ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە و چالاكی وەكو بەڕێوەبردنی كۆرسی زمانی كوردی و چەندین کارو چالاکی دیکەى کەلتوری و ڕۆشنبیری و ژینگەییان هەیە.

ف.ق