یوسف کارا: بۆ ئەوەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە ئەوروپا بڵاونەکرێتەوە، کۆمەڵکوژی کرا
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور یوسف کارا: بۆ ئەوەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لەناو کۆمەڵگای ئەوروپادا بڵاونەکرێتەوە، کۆمەڵکوژیەکانی پاریس لە دژی بزوتنەوەی ژنان ئەنجامدرا.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور یوسف کارا: بۆ ئەوەی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لەناو کۆمەڵگای ئەوروپادا بڵاونەکرێتەوە، کۆمەڵکوژیەکانی پاریس لە دژی بزوتنەوەی ژنان ئەنجامدرا.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی مەخمور یوسف کارا سەبارەت بە بەرخودان و تێکۆشانی شەهید سەکینە جانسز و ئامانجەکانی پشت هەردوو کۆمەڵکوژیەکانی پاریس قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
یوسوف کارا لە سەرەتای قسەکانیدا لە کەسایەتی شەهید سارا، رۆژبین و رۆناهیدا هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستانی بە بیرهێنایەوە و وتی، " دوو کۆمەڵکوژیەکە بە تایبەتی لە دژی بزوتنەوەی ژنان لە پاریسی پایتەختی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری روویاندا. دەمەوێت بە تایبەتی هەندێک باسی ئامانجی ئەوان بکەم. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە مێژوویان بداتەوە، کەم تا زۆر کاتێک پەیمانی لۆزان واژۆکرا، کوردستان کرایە چوار پارچە و هەر پارچەیەک خرایە ژێر دەستی دەوڵەتێکی هەژموون خواز. راوێژ بەکورد نەکرا و بەهیچ جۆرێک دانیشتوانی کوردیان بە هەند وەرنەگرت. لەگەڵ دەوڵەتە هاوکارەکانی رێککەوتن و تا رۆژی ئەمڕۆمان ئەو دۆخە بەردەوامە. ئەو شۆڕشەی بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرا، ئەو شۆڕشە ویستی ئەم نەتەوەیە لە بندەستەیی رزگار بکات و بیگەیەنێتە ئازادی خۆی. لەو پێناوەدا تێکۆشانێکی بێهاوتا و زۆر قوربانیش دران، بەڵام جارێکی دیکە هێزەکانی سەرمایەداری لەپێناو جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزی رەوای گەلی کوردیان لەبەرامبەر خۆیاندا بینی و پیلانگێڕییان بەرامبەر بە رێبە ئاپۆ ئەنجامدا. لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکەدا رێبەر ئاپۆ بە دیل گیرا و رادەستی دەوڵەتی تورکی فاشیست کرایەوە".
کارا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە وڵاتانی سەرمایەداری بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەندێشە و پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ناو کۆمەڵگاکانی ئەوروپادا لە کەسایەتی سەکینە جانسز، یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی ئەو فەلسەفەیە بۆ ئەوەی بە ئەوروپادا بڵاونەبێتەوە و جەختیشی کردەوە، کە هەرچەندە میت و دەوڵەتی تورک ئەو کۆمەڵکوژیەیان دژی سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە لە پاریس ئەنجامداوە، بەڵام بە بێ هاوکاری و ئاسانکاری دەوڵەتانی سەرمایەداری هەرگیز ئەوە رووینەدەدا. خۆیان وەک دەوڵەتانی دیموکراتیک، پارێزراو و ئارام نیشان دەدەن، لەوەها ناوەندێک و ئەنجامدانی هێرشێکی لەو جۆرە بە راستیش جێی تێڕامان و سەرنجە و لەبارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ئەنجام نەدرا. ئەو کەسەی گومانلێکراوی ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژیە بوو گیرا، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیەکە رووننەکرێتەوە ئەویان کوشت. هەڵبەتە لە ئەنجامی ئەو رەشەکوژیەدا جارێکی دیکە لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا لە پاریس لەهەمان ناوەند کۆمەڵکوژی دووەم ئەنجامدرا. کۆمەڵکوژی پاریس بە رێکەوت نییە".
لە درێژەی قسەکانیدا یوسف کارا ئەوەیخستەڕوو، کە "کردنە ئامانجی هەڤاڵان سارا، فیدان و لەیلا چۆن بووە کردنە ئامانجی هەڤاڵ ئەڤینیش بەهەمان شێوەبووە، بۆ ئەوەی بزوتنەوەی ژنان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بە کۆمەڵگای ئەوروپادا بڵاونەبێتەوە، هێرشی بەو جۆرە ئەنجامدران.
جەختیشی کردەوە، سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سەرباری هەموو پیلانگێڕیی و هێرش و کۆمەڵکوژیەکان نەیتوانیوە بەر بە پەرەسەندن و بەرفراوانبوون و بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە جیهان بگرێت، بە هۆی ئەوەی تێکۆشانێکی رەوایە و پاڕادایمەکەی جێگرەوەی سیستمی ئەوانە. بۆ ئەوەش وەک نمونە ئاماژەی بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کرد کە لە ٧٤ ناوەند لە سەرتاسەری جیهان دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی مەخمور یوسف کارا رایگەیاند، کە "دەبێت وەک بزوتنەوەی ئازادی زیاتر گوڕ بە تێکۆشان بدرێت بۆ ئەوەی شایەنی ئەو شەهیدانە بن. هەروەها ملیۆنان کورد پێویستە خۆیان لە راستی ئەو ژنانەدا زیاتر پێشبخەن بۆ ئەوەی ئەو زانابوونە بە جیهانی بکرێت و لەگەڵ دۆستان و دیموکراتەکانی جیهان کە بەدواداچوون بۆ بزوتنەوەکەمان و رێبەرایەتیمان دەکەن خەباتی بەرفراوانتر بەڕێوەببرێت...وەک کورد ئەرکمان ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین راستی خۆمان لەناو کۆمەڵگای جیهانیدا بناسێنین، پێویستە ئێمە زیاتر لە سیستمی راستیدا خۆمان بەرجستە و باڵادەست بکەین. ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کە هەم وەڵامی سارا و ئەڤینەکانمان داوەتەوە و هەمیش دەتوانین رێبەرمان بە شێوەی جەستەیی ئازاد بکەین. هەروەها دەتوانین بڵێین ئێمە هەم لە کوردستان و هەم لە جیهان بووینە جێگرەوەی ئەو سیستمەی لەمڕۆدا کۆمەڵگاکان بەشەڕ دەدەن و بەکوشتیان دەدەن".
هـ . ب