رۆژنامەنوس گوهدار زێباری، دوای ئازادبوونی لەبارەى دۆخى دەستگیرکراوانى بادینان لەناو زیندانەکانى پەدەکەدا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ڕەوشیان لە نێو زیندان زۆر خراپبووە، چونکە بەردەوام لە ژێر چاودێریدا بوون تا بچووکترین شتیان بۆ گەورە بکەنەوە.
وتیشی، ئەوەی لەگەڵ من و هاوڕێیانم کرا خیانەتێکی دیکە بوو بەرامبەر بە دیموکراسیەت و خیانەتێکی دیکەی دەسەڵاتبوو بەرامبەر بە قەڵەمە بوێر و ئازاکان و کپکردنی دەنگی ئازاد .
گوهدار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، "من و شێروان شێروانى و سلێمان ئەحمەد بێ تاوانین و هیچ خراپەیەکمان بۆ هیچ کەسێک نەبووە و ستەممان بە کەس نەکردووە، بەڵکو ئەوە ئێمەین ستەممان لێکراوە و بەبێ بوونى هیچ تاوانێک دەستگیرکراوین".
راشیگەیاند، بەپێى زانیاریەکانى من، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەکرێت ئەوا دەبێت ساڵێکى دیکە شێروان شێروانى ئازاد بکرێت.
ئەو رۆژنامەوانە هێمای بۆ ئەوەش کرد: ئازادكردنەكە بۆمن تاڵە لەبەر ئەوەی بەشێك لە جەستەی من كە شێروان شێروانیە هێشتا لە زیندایە و هەست بەشەرمەزاری دەكەم لە تەنیشتمەوە نیە.
باسی لەوەشکرد: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روودەدات رەنگدانەوی عەقڵیەتی تاكڕەوی و توندڕەوی كۆنە پەرستیی و دواكەوتوەییە كە ئەم دەسەڵاتە بەدەستگیركردنی ئێمە چێژ لە فرمێسكی دایك و باوكمان و سیخوڕی و ترساندن و تۆقاندنی خەڵك دەبینن.
جەختیشی کردەوە، گەلی كود شایستەی ئەم جۆڕە حكومڕانیە نییە لەبەر ئەوەی ئێمە گەلێكی ماندوو و ستەمدیدەین.
گۆهدار زێباری، یەکێک لەو دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هاوڵاتییانەى بادینان بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پەدەکە بەبێ بڕیاری دادگا و بەبێ هیچ تۆمەتێکی بەڵگەدار دەستگیر کرا و دادگای هەولێر سزای سێ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند.
دوێنێ شەممە دوای سێ ساڵ و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی پەدەکە و کۆتایی هاتنى سزاکەی گۆهدار زێباری ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو کەسوکاری خۆی.
ئەگەرچی سزاکەى گۆهدار زێباری سێ ساڵ بوو سزاکەشی تەواو کردبوو، بەڵام ئاسایشی پەدەکە لە زیندان تۆمەتێکی دیکەیان بۆ دروست کرد و ئەویش هەڵگرتنى چەکی بێ مۆڵەت بوو، بۆ ئەوەش دادگای هەولێر سزای شەش مانگی دیکەی بەسەردا سەپاند، لەکاتێکدا ئەو چەکە تاپڕێکی ساڵی ١٩٦٠ بووە و هی باپیری بووە، لە ماڵەکەی خۆشیدا نەبووە، بەڵکو لە ماڵی خوشکێکی دانراوە.
هـ . ب