ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تاژێ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزارکرد
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تاژێ لە مەجلیسی گەلی خانەسور کۆبوونەوە و هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆ سەر کرێکاران شەرمەزارکرد.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تاژێ لە مەجلیسی گەلی خانەسور کۆبوونەوە و هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆ سەر کرێکاران شەرمەزارکرد.
دوێنێ لە کاتژمێر 18:00 فرۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک، لە ناوچەی کۆراسمۆقی هەرێمی مەزارگەی گرێدراوی شارۆچکەی خانەسور، ٣ جار لەسەر یەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر خێمەی کرێکارانی هەڵکەندی بیری ئاو. لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ٥ کرێکار شەهیدبوون و ٢ کرێکاریش برینداربوون.
لە کاتژمێر 10:00دا نوێنەری هەموو مەجلیسەکانی گەلی شەنگال کە گرێدراوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالن، لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست. لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری مەجلیسی گەلی هەرێمی عەرەبی شەنگال ئامادەبوو. بەناوی ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی شەنگال هاوسەرۆکی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکیکی شەنگال نایف شەمۆ بەزمانی عەرەبی و بەناوی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) دایە نەعیم بەدەل بە زمانی کوردی قسەیانکرد.
'ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگن'
لە سەرەتادا نایف شەمۆ قسەیکرد و گوتی: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەک هەمووجارێک هێرشی سەر شەنگال دەکات و جێگە و شوێنی سڤیلی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٥ کرێکار شەهیدبوون. داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکەین بە ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان هەستن، مەخابن ئەم لایەنانە لەبەرامبەر ئەم هێرشانەی سەر شەنگال بێدەنگن".
ئەندامی دەستەی هەماهەنگی تاژێ نەعیم بەدەل ڕەخنەی لە بێهەڵوێستی حکومەتی عێراق گرت و گوتی: "هاوکایکردنی دەوڵەتی عێراقی بۆ دوژمنی دڕندە شەرمەزار دەکەین. سەروەری عێراق نەماوە و دەرگای واڵایە بۆ هەموو دەوڵەتان . ئەگەر عێراق پشتگیری خەڵکی خۆی نەکات ئەوکاتە سەرەوەری نیە.ئەگەر سەروەری هەبوایە ئەوکاتە دەوڵەتانی تر نەدەهاتن لە خەڵکەکەی بدەن، گەر عێراق بەرامبەر بەم هێرشانە هەڵویست نیشان نەدات، ئەوکاتە ئەویش هاوکاری ئەم هێرشانەیە".
نەعیم بەدەل بەتوندی ڕەخنەی لە بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک گرت و گوتی: "شێک نەماوە بەناوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤەوە، ئەگەر هەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی ئەم کارە دڕندانەی بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامبدات".