ڕزگار شەوکەت: ئەرکی هەمووانە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن

ڕزگار شەوکەت: گەشبینین بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی چونکە پرۆسەیەکە باش بیری لێکراوەتەوە و هەڵسەنگێنراوە، وە پێویستە هەموو کورد پرۆسەکە بە هەند وەربگرن و پشتگیری بکەن تا بگاتە ئامانج.

سەبارەت بە دەستپێشخەری و بانگەوازییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆ-وە دەستی پێی کردووە و گرنگی ئەم پرۆسەیە بۆ گەلانی ناوچەکە و بە تایبەت بۆ گەلی کورد ولەهەمان کاتدا هەنگاوە مێژووییەکانی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، ڕزگار شەوکەت شارەزایی مێژوو و شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا.

'پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە هەنگاونانی تورکیایە'

لە سەرەتای قسەکانیدا ڕزگار شەوکەت، سەرنجی بۆ هەنگاوەکانی پرۆسەکە راکێشا و رایگەیاند کە پێویستە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاشەوە هەنگاوی پراکتیکی بنێرت و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و دەوڵەتی تورک بە پەیامەکەی بەرێز ئۆجەلان لە شوباتی ئەمساڵ دەستی پێکرد، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن بەڕێز ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کوردەوە زنجیرەیەک هەنگاو نراوە، دوای پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان ئاگربەست هاتە راگەیاندن و بەستنی کۆنگرەی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەو دواتریش بێدەنگردنی چەک، تائێستا پرۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوامە، ئێستاش گەیشتوونەتە قۆناغێک لە پرۆسەی ئاشتی کە پێویستی بەوەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاشەوە هەنگاوی پراکتیکی بنرێت، بینیمان لەدوای مەڕاسیمی چەک لەناوبردنەکە ئەردۆغانیش قسەی کرد هەرچەندە هێشتا هەنگاوی پراکتیکی لەلایەن تورکیاوە نییە بەڵام هەندێک ئاماژەی نوێی تێدایە، وەکو گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەوڵەتی تورک، باسکردن لە هاوبەشی کورد و تورک، کە هیوای ئەوەی لێدەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتووە هەنگاوی پراکتیکی تر بدرێت لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە".

'مۆدێلێکی نوێی چارەسەری پێشکێش ئەکرێت'

شەوکەت لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم قۆناغەدا بۆ کۆمەڵگە کە یەکەم جارە پارادایمێکی نوێ و مۆدێلێکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان پێشکێش ئەکرێت و ڕایگەیاند: "ئەو پارادایمەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە هیچیان لەناو کۆمەڵگا و لە تایبەتمەندییەکانی و سروشت و مێژووی کۆمەڵگەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو زۆر جار پرۆژەی دەوڵەتین کە دواتر کۆمەڵگا کاردانەوەی نیشان داوە و دەرئەنجامێکی پۆزتیف نەبووە، بەڵام بۆ یەکەم جارە کە پارادایمێکی نوێ و مۆدێلێکی نوێی چارەسەرکردن لەلایەن بەڕێز ئۆجەلان-ەوە پێشکەش ئەکرێت کە سەرئەنجامی شیکار و خەباتێکی ٥٠ ساڵەیە، لە بەهاری عەرەبیدا سەرهەڵدانێکی گەورەو شۆڕشێکی گەورە دەستی پێکرد، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو کە هەر کەس پێیان وابوو کە دەسەڵات کێشەکەیە و ئەم فۆرمی دەسەڵاتەی ئێستا هەیە بیگۆڕن بە دەسەڵاتێکی تر، بەڵام لە ڕاستیدا دەرکەوت کە دەسەڵاتەکەش ئەگۆڕی بەڵام دۆخە کۆمەڵایەتیەکە لەوانە دواکەوتن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان چاک نابن، کێشەکە ئەوە نەبوو کە فۆرمێک لە دەسەڵات خراپە و فۆرمێکی تر باشە، لە ڕاستیدا کێشەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و شارستانی زۆر قووڵ و هەمەلایەن بوو".

'پێویستە کۆمەڵگە پشت بە خۆی ببەستێت'

شەوکەت لە بەردەوامییدا باسی لە تیۆەرەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆمەڵگایەک بەشێوەیەکی ئاسۆیی و بە پشت بەستن بە تێوەرەکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکنەخات لەناو ئەچێت و ئاشکرای کرد: "پەیڕەوی کردن و بەکارهێنانی پارادیگما و فەلسەفەکانی بەرێز ئۆجەلان کە بریتییە لە کۆمەڵگای دیموکراتیک و دیموکراسی ڕادیکاڵ کە بریتییە لە خۆسەری و خۆبەڕێوبەری و خۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ هەموومان زۆر گرنگە، ئەگەر کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی ئاسۆیی وە بە پشت بەستن بە تیۆرییەکانی بەڕێز ئۆجەلان خۆی ڕێک نەخات و فێری ئەوە نەبێت مەشقی خۆبەڕێوبەری بکات، ئەگەر کۆمەڵگا تەنها چاوی لەدەستی حزب و ڕێکخراوەکان بێت بەبێ پشت بەستن بەخۆی کێشەکانی ئەو کۆمەڵگایە چارەسەر نابن".

'ئەرکی هەمووانە خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن'

رزگار شەوکەت شارەزایی مێژوو و شرۆڤەکاری سیاسی، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگی لە هەموو چین و توێژەکان کرد کە خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن چونکە پرۆسەکە بۆ کۆمەڵگایە و وتی: "هیچ چین و توێژێکی ناو کۆمەڵگا ناتوانێت خۆی ببوێرێ لە وەرگرتن و چوونە ژێرباری ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانی لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، چونکە پرۆژەکەی پرۆسەی ئاشتی پەیوەندی بە ژیانی هەموومانەوە هەیە، پێویستە هەموو تاکێكی کۆمەڵگا پێکەوە بەرپرسیاریەتی خۆیان وەربگرن و خاوەنداریتی لە پرۆژەکە بکەن لەپێناو سەرکەوتنی، لەبەرئەوەی پرۆژەی دەسەڵات نییە بەڵکو پرۆژەی کۆمەڵگایەو مۆدێلێکی نوێی سەرپێخستنی ئەزموونی خۆبەڕێوبەری کۆمەڵایەتییە، گەشبینین بە هەنگاوەکانی پرۆژەی ئاشتی چونکە پرۆسەیەکی بیر لێکراوەیەو هەڵسەنگێنراوە، پێویستە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان پرۆسەکە بە هەند وەربگرن و پشتگیری بکەن و لەدەوری کۆببنەوە بۆئەوەی ئاقاری ئاسایی و نۆرماڵی خۆی وەربگرێ و بگات بەو دەرئەنجامانەی کە ویستراون".