ڕۆژنامەنوسانی ئاژانسی ڕۆژ نیوز: "پەدەکە چاوسا‌غی داگیرکەرانە و نایەوێت دەنگی ئازاد هەبێت"

ڕۆژنامەنوسانی ئاژانسی ڕۆژ نیوز ئەوەیان دەرخست، کە پەدەکە ماوەی ٥٣ ڕۆژە، هاوکار و هاوپیشەیان 'سلێمان ئەحمەد'ی ڕفاندوە و تا ئێستاش ڕێگە بە پارێزەران نەدراوە ئەو هاوکارەیان ببین.

لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، سەرنوسەری بەشی عەرەبی لە ئاژانسی ڕۆژ نیوز، کە زیاتر لە  ٥٠ ڕۆژە بەبێ بوونی هیچ پاساوێک لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستاش ئازاد نەکراوە، قسەیان  بۆ ئاژانسی فورات نیوز(ANF) کرد، سەرەتایی قسەکانیان لەسەر پرسی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە باشوری کوردستان دەستپێکرد و وتیان: "ئازادی ڕادەربرین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسکبووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە، گەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، دەیان ڕۆژنامەنوس ڕفێندراون و تیرۆرکراون وەک وەدات حسێن و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە، بەم دواییەش ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد، ئەوە ڕوونە حزبی دەسەڵاتەدار و بە تایبەت پەدەکە نایەوێت دەنگ و قەڵەمی ئازاد هەبێت".

'پارتی وەکو هۆزی پوچیکایە، هەرخۆی بۆ گرنگە'

ڕۆژنامەوان بنار هیدایەت، لە درێژەی قسەکانیدا، پەدەکەی چواند بە هۆزی پوچیاکاو و تی: "لە ئەمازۆن هۆزێک هەیە بەناوی پوچیکا، ئەم هۆزە بۆ ئەوەی بمێننەوە پەنادەبەنە بەر هەموو ڕێگەیەکی چەوساندنەوە و کوشتنی هۆزەکانی تر، پارتیش هەمان شێوەی ئەو هۆزە بیردەکاتەوە، بەداخەوە لە تەواوی باشوری کوردستان، وە بە تایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی. ئازادی ڕۆژنامەگەریی بەرتەسکبووەتەوە، دواین قوربانیش هاوپیشەمان لە ئاژانسی ڕۆژ نیوز 'سلێمان ئەحمەد'ە کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە لە لایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە، لە کاتێکدا بە مۆڵەتی فەرمی ڕۆشتۆتەوە بۆ پرسەی باوکی، لە گەڕانەوەیدا لە فیشخابور بەبێ هیچ بڕیارێکی دادگا و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، لە لایەن پەدەکەوە دەستگیرکراوە، تا ئێستاش لە ڕووی شوێن و تەندروستیەوە هیچ زانیارییەکمان لەسەر نیە".

'پارتی هەمیشە سێ تۆمەتی لە ناو دۆسیەکدا ئامادەکردوە'

ڕۆژنامەوان باسی لە مادەی (١٤٢)ی یاسایی دادوەری عێراق کرد و ئەوەی خستەڕوو: "لەو بڕگە یاساییەدا دەڵێت هەر کەس و هەر ڕۆژنامەنوسێک،بە هەر تۆمەتێک دەستگیربکرێت، دەبێت ڕاستەوخۆ داوای پارێزەربکات. بەداخەوە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، دەیان جار چونەتە بەردەم ئاسایشی دهۆک و بەبێ هیچ هۆکارێک دەریانکرن و بە شێوازێکی ناشرین ڕەفتاریان بەرامبەرکردوون. پارتی هەمیشە لە دەستگیرکردنی هەرکەس و ڕۆژنامەنوسێک، پێشوەختە سێ تۆمەتی بۆ ئامادەکردون، لەوانە دۆسیەیی پەکەکەبوون و دۆسیەی سیخوڕی و ئاسایشی نیشتیمانی، پارتی لە تیرۆرکردنی هەر ڕۆژنامەنوسێک تۆمەتی پەکەکەیبوونی دەداتە پاڵ، وەک ئەوەی پەکەکە کورد نەبێت".

'ئەم کابینەیە بوەتە کابینەیی ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان'

شادی ئارام ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژ نیوز، باسی لە ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسانکرد و وتی: "ئیشی ئەم کابینە بوەتە ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسان، وە دواتریشیان ڕفاندنی هاوکار و هاوپیشەیان سلێمان ئەحمەدە، ماوەی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەکیان لەسەرنیە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبوایە پارێزەران و بنەماڵەکەیان چاوییان پێبکەوتبایە".

'ئەوەی پەدەکە دەیکات، جێبەجێکردنی پلانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرە'

لەسەر دروشم و بانگەشەی پەدەکە، شادی ئارام، ئەوەی خستەڕوو کە ئەو بانگەشانەی پەدەکە لەسەر دیموکراسی دەیکات، تەنها پڕوپاگەندەیە، شادی وتی: "هەر پارت و دەسەڵاتێک بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی، بۆ ئەوەی ئەو پلانەی لەسەر خەڵک جێبەجێبکات کۆمەڵێک پڕوپاگەندە دەکات، دیموکراسیبوونیش یەکێکە لەو بانگەشانەی کە پەدەکە دەیکات، وە بانگەشەی پەدەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان سەرجەمیان پڕوپاگەندەی بێبنەمان، چونکە لە کارەکانیاندا دەرەکەوێت کە ئەوانەی دەیکات سەرجەمیان جێبەجێکردنی پلانی داگیرکاریی و ئاسانکارییە بۆ داگیرکەران، بە تایبەت داگیرکەرێکی وەکو دەوڵەتی تورکیا، کە پارتی بووەتە چاوساغی تورکیا لە باشوری کوردستان بۆ داگیرکاری و سڕینەوەی نەتەوەی کورد".

هـ . ب