بە دیمەن

ژنانی شەهیدکراو لە نسێبین یادکرانەوە

ژنانی سیاسەتمەدار کە لە پاریس و سلۆپی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران، لە نسێبین یادکرانەوە.

بۆ ژنە سیاسەتمەداری کورد ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس شەهیدکران، وە سێڤێ دەمیر و پاکیزە نایەر و فاتمە ئویار کە لە سلۆپی شەرناخ شەهیدکران، لە ناوچەی نسێبینی مێردین چالاکیی یادکردنەوە ئەنجامدرا.

لە پارکی ئاشتی کە تێیدا چالاکی ئێشکگری دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژئاوا دەستی پێ کردووە، یادەکە بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و زۆر ژن تێیدا بەشداربوون، درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و وێنەی ژنانی شەهید هەڵگیرا.

هاوسەرۆکی مەبیا_دەر غوربەت تەکین ڕایگەیاند درێژە بە تێکۆشانی ژنە شەهیدکراوەکان دەدەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز ڕایگەیاند لە سەردەمی کۆمەڵکوژیی یەکەمی پاریسەوە تا ئێستە زیهنیەتی دەسەڵات نەگۆڕاوە، گوتی: "هۆکاری ئەم کایۆسە چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. بە کۆمەڵکوژی پاریس هەوڵدرا خواستی ئاشتی و ئازادی لەناوببرێت. بەڵام هیچکات داخوازی ئازادیی بێدەنگ نابێت. بە تێکۆشانمان پاشەکشە بەم زیهنیەتە دەکەین و درێژە بە ڕێگەی هەڤاڵەکانمان دەدەین. تا بەدیهێنانی ئازادی، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، گوتی: "بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون و مافی پارتە سیاسییەکان کە لە دەستووردا دیاریکراوە، تێدەکۆشین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دیسانەوە ئەم ڕژێم شکستی هێناوە و بەربەست لەبەردەم ژنان دادەنێت".

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ ی کانوونی دووەم و ڕایگەیاند پاش ئەو هەموو ساڵە هێشتا ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە و بەتایبەت فەرەنسا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەم بارەیەوە نەداوە، گوتی: "بێجگە لەم سێ ژنەش، چەندین ژنە سیاسەتمەداری کورد لە شوێنە جیاوازەکان کراونەتە ئامانج. چونکە ئەم زیهنیەت و سیستەمە پیاوسالارە، لەڕێگەی دەوڵەتەوە دەست بۆ کوشتنی ژنان دەبات".

لەکۆتاییدا تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین. لێرەشەوە بانگەواز لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین، بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین، پێویستە هەمووان ڕۆڵی ئەرێنی لەم پرۆسەیەدا بگێڕن، هەرگیز دەستبەرداری خواستی ئاشتی نابین".

پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا. دواتر ژنان تا بینای دەم پارتی ناوچەکە ڕێپێوانیان کرد. پۆلیس هەوڵیدا ڕێگە لە ڕێپێوانی ژنان بگرێت و بەربەستیان دانا، ژنان بەربەستەکانیان تێپەڕاند و بە بەرزکردنەوەی درووشم بەردەوام بوون لە ڕێپێوان.