زیاتر لە سێ مانگە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە بێسەروشوێنکراوە

ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ بە سەر رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە تێپەڕدەبێت و تائێستاش رێگە نەدراوە چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت.

دوای ئەوەی سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو و بۆ دیدار لە رێگەی دەروازی سنووری پیشخابورەوە بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە ٢٥ی هەمان مانگ و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دیوی باشووری ئەو دەروازەیە لەلایەن پەدەکەوە رفێندرا.

سەرباری چەندین رۆژ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسە، دواتر ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە ژێر فشارەکاندا ناچاربوو دان بە رفاندنیدا بنێت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ' دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسیەوە نییە' ئەمەش بە هەولێک دادەنرێت تا هاوشێوەی چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان سزای قورسی زیندان بە سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیشدا بسەپێندرێت.

لەبەرامبەردا ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردبوو، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".

سەرباری تێپەڕبوونی ٩١ رۆژ بە سەر رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و سەرەڕای کاردانە و ناڕەزایەتیەکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، تائێستا پەدەکە رێگەی نەداوە پارێزەرەکانی چاویان پێی بکەوێت.

ڕۆژى ٢٢ى مانگى ١١ى ساڵى ڕابردوو نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کاتی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە ئێمە هەوڵدەدەین بیبینین و دۆسییەکەی بخوێنینەوە، سەردانی ئاسایشی گشتیی لە دهۆکمان کرد، سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لەوێ نییە ڕێگرییان لێ کردین، هەرچەندە دڵنیابووین، کە لەوێیە و زانیارییمان هەبوو لە چی شوێنێکە لەناو ئاسایشی دهۆک، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.

باسى لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی خۆمانەوە زانیارییمان پێگەشت، کە کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستنە، وەکو تیمێکیش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵی خۆمان بەگەڕ دەخەین.

ماوەی چەند ساڵێکە گوشارەکانی پەدەکە بۆ سەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیادی کردووە و بەدەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیر و راپێچی زیندان کراون و ئەو مامەڵە و بەربەستکردنەی ئازادی رادەربرین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە رووبەڕووی کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆر بووەتەوە.

لە یەکێک لە نوێترین راپۆرتەکانیدا کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان (سی پی جەی) ئاماژەی بەوەکردبوو، کە هەرێمی کوردستان لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە تۆمەتی تیرۆر و دژایەتی دەوڵەت و تۆمەتی داتاشراوی دیکە دەخەنە پاڵ رۆژنامەوانان و ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لە ئێستادا چوار رۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان لە زینداندان.

هـ . ب