ناڕەزایی لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بەردەوامە. ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەل بە پێشەنگایەتیی ژنان راپەڕیون. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، پێشنیارەکانیان بۆ چارەسەری ڕاگەیاند. زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
زیلان ڤەژین ڕایگەیاند، لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٠ەوە گەلانی ئێران هەمیشە لە دژی سیاسەتەکانی سیستەمی ئێستا بەرامبەر بە ژنان، کۆمەڵگا و هەڵسوکەوت و ڕەفتارە سیاسییەکانی ڕاپەڕینیان کردووە. زیلان ڤەژین ڕاشیگەیاند: "تووڕەیییەکی گەورە لە دژی ڕژێمی ئێستا و کردەوەکانی لەسەر ژنان، کۆمەڵگا و گەلان هەبوو و داواکاریی بۆ گۆڕان بەردەوام بوو، بەڵام ڕژێمی ئێستا هەمیشە بەتوندوتیژی، گوشار و کردەوەی بەدەر لە مرۆڤایەتی وەڵامی داخوازییە دێموکراسی، یەکسانی و ئازادییەکانی بۆ ژنان و گەلا ن داوەتەوە".
زیلان ڤەژین ڕایگەیاند، لە کەسایەتیی ژینا دا داواکاریەکان بۆ دادپەروەری، دیموکراسی، یەکسانی و ئازادیی گەلانی ئێران دەردەبڕێن و وتی: "لە ئێران کورد، عەرەب، بەلوچ و ئازەرییەکان، بە کورتی نکۆڵی لە هەموو گەل و گرووپە ئایینی و ئیتنیکیەکان دەکرێت، بە نەبوو دەزانرێن و بە توندوتیژانە وەڵامی داخوازییە ڕەواکانیان دەدەنەوە. لەبەر ئەوە بە زۆری لەلایەن ژنانەوە خاوەنداری لە ژینا کرا، بۆیە بە پێشەنگایەتی ژنان گەل لە کەسایەتیی ژینادا خاوەنداری لە داهاتووی ئازادی خۆیان دەکەن. چونکا لە وڵاتێکدا ژن ئازاد نەبێت کەس ئازاد نابێت".
هاوسەرۆکی پەژاک ئاماژەی بەوەکرد، ژینا ژنێکی کورد بوو و وتی: "لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە لایەنێک، کە دەبێت ببینرێت و حسابی بۆ بکرێت ئەوەیە، کە ناوەندی ڕاپەڕینەکان کوردستانە. ڕاپەڕین لە کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام تاران، تەبرێز، بەلووچستان و ئەهواز بوونە دەنگی کوردستان. کوردستان بەم شێوەیە بوو بە ناوەندێک بۆ هەموو گەلانی دیکەی ئێران".
گەل چارەسەری لە داینامیکی ناوخۆی دا دەبینێت
زیلان ڤەژین ڕایگەیاند، ڕاپەڕینی شۆڕشی ئازادیی بە پێشەنگایەتیی ژنان ٤٠ ڕۆژی تێپەڕاند و وتیشی: "ژنان و گەل سوور و پێداگرن و دەڵێن، تا گۆڕانکاری ئەنجام نەدرێت، هیچ چارەسەرێک پێکنایەت، بۆیە لەسەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان دەمێننەوە. ڕژێمی ئێران تا ئێستا تەنیا بە توندوتیژانە وەڵامی داواکارییەکانی داوەتەوە. زیاتر لە سەدان کەس کوژران و هەزارانیش دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون. سەرەڕای ئەم توندوتیژی و پەلامارانە باوەڕ ناکەم ژنان و گەل لە ئێستا بەدواوەش هەنگاوێک بۆ دواوە بنێن، چونکە هەموو قوربانیدانێکیان داوەتە بەرچاوی خۆیان و بەو تێگەیشتنەشەوە ڕاپەڕین. ئەو ڕووداوانەی، کە تا ئێستا ڕوودەدەن ئاماژەیە بەو ڕاستییە، کەواتە دەبێت چارەسەری چۆن بێت، لە کوێ بێت، چارەسەرییەکی راستەقینە چییە؟ لەمبارەیەوە بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی هێزەکان. رژێمیش بە ڕادەی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگە و سیاسی، بەرپرسیارێتیی هەیە.
ئەوە هیچ سوودێکی بۆ ڕژێم نییە، کە وڵات هەمیشە لە کەشی شەڕ و توندوتیژیدا بێت. ئەو ڕووداوانە، کە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕویانداوە دەبێت ببینرێن و حسابیان بۆ بکرێت. عێراق و سوریا نموونەیەکی بەرجەستە و بەرچاوی ئەوەن. پێویستە وانە لە بارودۆخی ئەم وڵاتانەوە فێر ببن، بۆیە دەبێت بە گوێگرتن لەداواکارییەکانی گەل، بەتێگەیشتن لەداواکارییەکانی گەل گۆڕانکاریەکی دێموکراتیک قبوڵ بکرێت. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات ئەوە دەبینرێت، کە گەل داوای لە هێزێکی دەرەکی نەکردووە و ناکەن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، چونکە ئەوان بارودۆخی ئەو وڵاتانەیان بینی، کە هێزە دەوڵەتپەرستە نەتەوەییە کاپیتالیستانەکان دەستوەردانیان تیادا کردوون. ناسەقامگیری و نائارامی، وێرانکاری و شەڕی بێکۆتایی بووە چارەنووسی ئەو وڵاتانە، لەبەر ئەوە، ئەوان چارەسەری لە نێو دینامیکی ناوخۆیدا دەبینن و پشت بە ئەمە دەبەستن. هاوکات یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی ئازەری، عەرەب، فارس، بەلوچ و کورد ئەوە بوو، کە "ئێمە پشتیوانی یەکترین، پشت بە یەکتر دەبەستین"، دەبێت ڕژێمی ئێران ئەم ڕاستییەی گەلان، کۆمەڵگاکان و ژنان ببینێت و بەو پێیە لێیان نزیک ببێتەوە".
پێویستە بەڕێوبەرایەتییە خۆجێیەکان دروست بکرێن
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک ڕایگەیاند، چارەسەری خۆیان بە هێڵی سێیەم پێناسە دەکەن و وتی: "ئەو هێزانەی نوێنەرایەتی ئەم هێڵە دەکەن داواکاریی یەکسانی، دیموکراسی و ئازادیی ژنان دەکەن و بەرە و هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسی گەلانن. ئێمە پێشتر بە ناوی پەژاک و کۆدارەوە نەخشە و پلان و پێشنیارەکانمان بۆ چارەسەری خستبووەڕوو. ئەو داواکاریانە، کە ئەمڕۆ لەلایەن ژنان و گەلەوە دەریدەبڕن پێشنیاری ئێمەن بۆ چارەسەری. ئەگەر ئێمە زیاتر ڕوونی بکەینەوە؛ پێویستە دەستووری وڵات لەسەر بنەمای ستاندارد و پێوەرە دیموکراسییەکان سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێتەوە و بنووسرێتەوە. دەبێت هەبوون و ناسنامەی گەلان و هەموو گرووپە ئیتنیکی و ئایینی و کولتوورییەکانی ئێران دەبێت بەپێی دەستوور لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی مسۆگەر بکرێن و بپارێزرێن. پێویستە بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دابمەزرێن و بەهێز بکرێن. بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو بوارەکاندا ئازادانە و بە یەکسانی گوزارشت و نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، پێویستە مافەکانی ژنان بە دەستوور مسۆگەر بکرێت، ئیرادەی گەنجان بە بنەما وەربگیردرێت و وەک هێزی بنیاتنانی ئایندەی ئازاد و وڵات قبوڵ بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت و ڕەفتار نیشان بدرێت".
ئێمە بۆ ئایندەی ئازادی گەلەکەمان ئامادەین لەگەڵ هەموو هێزەکان رێکبکەوین
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک ئاماژەی بەوەکرد، سەرنجی هەموو جیهان لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "دەبێت ئەوە ببینرێت، کورد شانبەشانی ژنان کورد هێزی پێشەنگی ئەم وڵاتەن" و زیلان ڤەژین وتیشی: "ئەگەر سیاسەتێکی راستەقینەی نەتەوەیی پەیڕەو بکرێت و پرۆژە لەسەر ئەم بنەمایە پێشکەش بکرێت، ئەوا لەلایەن گەلانی ئێرانەوە قبوڵ دەکرێت. گەلی فارس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دروشمی "کوردستان کوردستان تۆ چاو و چرای ئێرانە"یان دەوتەوە. ئازەریەکان دەیانوت: "کوردستان لەسەر پێیە، ئازەربایجان پشتیوانتە"، هەروەها بەلووچەکان دروشمیان لەسەر ڕۆڵی پێشەنگیی کوردستان دەوتەوە، بۆیە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بەڕۆڵی کوردستانەوە. پێویستە گەلی کورد و کوردستان و هەروەها هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو ڕاستییە ببینن و بەپێی ئەو بنەمایە هەڵسوکەوت بکەن. دەبێت لە دەست لە سیاسەتی مۆدێڕنیست و ڕیفۆرمیستی هەڵبگرن. دەبێت ئامانج بونیادنانی نەتەوەیی دیموکراتیک، یەکێتی و هاوپەیمانیی نەتەوەیی بێت. پێویستە هەڵسوکەوت و نزیکایەتیی بەمجۆرە بێت".
زیلان ڤەژین ڕایگەیاند، پێشتر پرۆژەیەکی ١٠ خاڵییان بۆ هاوکاری لەنێوان لایەنە کوردییەکان بڵاوکردوەتەوە و وتی: "لەم دواییانەشدا بەڵگەنامەیەکی پێشنیارکراوی ١١ خاڵیمان پێشکەش کرد، کە تیایدا ڕایگەیاندراوە، پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد یەکبگرن و تێبکۆشن. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەدا رێبکەوین و هەوپەیمانی دروست بکەین، کە داخواز و ئایندەی ئازادانەی گەلەکەمان بۆ خۆیان دەکەنە بنەما. ئێمە لەم بوارەدا پرۆژەمان هەیە. ئێمە حزب و بزووتنەوەیەکین، کە پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین".
ژ.ت