'زیندانیان و دایکان پێشەنگانی رێپێوانی گەورەی ئازادی بوون'
پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی دەم پارتی جەیلان جوپۆلۆ ئاکچا کە یەک لە بەشداربووانی رێپێوانی گەورەی ئازادی بوو، ئەوەی خستەڕوو کە پێشەنگانی خۆپیشاندان و رێپێوانەکە، زیندانیان و دایکان بوون.
پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی دەم پارتی جەیلان جوپۆلۆ ئاکچا کە یەک لە بەشداربووانی رێپێوانی گەورەی ئازادی بوو، ئەوەی خستەڕوو کە پێشەنگانی خۆپیشاندان و رێپێوانەکە، زیندانیان و دایکان بوون.
جەیلان جوپۆلۆ ئاکچا پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد رایگەیاند، "رێپێوانەکە بە جۆش و خرۆسێکی گەورەوە بەڕێوەچوو، گەلەکەمان خاوەنداری گەورەیان نیشاندا. پێداگرییەکی گەورە هەم لەلایەن گەل و هەم لەلایەن بەشداربووانی رێپێوانەکە خرایەڕوو.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی چالاکی مانگرتنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا و ئێشکگریی دادپەروەری بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان بەردەوام بوو، رێپێوانی گەورەی ئازادی لە دوو باسکەوە لە نێوان ١-١٥ی شوبات بەڕێوەچوو. لە بەشداربووانی رێپێوانەکە پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی دەم پارتی جەیلان جوپۆلۆ ئاکچا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دووا و لەبارەی چالاکیەکەیانەو قسەی کرد.
ئاکچا ئاماژەی بەوەکرد، کە بەر لە راوەستەکردن لەسەر شێوازی گۆشەگیری پێویستە لە پێگەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڕوانرێت، کە گۆشەگیری بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و لەو رووەوە وتی، "لەبەر ئەوەی دەزانرێت کە بەڕێز ئۆجالان بۆ گەلی کورد بە چ واتایەکە و دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات، بەهۆی ئەوەوە سیستمی گۆشەگیرییان قووڵتر کردووەتەوە. زیاتر پەیوەندییەکان دەپچڕێنن. دەیانەوێت پەیوەندی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ گەل داببڕێنن. لە سەر ناوی ئیمراڵی پەیامێکی قووڵ بە تەواوی گەلی کورد دەدرێت. ئەو بەراوردکارییە زۆر دەکەم و بەردەوامیش دەبم لەسەری، جیاوازی زۆر لە نێوان رژێمی ئەفریقای باشوور و ئەوەی لە کوردستاندا لەئارادایە، هەیە".
هەموو چالاکییەکان لەلایەن گەلەوە دەستیان پێکرا
ئاکچا ئەوەی خستەڕوو، کە هەموو چالاکییەکان کە لە دژی گۆشەگیری ئەنجامدراون، لەلایەن گەلەوە دەستیان پێکراوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی؛ "خەڵکی مەدەنی، واتە رێکخراوە مەدەنیەکان پێشەنگایەتی ئەو چالاکیانەیان کرد. ئێمە وەک سیاسەتمەدار لەناو چالاکیەکاندا بەشداربووین. لەراستیدا ئەم چالاکیەش بە پێشەنگایەتی زیندانیان ئەنجامدرا. ئێمەش وەک سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران دەستمان بە رێپێوانی گەورەی ئازادی کرد و لەگەڵ جەماوەر بەشداربووین لە چالاکیەکان. پێشەنگی ئەو چالاکیانە دایکان بوون، زیندانیان بوون و گەلی ئازا و چاونەترسی کورد بوو کە رژانە شەقامەکان. هەڵمەتەکە سەرەتا لەلایەن زیندانیانە دەستیپێکرا و سەرباری ئەوەی هەلومەرج لە زیندانەکان دژوارە ئەوانە شانیاندایە بەر باری بەرپرسیارێتی. ئێمە دەزانین کە لە بەرامبەر ئەو کردەوانە هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکان بەرامبەر بە زیندانیان چۆن دەبێت. لە رێگەی سزای دیسپلینەوە گوشاردەخەنە سەر زیندانییان و رەنگە بڕیاری ئازادکردنیشیان هەڵبوەشێننەوە. رەنگە لەبارەی ژمارەیەکی زۆر لەو دایکانەمان کە هاتنە سەر شەقام لێپێچینەوە دەست پێبکات، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو سیاسەتانەی چاوترساندن و تۆقاندنیش دایکان و زیندانیان پێشەنگایەتی ئەو بوارەیان کرد".
چارەسەری لە ئیمراڵییە، ئەوەش پەیوەستە بە کردنەوەی دەرگاکانی ئەوێ
ئاکچا وتی، هەموو ئەو چالاکییانە لەبەر ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگادابوون، لەلایەن کۆمەڵگاشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خاوەندارییان لێکراوە و ئەوەشی خستەڕوو، "رێپێوانی ئێمە بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە تێپەڕبوو، گەلەکەمان خاوەنداری زۆری نیشاندا. بڕیارداری و پێداگرییەکی زۆر هەم لەلایەن گەل و هەمیش لەلایەن بەشداربووانی رێپێوانەکەوە نیشاندرا. لە هەموو شارەکان بە هەزاران کەس هاتن بۆ پێشوازی و گەلەکەمان هەم لە رێپێوان و هەم لە بەسەرکردنەوەکاندا لەگەڵماندابوون و هێزی گەورەیان پێبەخشین. لە هەموو شارەکان ئەو داواکارییانەی پێکەوەمان دەبەستنەوە، بە یەک دەنگ بەرزکرانەوە. سەرباری ئاستەنگ و هەڕەشەکانی پۆلیسیش گەلەکەمان رێپێوانەکەی بەتەنیا جێنەهێشت و سەریان بۆ هەڕەشەکان دانەنەواند. ئەوەش ناڕەزایەتی ئێمە بەرامبەر بە گۆشەگیری و رژدبوونمان لە سەر بابەتی مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانی ئاشکراتر کرد و خستیەڕوو. چارەسەری چەندین قەیران پەیوەستە بە کردنەوە دەرگاکانی ئیمراڵی. ئیتر ئێستا هەموو کەس بە باشی ئەوە دەزانێت".
هـ . ب