زیندانییەکی کورد لە ئێران لە سێدارەدرا
لە زیندانی ناوەندیی شاری ئەردەبێل سزای لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد جێبەجێ کرا.
لە زیندانی ناوەندیی شاری ئەردەبێل سزای لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات، زیندانیەکی کورد بە ناوی ئیرەج پاکی لە زیندانی ناوەندی ئەردەبێل لە سێدارە دراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو بەندکراوە رۆژی یەکشەممە گواسترابووەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و رۆژی دووشەممەش سزاکەی جێبەجێ کراوە.
ئیرەج پاکی تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی گوندی ستونڕەشی سەر بە شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێی و خێزاندار بووە.
ماوەی چوار ساڵبوو ئەو بەندکراوە کوردە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٨٠ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون، کە بەشێکی زۆریان لە دوو نەتەوەی کورد و بەلوچن.
لەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە. ئەمەش بە وتەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ئامرازێکە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و پاشگەزکردنەوەیان لە هەرجۆرە وەستانەوەیەک بەرامبەر بە دەسەڵات.
ساڵی ٢٠٢١ واتە ساڵێک پێش دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکە ٣٣٣ کەس لە ئێران لە سێدارەدرابوون، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەکە بۆ ٥٨٢ و ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەرووی ٧٤٠ کەس بەرزبووەوە.
نزیکەی لەسەدا ٤٩ ئەو کەسانەی لەسێدارە دەدرێن بەهۆی دۆسیەی کوشتنی بە ئەنقەست، لەسەدا ٤٤یان بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، لەسەدا ٤ بە تۆمەتی دەستدرێژی و لە سەدا ٣ش بە تۆمەتی سیاسی لە ژێر ناوی سیخوڕی، شەڕ لە دژی خودا و چەکهەڵگرتن لە دژی دەوڵەت لەسێدارە دراون.
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ٧ هەزار و ٧٠٩ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، لەو ژمارەیە ٧٠ کەسیان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵ بووە و ٢١٠ ژنیش لەو ١٤ ساڵەدا لەسێدارەدراون.
هـ . ب