حکومەتى تورک دواى ئەوەى بوونی کەسانی تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند هەندێک رێوشوێنى ئابووری خستە رۆژەڤی خۆی، ئەو رێوشوێنانە لە بریی ئەوە کرێکاران و زەحمەتکێشکان بپارێزێت بۆ پاراستنى خاوەنکار و خاوەن سەرمایەکانە. کارگەکان لە کاتى راگەیاندنی پەتای کۆرۆنادا هەندێک لە کرێکارانیان لەسەر کارەکانیان دەرکرد و مۆڵەتى بێ مووچەشیان بەسەر هەندێک لە کرێکارانى تردا سەپاند.
محەمەد شیرین گیوربوز نوێنەری کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کرێکارانى شۆڕشگێڕ (دیسک - DÎSK) لەوبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، پێش بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا بارودۆخی کار بۆ کرێکاران لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردن هەر خۆی لە خۆیدا خراپ بوو. ئێستاش ئەو رێوشوێنانەى لە دژی کۆرۆنا گیراونەتەبەر سوودیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان نییە.
'ڤایرۆسەکەش نەمانکوژێت سیستمەکە دەمانکوژێت'
گیوبوز رایگەیاند، پێویستە لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردندا رێوشوێنى پێویست بگیرێنەبەر و وتی "داواکان بۆ ئەوەن مرۆڤ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. داواش دەکرێت مرۆڤەکان لە شوێنی قەرەباڵغ کۆنەبنەوە، بەڵام بۆ زەحمەتکێشان و کرێکاران هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. بە داخەوە کەس لە خەمی ئەوەدا نییە، کە لە کارگەکان و شوێنەکانى کارکردندا کرێکاران لە لە چ بارودۆخ و هەلومەرجێکدا کار دەکەن. ئەو داوایە کە لە کۆمەڵگە دەکرێت، دەبێت هەمان داواش کرێکاران بگرێتەوە. دەبێت هەلومەرجی گونجاویش بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان بڕەخسێنرێت. بە داخەوە بەهۆی ئەم قۆناغەوە هەزاران کرێکار و زەحمەتکێش بێکار کراون. ئەوانەشی کار دەکەن لە بریی ئەوەى بیر لە پاراستنى گیانی خۆیان بکەنەوە، بەهۆی ترس لە لەدەستدانی کارەکانیان کار دەکەن. هەر وەک ئەوەى لەمدواییەدا شۆفێری بارهەڵگرێک وتی: 'ڤایرۆسەکەش نەمانکوژێت، ئەم سیستمە دەمانکوژێت'. لەبەر ئەوانەش مەترسیی ئەم سیستمە لە مەترسیی ڤایرۆسەکە زیاترە".
گیوربوز ئەوەشی راگەیاند، دەسەڵاتداری ئەو دەزگایانە نییە، کە بەپێی داوای سەرمایە دەجوڵێتەوە و وتیشی "دەسەڵاتێک کە نەک بۆ کرێکاران، بەڵکو بۆ خاوەنکارەکان گۆڕانکاریی دروستکردووە و ئەوان دەپارێزێت، دەبێت بە خێرایی گۆڕانکاریش بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان دروست بکات و ئەوانیش بپارێزێت. ئەو گۆڕانکارییەش بۆ وەڵامدانەوە بێت بە کرێکارە زیانبەرکەوتووەکان و زەحمەتکێشان. لەم دۆخەدا نابێت ترسی لە دەستدانى کار بکەوێتە دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان".
ژ.ت