تەڤگەری ئازادی: دەنگ بە پاڵێوراوە بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەرەکان دەدەین نەک قەوارە و لایەنەکان

تەڤگەری ئازادی رایگەیاند، بە بڕیارى سیاسى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى باشووری کوردستان بێبەشکراون. راشیگەیاند، وەک تەڤگەر دەنگ بە هیچ لایەنێک نادەن، بەڵام دەنگ بەو پاڵێورانەدەدەن کە کەسانى بە هەڵوێست و وڵاتپارێز و دیموکراتیکن.

تەڤگەری ئازادیى كۆمەڵگەی كوردستان راگەیاندراوێکى سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەبێ هیچ هۆکارێکى یاسایى و بە بەرچاوى هەموو ئەو هێزانەى باشوورەوە کە ئیدعای دیموکراسی و ئازادى دەکەن، تەڤگەرى ئازادییان بێبەشکرد لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان و زۆربەى هێزەکانى باشووریش لەبەرامبەر ئەو پێشیلکارییەدا بێدەنگ بوون.

تەڤگەرى ئازادی راشیگەیاندووە، بێبەشکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ بڕیارى سیاسى دەگەڕێتەوە و جەختى لەوەشکردووەتەوە "بۆیە ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی پێمان وایە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەبارودۆخێكی نائارام و ناهاوسەنگ و پركێشەدا و لەبن دەستی زۆرداری وكۆمسێۆنێكی حزبی و دادگایەكی بێ ئیرادەكراودا نەوەك ئەنجامی نابێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە كێشەكان قوڵتردەكاتەوەو ناكۆكی و ئاڵۆزی زیاتر بەدوای خۆیدادێنێت".

تەڤگەرى ئازادی ئەوەشی خستووتەڕوو "پشتگیریی هیچ هێزو قەوارەیەكی سیاسی ناكەین، بەڵكو لەسەر پێوانەكانی وڵاتپارێزی، نیشتمان پەروەری، نەبونی دۆسیەی گەندەڵی، پێوانی دیموكراتی‌و خزمەتكردنی گەل‌و باوەڕبوون بە تێكۆشانی نەتەوەیی‌و هەوڵدان بۆی، وەك كەسایەتی پشتگیری لەو كاندیدانە دەكەین كە هەڵگر‌و خاوەنی ئەم پێوانانەن".

دەقى راگەیاندراوەکەى تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان

هەڵوێستی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان

سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان

گەلی كۆڵنەدری كوردستان

دۆستان‌و هەڤالانی تێكۆشەر

پرۆسەی هەڵبژاردن ئەو پرۆسەیەیە هەموو لایەك بە گەل‌و قەوارەو لایەنە سیاسیەكان لە هەر وڵاتێكی ئەم جیهانە بۆ دیموكراتیزەكردن‌و دەستەودەستكردنی بەرێوەبەرێتی‌و گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە باشوری كوردستاندا یەكەم هەنگاوی  ئەو پرۆسەیە بە قەدەخەكاری‌و بێ یاسایی هەڕەشە‌و بەبێ ئیرادەی گەل‌و بە بێ بەشداری سەرجەم لایەن‌و هێزو قەوارەكان بڕیاری ئەنجامدانی دەدرێت‌و پروپاگەندەش دەكرێت كە گوایە ئەم پرۆسەیە دیموكراسی‌و ئازادی‌و كوردستانێكی بەهەشت ئاسامان بۆ دەهێنێت. وەك تەڤگەری ئازادی لەسەر داوا‌و پێویستیەكانی گەل‌و پێویستی قۆناخی سیاسی‌و بە رەچاوكردنی باوردۆخی كە هەیە لە رابردوو بەشداری هەڵبژاردنمان كردوو هەوڵمان بۆی دا. بەشداربین لە هەڵبژاردن یان بەشدار نەبین، لە پەرلەمان بین یان نەبین، پرۆژەمان بۆ گەلەكەمان‌و رەوشی سیاسی‌و هەموو بارودۆخەكان هەبوە‌و دەبێت، ترسی هەرە گەورەی دەسەڵات‌و هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە قەدەخەكردنمان ئەم پرۆژانەمان بوون كە ئیرادەی گەل‌و خۆبەرێوەبەری گەل بە بنەما دەگرێت. بۆیە هەروەك چۆن لەسەر پێوان‌و داخوازیەكانی گەل بەشداربووین لە داهاتووشدا هەر بەم پێوانانە نزیك دەبینەوە‌و هەڵوێست وەردەگرێن.

بەرێزان

جەماوەری وڵاتپارێز‌و دیموكراتخواز

هەڤاڵان. دۆستان

تەڤگەری ئازادیی لە بەرواری 17-10-2014 دامەزراو و یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست، پاش كۆنگرە لە ڕێگەی پارێزەرەكانیەوە ڕاستەوخۆ دۆسیەی خۆتۆمار كردن و داخوازی مۆڵەتی فەرمی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش بەلایەنی پەیوەندیدار كرد، بەڵام چوار ساڵ تێپەڕیوە تا ئێستا بە بێ هەبوونی هیچ كێشە و كەموكورتیەكی یاسایی یان سیاسی لەلایەن ئێمەوە وەڵام نەدراوینەتەوە نە بە بەڵێ و نەش بە نەخێر، ئەمەش بە پێی یاسای پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، پاش 90 ڕۆژ واتا سێ مانگ وەڵام نەدانەوە، ڕاستەوخۆ ئەو پارتە دەبێتە پارتێكی فەرمی مۆڵەت پێدراو، كەواتە ئێستا هەر بە پێی خودی یاساكانی ئەم هەرێمە، تەڤگەری ئازادیی پارتێكی فەرمی هەرێمی كوردستانی عێراقە، سەرەڕای ئەوەش لە ساڵی 2017 بە پێی هەمواری نوێی یاسای پارتە سیاسیەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەڤگەری ئازادیی مۆڵەتی فەرمی وەرگرت و لە ئاستی عێراقدا بوو بە پارتێكی فەرمی ڕێگەپێدراو.

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە لە (30- ئەیلولی ـ 2018) بەڕێوەدەچێت، تەڤگەری ئازادیی وەكو قەوارەیەكی سیاسی خۆی تۆمار كرد‌و لەو چوارچێوەیەدا ڕێكارە یاسایی و كارگێڕیەكانی ئەنجامدا‌و بێ كەموكورتی پێشكەشی كۆمیسیۆنی كرد، پاش وردبینی كۆمیسیۆن بۆ قەوارەكان بە شێوەیەكی ئاشكرا و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەڤگەری ئازادییش لە ڕیزبەندی ژمارە  23ی لیستە قبوڵ كراوەكاندا ڕاگەیەندرا.

ئەمەش بوو بە هۆی ترسی دەسەڵات لە بەشداری تەڤگەری ئازادی لە هەڵبژاردنەكاندا، بە داخەوە بە بێ هەبوونی هیچ پێشێلكاریەكی سیاسی‌و یاسایی بە بێ ئەوەی ئاگادار بكرێینەوە لە ڕاگەیاندنەكانی دەسەڵاتەوە ڕاگەیەندرا كە لە لایەن ڕێكخراوێكی سێبەری دەسەڵاتەوە "كە بۆ ئێمە جێگەی گومانە" تانە لە بڕیاری كۆمیسیۆن درا كە بەشدار بوونی تەڤگەری ئازادیی ئەرێ كردووە، بە دوو بیانوی نا یاسایی كە بۆخۆی فەزیحەیە و بەڕوونی دەستێوەردانی سیاسی پێوە دیارە.

یەكەم: دەڵێت گوایە (تەڤگەری ئازادیی پارتێكی فەرمی نیە)، لە كاتێكدا هەموان دەزانن تەڤگەری ئازادی نەك وەكو پارتێكی سیاسی، بەڵكو وەكو قەوارەیەكی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەكان خۆی تۆمار كردووە، بێگومان تەڤگەری ئازادیی لە ڕێگەی یاسای كۆمیسیۆنەوە فۆرمی 102ی پڕ كردۆتەوە كە پاش وردبینی كۆمیسیۆن پشت راست كراوەتەوە كە هیچ كێشەیەك لە فۆرمەكەدا نیە كە بریتیە لە 500 ناوی ئەندامانی تەڤگەر كە ئێمە 50 ناوی یەدەگیشمان لەگەڵدا هاوپێچ كردبوو، هەرچەندە گومانمان نیە لە ناوەكانمان چ لە ڕوی نەزاهەوە بێت یان سیاسی‌ هیچ گرفتیكیان نیە، ئەو تانەیەی لەو بڕیارە درابوو هێندە شڵەژان و شپرزەیی پێوە دیاربوو تەنانەت ناكۆكی لە نێوان هەردوو خاڵەكەدا هەبوو كە وەكو بیانوو بە كارهێنرابوون، چونكە ئەگەر تەڤگەری ئازادیی وەكو پارتێكی سیاسی تۆمار بكرابوایە پێویستی بە پڕكردنەوەی فۆرمی 102 نەبوو، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر وەكو قەوارەیەك تۆمار كرابوایە، هەبوونی بیانوی فەرمی نەبوون زۆر لاواز و بێ واتابوو و بێ واتایە، كەواتە ئەم تانەیە گاڵتە كردنبوو بە خودی یاساكانی كۆمیسیۆن، كە پارتە دەسەڵاتدارەكان تێیدا جێگە دەگرن. بۆیە ئاشكرایە هاندانی ڕێكخراوێكی پاشكۆ و سێبەری خودی دەسەڵات، بۆ تانەدان لە بڕیاری بەشداری كردنی تەڤگەری ئازادیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەو بڕیارە بێ ئاگادار كردنەوەی تەڤگەر، بڕیارێكی سیاسیە و تاسەرئێسقان نایاسایی بوو ‌و نایاساییە.

لە دوای ئەم بڕیارە ئەوەی جێگای سەرنج‌و گومانە بۆ ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی بێ هەڵوێستی‌و بێ دەنگی زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی ئەم هەرێمەیە تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەم بڕیاریە سیاسیە نا یاساییەدا بەرامبەرمان، لە ئێستاشدا كە پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی باشوری كوردستان دەستی پێكردووە‌و تەواوی ئەو هێزو لایەنانە لە بڵندگۆكانیانەوە بانگەشەی دیموكراسی‌و هێنانەدیی ئازادی‌و مافەكانی گەل دەكەن بۆ ئێمە جێگەی نیشانەی پرسیارێكی گەورەو گومانا‌وی‌و گاڵتەجاریە. بە تایبەت لە كاتێكدا كە زۆربەی گەلەكەمان وەك ئێمە بیر دەكاتەوە‌و هاو هەڵوێستە.

بە تایبەت لە كاتێكدا ئاشكرایە ئەو سیستەمە شكستخواردووەی دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان گەلەكەمانی رووبەڕوی چەندین كێشەی سەخت‌و دژوار كردۆتەوە، رۆژانە كۆمەلگە بەژن‌و پیاو گەنج‌و منداڵەوە بەهۆی ناعەدالەتی، نایەكسانی، هەژاری‌و بێكارییەوە ناچاری كۆچكردن، نەداری، خۆ لەناوبردن‌و دەیان دەرد و نەخۆشی باجەكەی دەدەن، ئەوە سەرەڕای كێشەو قەیرانە ئاڵۆزەكانی ئێراق‌و ناوچەكە‌و كێشە كەڵەكەبووەكانی باشوری كوردستان كەراستەوخۆ خۆراك بەیەكدی دەدەن. جگە لەوەش باشوری كوردستان كراوەتەوە بۆ تەراتێنی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان‌و رووبەڕووی هەڕەشەو داگیركاری بۆتەوە هۆكاری هەموو ئەوانەش دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە دووڕووی‌و گەندەڵ‌و تاڵانكاریەیە كە بەرژەوەندیەكانی بە بەرژەوەندی داگیركەرانی كوردستانەوە گرێدراوە. لەهەلومەرجێكی بەم شێوە نائاسییەدا كە تاك‌و كۆمەڵگای خستۆتە دۆخێكی ناهەموارو بێ هیوا بەرامبەر بە چارەسەریە باوەكان، لەكاتێكدا هیچ دامەزراوەیەكی نیشتیمانی باوەڕ پێكراوی گەل لەئارادانەماوە لەبارودۆخێكی ئاوادا دەسەڵاتدارانی بەرپرسیار لەو كێشانە سەرئەنجام بریاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستانیاندا لە30 ـ ئەیلول ـ 2018.

بۆیە ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی پێمان وایە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەبارودۆخێكی نائارام و ناهاوسەنگ و پركێشەدا و لەبن دەستی زۆرداری وكۆمسێۆنێكی حزبی و دادگایەكی بێ ئیرادەكراودا نەوەك ئەنجامی نابێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە كێشەكان قوڵتردەكاتەوەو ناكۆكی و ئاڵۆزی زیاتر بەدوای خۆیدادێنێت.

هاوڵاتیانی هۆشیارو ئازادیخواز

تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان سەرەرای ئەو ناحەقی و نادادیەی لەبەرامبەری كرا و بەبریارێكی سیاسی دوور لە هەموو پێوانەیەكی یاسایی وئەخلاقی لەپرۆسەكە دورخراینەوە، بەڵام لەبەر ئاڵۆزتر نەبوونی بارودۆخی سیاسی و هەستیاری قۆناغەكە دانمان بەخۆمانداگرت و جگە لە راگەیاندنێك بۆشەرمەزاركردنی بریاری دادگای بەناو هەرێم هیچ كاردانەوەكمان لەئاستی سیاسی و جەماوەری دا نەنواند، بەڵكو چاودێری دۆخەكەبووین كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم هەوڵی رەخساندنی هەلومەرجێكی گونجاوبدەن و كەشێكی ئارام دروست بكەن، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ گرفت‌و نائارامیان پەرەپێداو دۆخێكی نائامادەیی دەروونی‌و بێ بڕواییان فراوانتركرد، سەرەڕایی هەموو ئەو كۆسپانە تەڤگەری ئازادی لەبەرامبەر پێوانە ئەخلاقی و بەهاو نرخەكانی كۆمەڵگا خۆی بەرپرسیار دەبینێت و بەپشتیوانی گەل و نیشتیمان پەروەران و پەرۆشانی دۆزی گەلەكەمان هەرچی پێویست بێت بۆسەرەراستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی كەبكەوێتە خزمەتی كۆمەڵگا درێخی ناكات.

بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوراستیانە باوەریمان بەگەل هەیە كە هەرگیز ئەو ستەمكاری و ناعەدالەتی وگەندەڵی و تاڵانكاریانەی ٢٧ ساڵی دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستانیان بیرناچێتەوەو نابێت رێگەبدرێت سەروەت و سامانی وڵاتەكەمان هەراج و هەرزان فرۆش بكرێت‌و شكۆو سەروەری نەتەوەییمان لەبەردەم ناحەزان و داگیركەران بشكێنن.

لەبەر رۆشنایی پێوانەكانی تەڤگەری ئازادی‌و هەروەها ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی كە گەلەكەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت‌و بەتایبەت دوای ئەو هەموو هەوڵەی كە درا بۆ دوور خستەوەی تەڤگەرەكەمان لە پرۆسەی سیاسی، لەو باوەڕەداین‌و دەڵێین بەشداری‌و پشتگیری هیچ هێزو قەوارەیەكی سیاسی ناكەین، بەڵكو لەسەر پێوانەكانی وڵاتپارێزی، نیشتمان پەروەری، نەبونی دۆسیەی گەندەڵی، پێوانی دیموكراتی‌و خزمەتكردنی گەل‌و باوەڕبوون بە تێكۆشانی نەتەوەیی‌و هەوڵدان بۆی، وەك كەسایەتی پشتگیری لەو كاندیدانە دەكەین كە هەڵگر‌و خاوەنی ئەم پێوانانەن.

وێرای هەموو ئەمانە، تەڤگەری ئازادی باوەڕی تەواوی بەپرۆسەی سیاسی و دیموكراتیانەهەیە كەبكەوێتە خزمەتی كۆمەڵگاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها هەڵبژاردن تێری چارەسەری كێشەكان و گۆرانكاری و دیموكراتیزەبوون ناكات، هاوشانی ئەوە چارەسەری جەوهەری بۆكێشەكانی كۆمەڵگا لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری ‌و زامنی پاراستنی گەل لەتەوەری خودی كۆمەڵگادا بەرجەستەدەبێت كە بە هۆشیاری و پەروەردەو خۆبەرێكخستن كردن دێتەدی. بۆ ئەمەیش لە داهاتوێكی نزیكدا پرۆژەی چارەسەری خۆمان رادەگەینین‌و بەردەوام دەبین لە تێكۆشان شان بەشانی گەلەكەمان.

لەگەڵ سڵاو رێزماندا

تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان 10 ـ 9 ـ 2018

ر.م