جەژنی ژیانەوە لە روسیاش پیرۆز کرا

کوردانی ناوچەی نۆڤۆلیکساندرۆڤسکی لەگەڵ دۆست و هاوڕێکانییان بە ئاهەنگێک ٤١-مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد.

کوردانی ناوچەی نۆڤۆلیکساندرۆڤسکی-ی سەر بە شاری ستاڤراپۆلی فیدراسیۆنی روسیا لەگەل دۆست و هاوڕێکانیان ٤١-مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد. پیرۆزباییەکە لە هۆڵی کۆنسێرتەکان-ی ماڵی گەل لە ناوچەکە بەڕێوە چوو، بە دەقەیەک رێزگرتن بۆ وەبیرهێنانەوەی فیداییەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد.

لە ئاهەنگەکەدا حوسێن ئەحمەدۆڤ هاوسەرۆکی ئۆتۆنۆمی کەلتووری کوردانی ناوچەی نۆڤۆلیکساندرۆڤسکی قسەی کرد و وتی:"پەکەکە کە ئیرادەی ئازادیی پێشکێش بە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات کرد، رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت و نزیک دەبێتەوە لە ئازادی. ئەم بزوتنەوەیە کە بە پێشەنگیی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان هاتە کایەوە، بێگومان ئازادی پێشکێش بە گەلی کورد دەکات."

دواتر لودمینا نیکۆلاڤنا سەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی نۆڤۆلیکساندرۆڤسکی و نوێنەری رێکخراوەکانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئاهەنگەکەدا وتەیان پێشکێش کرد و ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد.

لە ئاهەنگەکەدا هەر یەک لە هۆزان جۆمەرد و یونس ئاگری و هونەرمەندە میلییەکانی ناوچەکە گۆرانییان چڕی و ساڵیادەکەیان پیرۆز کرد.

ز.ش