سێیەمین فێستیڤاڵی کلتوریی شەهید گەنجۆ‌ کۆتایی هات

سێیەمین فێستیڤاڵی کلتوریی شەهید گەنجۆ کۆتایی هات و تیایدا چەندین چالاکی هونەری و کلتوریی پارچەکانی کوردستان نمایشکران، بە شانۆگەرییەک داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرا و بانگی تێکۆشان و سەرکەوتن دژی داگیرکاریی درا.

سێیەمین فێستیڤاڵی کلتوریی شەهید گەنجۆ‌دا، بە بەشداریی چەندین گروپی شانۆ، موزیک و هەڵپەڕکێ و گۆرانیبێژ، لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە ئەنجامدرا و تێیدا زنجیرەیەک چالاکی هونەریی و جۆراوجۆر پێشکەشکران و بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کۆتایی بە فیستیڤاڵەکە هات.

لە دەستپێکرنی چالاکییەکانی ئەمڕۆی فێستیڤاڵەکە، لەلایەن هەریەک لە گروپی موزیکی هونەرە جوانەکانی کورد و گروپی موزیکی مەخمور، چەند پارچە گۆرانی و موزیکی کلتوری و شۆڕشگێڕیی پێشکەشکران.

هەروەها گۆڤەند و هەڵپەڕکێی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن گروپی هەڵپەڕکێی شەهید ڤیان سۆران نمایشکرا، دواتر گروپی نەغمەی دەشت بۆ شانۆی سکێچ، شانۆگەرییەکی کۆمیدییان نمایشکرد.

هەروەها لەلایەن گروپی شانۆیی سەردەمەوە، شانۆگەرییەک لەسەر تەماحکاریی و پاوانخوازیی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا و سیاسەتی داگیرکاریی لەسەر کوردستان پێشکەشکرا، وێڕای شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکان، بانگی تێکۆشان کرا بۆ سەرکەوتن بەسەر فاشیزم و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

لە کۆتاییشدا لەلایەن هونەرمەندانی میللی بەهمەن کەمال، ئەشکان دەرسیم، چەند گۆرانییەکی شاد وتران و بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە هێنرا.

ف.ق