سەرحەد ڤارتۆ: ئیدلب چارەنووسى تورکیا روون دەکاتەوە

سەرحەد ڤارتۆ ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە رایگەیاند، ئەگەر تورکیا لە ئیدلب بدۆڕێت ئیتر ناتوانێت سیاسەتەکەى لە عەفرین بەرەو پێش ببات، چونکە باردۆخى عەفرین هەندێک پەیوەندیى بە ئۆپراسیۆنى ئیدلبەوە هەیە.

سەرحەد ڤارتۆ ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە دوای دۆڕانى تورکیا و داعش لە کۆبانێ، ئیتر تورکیا لە سوریا ئاکتۆر و لایەنى سەرەکى و کاریگەر نییە.

سەرحەد ڤارتۆ راشیگەیاند "تورکیا سیاسەتى خۆى لەسەر ئەوە بونیاتناوە کە رێگا نەدات کورد هیچ  سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت. ئەو سیاسەتە بە بنبەست گەیشتووە. پێشکەوتنەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکان ئەو سیاسەتە دوورە پەرێز و کەنارگیر دەکات. جارێک روو لە ئەمریکا و جارێک روو لە رووسیا - ئێران دەکات، بەڵام ئەوە سوودێکى بەرچاوی بۆی نابێت".

ڤارتۆ باسی ئەوەشیکرد، لە بابەتى عەفریندا رووسیا و رژێمی سوریا و ئێران ناکۆکییان لەگەڵ تورکیادا بۆ دروست دەبێت. هاوکات بۆ گەورەترکردنى بەرخۆدان دەرفەتى زیاتر دەڕەخسێت و ئەوەش تورکیا زیاتر کەنارگیر دەکات.

ئەوەشى وت، تورکیا دەیەوێت لە بەرامبەر ئیدلب دا لە هێڵی عەفرین و جرابلوس درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەڵام ئەوە روونادات.

سەرحەد ڤارتۆ ئەندامى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دوا.

 

'هێرشەکانى رژێمی سوریا کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە'

سەرحەد ڤارتۆ لەبارەی هێرشەکەى قامیشلۆوە رایگەیاند، بەپێى ئەو راگەیاندراوەى لەلایەن ئاسایشى ناوخۆی قامیشلۆوە بڵاوکراوەتەوە ئێمە ئەوە دەبینین، کە رژێم دەیەوێت بە کردەوە دەسەڵاتى خۆی بەرەوپێش ببات. دەیەوێت بە دەستگیرکردنى هەندێک گەنج لە قامیشلۆ بڵێت 'هەموو سوریا لە ژێر کۆنترۆڵى مندایە و چیم بوێت دەیکەم'. دەیانەوێت ئەوە بسەپێنن و ئەو هەڵوێستەى کە دەیانەوێت نیشانى بدەن بەو شێوەیە دەیخەنەڕوو. بیگومان ئەوە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. دەبێت لە نێوان حکومەتى سوریا و هێزەکانى باکووری سوریادا دیالۆگ و حقوق دروست ببێت و بابەتەکان لە رووی حقوقییەوە چارەسەربکرێن.

'هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک نوێنەرایەتیى گەلی سوریا دەکەن'

ڤارتۆ لەبارەى چاوپێکەوتنى نێوان هێزەکانى کورد و رژێم و وتى "بەداخەوە هێشتا عەقڵییەت و هۆشمەندیى رژێمى سوریا گۆڕانکاریى تیادا دروست نەبووە. دەیەوێت سەرلەنوێ باڵادەستیى خۆی بەسەر تەواوى سوریادا بسەپێنێت. تەنانەت دەیەوێت ئەو گەلەى کە ئازادی، دیموکراسی و ئاشتیى دەوێت سزا بکات. تاکە رێگاى حکومەت بۆ مانەوە لەسەر پێ ئەوەیە، کە گەلانى سوریا و هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک رێبکەون. جگە لەوە هیچ رێگایەکى تر بۆ مانەوەى ئەو حکومەتە لەسەر پێ نییە. من دەتوانم ئەوەش بە شێوەیەکى کراوە و ئاشکرا بڵێم، هێزەکانى سوریای دیموکراتیک نوێنەرایەتیى هەموو سوریا دەکەن. هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک خاوەنى هێزى سەربازی، سیاسی و ناوچەیەکە بە ژمارەیەکى دانیشتوانى زۆرەوە و لە ئاستى نێودەوڵەتیشدا رەوایى هەیە. وتەکانى حکومەت هیچ راستییەکیان نییە. لە چاوپێکەوتنەکاندا داواى سوریایەکى دیموکراتیکى سەرتاسەری دەکرێت. یانى ئەوەى بۆ باکوور و رۆژڵاتى سوریا دەیانەوێت بۆ شام و لازقییە و حەلەبیش دەیانەوێت. سیستمى دیموکراتیک پشتبەستووە بە ئیرادەى گەل و پێشنیازەکانى دەخاتەڕوو.  بۆ ئەوەش دەبێت هەموو گەلانى سوریا خاوەنداری لەو داوایە بکەن".

سەرحەد ڤارتۆ ئەوەشی وت "ئەگەر رژێم هێرش بکات ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەى سوریا پارچە ببێت و تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەى کە رژێم هەڵبوەشێتەوە. بۆ ئەوەش پێویستە رێککەوتنێکى دیموکراتیک بێتە ئاراوە".

'ئەگەر کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر نەکرێن هێزە دەرەکییان لە سوریا ناچنە دەرەوە'

ڤارتۆ لەبارەى بوونى هێزە دەرەکییەکان لە سوریا وتی "ئێستا ئەوانەى لە سوریا باڵادەستن هێزە دەرەکییەکانن. رووسیا و ئێران کاریگەرییان هەیە. گرنگترین خاڵ بۆ رژێمى سوریا ئەوەیە کێشەکانی سوریا چارەسەر بکرێن. ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن ئەوا هێزە دەرەکییان زیاتر یاری بە سوریا دەکەن و ئەوەش دەرفەت بۆ پارچەکردنى سوریا دەڕەخسێنێت. ئەگەر بەڕاستى رژێمى سوریا وڵاتپارێزیى دەوێت ئەوا دەبێت زیاتر بە دواى چارەسەریدا بگەڕێت. ئەگەر سوریا کێشە ناوخۆییەکانى چارەسەر نەکات هێزە دەرەکییەکان لە سوریا ناچنە دەرەوە. بۆ حساباتی خۆیان قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە و نایانەوێت قەیرانەکانى سوریا کۆتاییان پێبێت. تاکە رێگاى چارەسەری ئەوەیە بەشێوازێکى دیموکراتیک لەگەڵ هێزەکانى باکووری سوریا و هەموو گەلانى سوریا کێشەکان چارەسەر بکات".

 'ئیدلب خاڵێکى ستراتیژییە'

سەرحەد ڤارتۆ ئەندامى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە لەبارەی چاوپێکەوتنە سێقۆڵییەکانى نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران لە تاران ئاماژەى بەوەکرد "تاوەکو کاتى هاتنەپێشەوەى بابەتى ئیدلب، تورکیا، ئێران و رووسیا لەگەڵ یەکتر رێککەوتبوون. رێککەوتنى تورکیا لەسەر بنەماى دوژمنایەتیکردنى کورد بوو. بۆ ئەوە هەموو دەستکەوتەکانى کورد لە ناو ببات و لەو رێگەیەوە کاریگەریى زۆری بەسەر سیاسەت لە سوریادا بۆ خۆی دەستەبەر بێت، بەڵام سیاسەتى تورکیا لەوەدا سەرنەکەوت. بە بێ شەڕ کێشەى ئیدلب چارەسەر نابێت. بە دڵنیایەوە شەڕ لە ئیدلب روو دەدات. داوا و خواستى رووسیا و ئێران و تورکیا لە یەک جیان، بەڵام پیویستیشیان بە یەکە. ئێستا رووسیا دەیەوێت رژێم لە هەموو ناوچەکانى سوریا، بەدەر لە رۆژهەڵاتى رووباری فورات، باڵادەست بێت و نایشیەوێت تورکیا لە دەست بدات. ئەوەش زۆر قورسە. ئێرانیش هەم دەیەوێت تورکیا لە سوریا بچێتە دەرەوە و هەم دەیەوێت لە دژى ئەمریکا لەگەڵ تورکیا ببێتە هاوپەیمان. تورکیاش دەیەوێت لە سوریا (لە ئیدلب، جەرابلوس، باب و عەفرین) بمێنێتەوە و درێژە بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریا، ئێران و رووسیا بدات. ئەوانەش زۆر قورسن. ئەوە تاوەکو کۆتایى بڕ ناکات. ئیدلب بۆ سوریا و رووسیا ستراتیژیکە. حەلەب لە ژێر هەڕەشەدایە. هەموو چەتەکان لەوێ نیشتەجێکراون. لە ئیدلبەوە تاوەکو جەرابلوس، باب و عەفرین زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەتە کۆکراونەتەوە و جێگیرکراون. ئەو هیزە هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر حەلەب. ئەگەر حەلەب بکەوێت شام (دیمەشق) ناتوانێت خۆی لەسەر پێ رابگرێت. ئەگەر سوریا، ئێران و رووسیا بیانەوێت لە سوریادا سەرکەوتو بن دەبێت ئیدلب بگرن".

'حساباتى هەموو لایەنەکان جیاوازە'

ڤارتۆ لەبارەى بوونى تورکیا لە سوریا و بەتایبەتى لە ئیدلب و ئەوەى خستەڕوو "تورکیا دەیەوێت لە هێڵی ئیدلب تاوەکو جەرابلوس ناوچەیەکى سەربەخۆ لە ژێر کۆنترۆڵى خۆیدا دروست بکات. لەو ناچانەدا چەتەکانى بەرەى نوسرە و قاعیدەش بوونیان هەیە. بە دڵنیاییەوە شەڕ لە ئیدلب روو دەدات و ئەگەر تورکیا دەستێوەردان بکات ئەوا شەڕەکە گەورەتر دەبێتەوە. ئەگەر تورکیا لە دژ نەبێت، رووسیا، رژێم و ئێران دەیانەوێت سەرەتا گروپى تەحریری شام بکەنە ئامانج. هەوڵ دەدەن تاوەکو تێکشاندنی تەحریری شام لە بابەتەکانى عەفرین و جەرابلوس دا رووبەڕی تورکیا نەبنەوە، بەڵام لە دواى تێکشکاندنی تەحریری شام بابەتى عەفرین و جەرابلوس و باب سەرلەنوێ دێتەوە بەرباس و پێشهاتەکان بەوشێوەیە دەبن".

'هێرشى کردە سەر عەفرین و تاڵانیى کرد و ئێستاش باس لە هاووڵاتییانى مەدەنی و هاوکاریى مرۆیى دەکات'

سەرحەد ڤارتۆ لەبارەى لێدوانى بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا کە باس لە کوژرانى هاووڵاتییانى مەدەنى دەکەن رایگەیاند "ئێستا تورکیا بابەتى هاووڵاتییانى مەدەنیى کردووەتە رۆژەڤ و باسی هاوکاریى مرۆیى و روودانى کارەسات دەکات، بەڵام ئەو هێرشى کردە سەر عەفرین، کە ناوچەیەکى ئارام بوو. بەهۆی هێرشەکەى تورکیاوە هەزاران هاووڵاتیى مەدەنی، کە لە عەفرین ژیانیان بەسەر دەبرد و ئەوانەشی کە لە شەڕدا و لە ناوچەکانى ترەوە چووبوون بۆ عەفرین و تیایدا دەحەوانەوە، ناچار بوون رابکەن. هێرشى کردە سەر عەفرین و کوشتاری ئەنجامدا. تاڵانیى ئەنجامدا و هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانى سڕییەوە. هێزە نێودەوڵەتییەکان ورتەیان لێوەنەهات. ئێستاش هەر بابەتى عەفرین لە نێوان ئەمریکا و رووسیا بابەتى مامەڵە و سەودا پێکردنە'.

'رووداوەکانى سوریا تورکیا بەملاو و ئەولادا رادەکێشێت'

سەرحەد ڤارتۆ لەبارەى ئامانجی لایەنەکان لە سوریا راشیگەیاند "ئەمریکا و دەوڵەتە ئەوروپییەکان سیاسەت بەو شەڕەوە دەکەن، کە لە ئیدلب روودەدات. ئەو شەڕە چۆنیەتیى سیاسەت و بارودۆخیان لە سوریا دیاری دەکات. هەر لە ئێستاوە سیاسەتى تورکیا لە سوریا لەوبارەیەوە دیارە. دواى تێکشکاندنی چەتەکانى داعش لە کۆبانێ ئیتر بوونی تورکیا وەک ئاکتۆرێک لە سوریا کۆتایى پێهات. ئێستا تورکیا لەو دۆخەدا نییە کە سیاسەتێکی نوێ دابڕژێت و بەپێى ئەو سیاسەتە نوێیە بڕوات، بەڵکو ئەو رووداوانەى کە لە ناوچەکەدا روودەدەن تورکیا بە داوى خۆیاندا رادەکێشن. لەبەر ئەوەشە ئەوەى لە ئیدلب روودەدات باش روون نییە. تورکیا بە دواى دۆخى ئیدلبدا رادەکێشرێت، چونکە تورکیا هەموو سیاسەتەکانى ئەوە بوو کە کورد نەبێتە خاوەن دەستکەوت و دەستکەوتەکانى کورد لەناو ببات. ئەو سیاسەتەش بە بنەست گەیشتووە. جگە لەوەش سیاسەتێکى جیاواز و ئەڵتەرناتیڤیشی نییە. ئەو روودانەی کە روودەدەن تورکیا بەملاو و ئەولادا رادەکێشن. هەندێکجار بەرەو لاى ئەمریکا و هەندێکجار بەرەو لاى رووسیا – ئێران رادەکێشرێت. ئەمریکا زۆر یارمەتیى تورکیا ناکات و داواش لە رووسیا و سوریا دەکات ئێران تەنگاو بکەن".

'بە تێکشکاندنی تورکیا لە ئیدلب دەرفەتى زیاتر بۆ هێزەکانى عەفرین دەڕەخسێت'

سەرحەد ڤارتۆ ئەندامى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە لەبارەى کاریگەریى ئۆپراسیۆنى ئیدلب لەسەر عەفرین وتیشی "دۆخی عەفرین هەندێک پەیوەندیى بە ئۆپراسیۆنى ئیدلبەوە هەیە. لە بابەتى عەفریندا ناکۆکیی رووسیا، رژێم و ئێران لەگەڵ تورکیا روودەدات. بۆ گەورەترکردنى بەرخۆدانى عەفرین دەرفەتى زیاتر دەڕەخسێت. تورکیا لە بەرامبەر ئیدلب دا داواى هێڵی عەفرین، جەرابلوس و شەهبا دەکات بۆ ئەوەى بوونی خۆی لە سوریا بپارێزێت، بەڵام ئەوەى بۆ ناچێتە سەر و ڕووش نادات. ئەوە راستە کە سوریا و ئێران دەیانەوێت تورکیا بە تەواوی لە سوریا بکەنە دەرەوە. ئەگەر تورکیا لە ئیدلب بکرێتە دەرەوە ئەوە گوشار بۆ سەر عەفرین و جەرابلوس زیاتر دەبێت. ئەگەر سیاسەتى تورکیا لە ئیدلب سەرنەکەوێت ئەوە سیاسەتەکەشی لە عەفرین و ناوچەکانى تر بەرەو پێشناڕەوات و شانسیش بۆ بەرەو پێشچوونی نامێنێت. لەبەر ئەوەیە لەو کاتەدا دەرفەت بۆ هێزەکانى عەفرین دەڕەخسێت. بێگومان هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک ئەو راستییە دەزانن و بەپێى ئەوەش جموجوڵ دەکەن".

ر.م