عومەر ئۆجالان: نایانەوێت ئۆجالان لەگەڵ گەلەکەیدا پەیوەندیى هەبێت

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتارى رحای هەدەپە رایگەیاند، کورد لە قۆناغێکی قورس و قەیراناویدایە. نایانەوێت بەڕێز ئۆجالان هیچ پەیوەندییەکى لەگەڵ گەلەکەیدا هەبێت، بەڵام دەبێت کۆتایى بەو کارەیان بهێنن.

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری رحای هەدەپە و برازاى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد وتى: "تێکۆشان و دەستکەوتەکانى گەلی کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستان هۆکارى سەرەکی و بنەڕەتیى سەپاندنى گۆشەگیریى قورسە بەسەر رێبەر ئۆجالاندا لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە. ئەو دۆخە هەم زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت و هەمیش زیان بە دەوڵەتى تورک دەگەیەنێت".

هەفتەى رابردوو سەردان و داواى چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەرەکان بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بە هەمان پاساوە بەردەوام و پێشووەکان رەتکرایەوە.

لە رۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە و پارێزەران و لە رۆژی ٥ى نیسانی ٢٠١٥ەوە شاندی ئیمراڵی و لە رۆژی ١١ى ئەیلولی ٢٠١٦ەوە بنەماڵەکەى نەیانتوانیوە چاویان بە ئۆجالان بکەوێت. هیچ جۆرە هەواڵێکیش لەبارەى تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالانەوە لە بەردەستدا نییە و ئەوەش نیگەرانیى دروستکردووە و تاوەکو دێت نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن.

 

گۆشەگیرکردنەکە بڕیارێکى سیاسیییە

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتارى رحای هەدەپە رایگەیاند، لەبارەى دۆخی ژیان، تەندروستی، ئاسایش و گۆشەگیریى قورسی سەپێنراو  بەسەر ئۆجالاندا نیگەرانن، چونکە هەموو هەفتەیەک پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن داوا لە داواکارى گشتى دەکەن، بەڵام داواکەیان رەتدەکرێتەوە.

عومەر ئۆجالان راشیگەیاند "بە داخەوە سەردان و داواکارییەکانمان بە پاساوی بێ بنەما رەتدەکرێنەوە. تاوەکو ئێستا دەیاندەوت "کەشتییەکە خراپە" و "باری نائاسایى" هەیە. ئێستاش کە گوایە بارى نائاسایى لابراوە، دیسانەوە هەمان ئەو پاساوانە بۆ رێگریکردن لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دووبارە دەکەنەوە. گەرچی ئەو پاساوە نالۆژیکییانە دەهێننەوە، بەڵام گۆشەگیرییەکە بڕیارێکى سیاسییە. ئێستا کورد بە قۆناغێکى قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕێت. لە قۆناغی ئێستادا نایانەوێت بەڕێز ئۆجالان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیى لەگەڵ گەلەکەیدا هەبێت".

گۆشەگیرییەکە لە دژى دەستکەوتەکانى کوردانە

عومەر ئۆجالان ئەوەشى وت، ئیتر دەزانن گەلی کورد بەبێ پێگە ناژین و دەیانەوێت لەمپەر بۆ ئەوە دروست بکەن. بۆ ئەوەى دەست بەسەر هەموو دەستکەوتەکاندا بگرن هەموو شێوازە جۆراجۆرەکان لە دژى گەلی کورد بەکاردەهێنن.

ئۆجالان وتیشی "دەبێت لەو روانگەیەوە سەیری گۆشەگیریى سەر رێزدار ئۆجالان بکەین. تێکۆشان و دەستکەوتەکانى گەلی کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستان هۆکاری سەرەکى و بنەڕەتیى سەپاندنى گۆشەگیرییە بەسەر رێزدار ئۆجالاندا لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە. ئەو دۆخە هەم بۆ کورد و هەم بۆ دەوڵەتى تورک زیانبەخشە".

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتارى رحاى هەدەپە و برازاى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "ئەو رووداوانەى کە روو دەدەن بێ چارەسەری قوڵتر دەکەنەوە. دەبێت گۆشەگیریى قورس لەسەر رێزدار ئۆجالان لاببرێت. ئەندازیار و پلاندانەری پرۆسەى ساڵانى ٢٠١٣ – ٢٠١٥ بەڕێز ئۆجالان بوو. ئەوەش کۆمەڵگە بە باشی دەیزانێت. کەی دیالۆگ لەگەڵ رێزدار ئۆجالان راگیرا ئەو کاتە دۆخەکە گۆڕا. ئەو دۆخەکەى بە باشی بۆ گەلەکەمان شیکردبوویەوە".

ر.م