قەرەسوو: رۆژووی مردن وەک ١٤ی تەمووز مێژووییە

موستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، لەبارەى دیداری رێبەر ئاپۆوە گومان و دودڵی پێشدەخرێن و ئەوەش لەلایەن ناوەندی شەڕی تایبەتەوە دەکرێت، کە ئەو ناوەندە لە کۆنترۆڵی ئاکەپە دایە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) میوانى بەرنامەى ئولکەدەن لە کەناڵی ئاسمانیى مەدیا خەبر بوو و وەڵامى پرسیارەکانى پەیامنێر قادر هوردۆغان-ی دایەوە.

قەرەسوو رایگەیاند، ئەوەى لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت گۆشەگیرییەکى سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراوە و راشیگەیاند "لە کاتى گرتنى رێبەر ئاپۆوە گۆشەگیریى بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەو گۆشەگیرییە هەندێکجار توندکراوەتەوە و هەندیکجاریش بەهۆی دۆخی سیاسییەوە شل کراوەتەوە. ئەوەى ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت گۆشەگیریی توند و چڕە و ئەوەش پەیوەندیى بە دۆخی سیاسییەوە هەیە. سیستمێکى بەرفراوانى پاکتاوکاری بەسەر گەلی کورد دا دەسەپێنرێت. گوشار خراوەتە سەر گەل و لە گۆڕەپانی سیاسەتى دیموکراتیک دا گوشار خراوەتە سەر هێزە دیموکراتیکەکان. ئەوە شانبەشانی گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت".

قەرەسوو راشیگەیاند، لەگەڵ توندکردنەوەى گۆشەگیری لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە دا هێرشە پاکتاوکارییەکان لە سەرتاسەری کوردستان دەستیپێکرد. قەرەسوو وتیشی "لەیلا گیوڤەن لە دژی ئەوانە و بە هەستێکى وڵاتپارێزانە و بە تێگەیشتن و زیهنیەتێکى دیموکراتیکى قوڵ لە داواى خۆی بۆ ئازادى تێگەیشت، کە گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردانە و گوشارە بۆ سەر هێزە دیموکراتیکەکان و لە دژی ئەوانەش هەنگاوێکى هەڵگرت و بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری دەستی بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کرد".

ئاکەپە بۆ ئەوەى هەناسە بکاتەوە بەبەر دەسەڵاتە تەنگاوبووەکەیدا پارێزەرانى رەوانەى ئیمراڵی کرد

قەرەسوور باسی ئەوەیکرد، بەشداریکردنى هەزاران زیندانى لە چالاکیى مانگرتن دا، بەشداریکردنى کوردستانیانی ئەوروپا و گەنجان لە چوار لای دونیاوە و ئەوانەى گرێدراو و پەیوەندیدارن بە بزووتنەوەى ئازادییەوە لەو چالاکییەدا، بوونە هۆی ئەوە کۆمەڵگەى کورد دەست بە جموجوڵ بکات و دەسەڵاتى ئاکەپەیان ریسوا بکەن.

قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد، بەرخودانى دایکان بە لەچکی سپی-یەوە و دەستپێکردنى رۆژووی مردن و هەموو ئەوانە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەیان تەنگاو کرد. ئەوەشی وت "لە ئەنجامی ئەوانەدا و بۆ کەمکردنەوەى ئەو گوشارە، کە لەلایەن رای گشتی لە دەرەوە و لە ناوەوە لێى دەکرێت و بۆ ئەوەی کەمێک ئەو گوشارانە سوک بکات و بۆ ئەوەى ناڕەزایەتیى گەلی کورد کەم بکاتەوە و بۆ ئەوەى هەناسەیەک بکاتەوە بەبەر دەسەڵاتەکەى خۆیدا، کە لە بەرامبەر بە تێکۆشانی گەل و هێزە دیموکراسییەکاندا تەنگاو بووە، پارێزەرەکانى نارد بۆ بینینی رێبەر ئاپۆ. سەرەتا داواى دیدارەکەیان رەتکردبووە، بەڵام ئەمجارە رۆژێک پێشتر تەلەفونیان بۆ پارێزەرەکان کردبوو (رۆژی ١ی ئایار پەیوەندییان بە پارێزەرەکانەوە کردووە و پێیان وتویانە دەتوانن ٢ی ئایار بڕۆن بۆ ئیمراڵی و دیدار ئەنجام بدەن) و پێیان وتبوون 'ئێوە دەتوانن بێن چاوتان بە موەکیلەکەتان بکەوێت' پارێزەرەکان لەو چوارچێوەیەدا دەچن بۆ ئەنجامدانى دیدار. پارێزەرەکانیش ئەنجامى دیدارەکەیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە".

پارێزەران لە هەلومەرجی گۆشەگیریدا دیدارەکەیان ئەنجامدا

قەرەسوو ئاماژەى بەوەکرد، چاوپێکەوتن و دیدارەکە لە ئەنجامى گوشاری راى گشتی و بەرخودانى گەل دا بەدیهات. ئاماژەى بەوەشکرد "گۆشەگیری هێشتا کۆتایى پێنەهاتووە، چونکە سیاسەتى شەڕی ئاکەپە نەگۆڕاوە. سیاسەتى پاکتاوکاریى دژ بە کورد نەگۆڕاوە و تا ئێستاش بەردەوامیى هەیە. بناغەى ئەو سیاسەتە لەسەر گۆشەگیرکردنى رێبەر ئاپۆ دروستکراوە، بۆیە هەر دوای چاوپێکەوتنەکە زیندانیانى مانگرتووی دۆزی پەکەکە و پاژک راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، گۆشەگیری کۆتایى پێنەهاتووە، چاوپێکەوتن و دیدارەکە لە هەلومەرجی گۆشەگیری دا بەڕێوەچووە، بۆیە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان. راشیانگەیاندبوو، دەستەى دووەم دەست بە چالاکیى رۆژووی مردن دەکەن.

رای گشتیى کورد ئەوەى بۆ روون بوویەوە، ئەوە کۆتایهێنان بە گۆشەگیری نییە؛ ئاکەپە بە پووچەڵکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئیستەنبول و بۆ ئەوەى وێناى خۆی پێش هەڵبژاردن باش بکات و بەوەش دەنگی خۆی زیاد بکات، ئەو هەنگاوەی نا. ئێمەش رامانگەیاند، چاوپێکەوتنەکەیان لە سۆنگەى ئەو عەقڵێتەوە رێکخستووە. ئێمە رامانگەیاند، رێز لە پێداگریی زیندانیان بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییەکەیان دەگرین و ئەوان مافداران. هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا رێبەر ئاپۆ بانگەوازێکى روون و ئاشکرای بۆ کۆتایهێنان بە چالاکییەکانى مانگرتن نەکردووە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا راست  و دروست نییە، کە مرۆڤ چاوەڕێ بکات ریبەر ئاپۆ بانگەواز بۆ ئەنجامدانى چالاکیش بکات".

کورد دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەیان لاوازکرد و تێکیانشکاند

قەرەسوو هەڵبژاردنى خۆجێى (شارەوانییەکان)ی ٣١ی ئاداری بەبیرخستەوە و وتى "کورد هەڵوێستێکى گرنگی خستەڕوو. دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپەیان لاواز کرد و تێکیانشکاند. کورد نەک تەنها لە ئیستەنبول، بەڵکو لە ئەنقەرە، ئەنتالیا، چوکورۆڤا، ئەدەنە و مێرسین دا ئەو کارەیان ئەنجامدا. دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لەو ناوچە گرنگانە و لە سەرتاسەری تورکیادا لاواز بوو. لەوەشدا کورد گەورەترین رۆڵی گێڕا و هەدەپە ئەو رۆڵەى ئەنجام دا. بێگومان لە ناو هەدەپەدا کوردیش هەیە، هێزە دیموکراتیکەکانش هەیە. ئەوان سیاسەتێکى راستیان خستەڕوو و ئەنجامیشیان لێوەرگرت".

قەرەسوو سەرنجی خستە سەر دروستکردنى ئەو گومان و دوودڵییانە، کە لەبارەی چاوپێکەتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا بڵاودەکرێنەوە و وتى "ئەو گومان و دوودڵییانە لە ناوەندی شەڕی تایبەت دا دروست دەکرێن، کە ئەو ناوەندەش لە ژێر کۆنترۆڵی ئاکەپەدایە".

قەرەسوو ئەوەی دەستنیشانکرد "فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئێستا لە دژی کورد سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبات. باشە ئەو سیاسەتە گۆڕاوە؟ سیاسەتى دژ بە کوردان گۆڕاوە؟ بە پێچەوانەوە ئەوان لەگەڵ شۆڤێنیزم و لەسەر بنەماى دوژمنایەتیکردنى کوردان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. خۆ ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەر بکەوێت دەڵێت 'سیاسەتەکەم سەرکەوت'. ئاکەپە و مەهەپە پێکەوە سیاسەتى دوژمنایەتیکردنى کورد، دوژمنایەتیکردنى هێزە دیموکراسییەکان بەڕێوەدەبەن. باشە سەرباری ئەو راستییە دەکرێت چاوەڕێى گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هێزە دیموکراتیکەکاندا بکرێت؟ دەکرێت داوا لە کورد بکرێت، کە هەڵوێستى خۆی بگۆڕێت؟ کورد لە تورکیا جەهەریترین هێزی دیموکراسییە. هێزی راستەقینەى دیموکراسییە. دروستترین و راستترین هێزی دیموکراتیکە. بناغەى تێکۆشانی دیموکراسییە. پێکهاتەیەکى بنەڕەتیى هێزە دیموکراتیکەکانە. باشە دەکرێت چاوەڕێى ئەوە بکرێت، کە جەوهەریترین هێزی دیموکراتیکى تورکیا هەڵوێستێکى جیاواز نیشان بدات؟.

"تاوەکو سیاسەتی پاکتاوکاری نەگۆڕێت، نزیکایەتیى کوردیش لە دژی ئاکەپە – مەهەپە ناگۆڕێت"

کورد لە هەموان زیاتر لە تورکیا پێویستى بە دیموکراسی هەیە. کورد زیاتر لە هەموو کۆمەڵگەکان پێویستى بە چ جۆرە دیموکراسییەک هەیە؟ لە کورد زیاتر کێ لە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە زیانمەند بووە؟ ئێستا قورسترین و چڕترین زوڵمی ئاکەپە – مەهەپە بەرامبەر بە کێیە؟ ئەوانە هەموویان لە دژی کورد ئەنجام دەدرێن. بۆیە چۆن دەکریت چاوەڕێ بکرێت لە بەر چاوپێکەوتنێک، کە لە پێش هەڵبژاردن بۆ باشکردنى وێنای خۆی رێکیخستووە کورد هەڵوێستى خۆی بگۆڕێت؟ تاوەکو سیاسەتى دژ بە کوردان، سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى دژ بە کورد نەگۆڕێت، سیاسەتى کورد لە دژی دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە ناگۆڕێت. هەر خۆی لە خۆیدا بە عەقڵییەتى ئاکەپە – مەهەپە کێشەکان چارەسەر نابن. بۆیە پێویستە دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە بڕوخێندرێت. تاوەکو دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە نەڕووخێندرێت گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان چۆن دەتوانن لە زوڵم و زۆرداری زرگاریان بێت؟ بۆیە پێویستە چاوەڕی نەکرێت، کە کورد بۆ هەڵبژاردنى ئیستەنبول هەڵوێستى خۆی بگۆڕێت".

"ژیان بە گۆشەگیری نابێت"

موستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە جارێکیتر بە رێزەوە سڵاوى لە چالاکوانانى مانگرتوو و چالاکوانانى رۆژووی مردن لە دژی گۆشەگیری نارد و وتى "ئەو هاوڕێیانە کە بەشداری چالاکیى رۆژووی مردن بوون، بە ڕێزەوە سڵاویان لێدەکەم. ئەوان لە مانا مێژووییەکەى گۆشەگیری تێگەیشتوون. ئەوەیان بۆ روون بووەتەوە کە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانە لە دژی فاشیزم و تێکۆشانە بۆ ئازادی و هەڵوێستى خۆیان بەو جۆرە خستووەتەڕوو. هەر چۆن بەرخودێرانى ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢ لەو کاتەدا ئەو چالاکییەیان بە ئەرک و بەرپرسیاریى خۆیان زانی و بە چالاکییەکەیان هەڵوێستى خۆیان لە دژی فاشیزم سەلماند و رێڕەوی مێژوویان گۆڕی، ئەم چالاکوانانەش لە ئێستادا هەر وەک بەرخودێرانى ١٤ی تەمووز هەستیان بە بەرپرسیاریى مێژوویى خۆیان کرد و دەستیان بە چالاکی کرد و بەو شێوەیە و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.

ئێمە دەڵێین، نامانەوێت لەگەڵ گۆشەگیریدا بژین، گەلەکەمان نایەوێت لەگەڵ گۆشەگیری دا بژی. هاوڕێیانمان لە زیندان نایانەوێت لەگەڵ گۆشەگیری دا بژین. ئێمە ئیدی نامانەوێت لەگەڵ گۆشەگیری دا بژین، بۆیە تاوەکو کۆتایهێنان بە گۆشەگیری ئەوە تێکۆشانە بەردەوام دەبێت. بڕیارەکەى لەیلا گیوڤەن بەو جۆرەیە. بڕیاری هاوڕێیانى زیندانیش بەوجۆرەیە.

لەبەر ئەوەش پێویستە گەلەکەمان ئەو بڕیارە ببینێت و لێى تێبگات. دەبێت لەگەڵ گۆشەگیری دا نەژین. قبوڵکردنى ژیان بە گۆشەگیرییەوە کۆیلەیەتییە و قبوڵکردنى سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەیە. جێبەجێکردنی سیاسەتى پاکتاوکارییە، بۆیە بەرخودان چووەتە قۆناغێکى نوێ. ئێمە لەوە دڵنیاین بۆ تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و کۆتایهێنان بە گۆشەگیری ئەو بەرخودانەى ئێستا رۆڵێکى گەورە و گرنگ  دەگێڕێت".

دایکانى لەچک سپی ویژانى گەلی کوردن

قەرەسوو سەرنجی خستەسەر چالاکییەکانى دایکانى کورد و وتى "دایکانى کورد بە لەچکی سپی-یەوە ویژادنى گەلی کوردن. ئیرادەى گەلی کوردن. ئەوان بناغەى تێکۆشانى ئازادیى کوردن. دەبێت هەموو کەس بەو شێوەیە لە چالاکیى دایکانى لەچک سپی تێبگات. ئێمە بە رێزەوە دەستی هەموو ئەو دایکانە ماچ دەکەین. ئەوان بەرپرسیاریى خۆیان بەرامبەر بە مێژوو جێبەجێ دەکەن. ئەوە نیشان دەدەن و سەلماندیان کە دایکان ویژدانى گەلی کوردن. ویژدانى کورد بە مانای ئیرادەى کوردانە. چونکە قورسترین ئێش و ئازار کە بەهۆی زوڵمەوە لە گەلی کورد دەکرێت و قورسترین ئێش و ئازاری پاکتاوکاری دایکانمان دەیچێژن و بەوان دەگات. ئەوەى پاکتاو دەکرێت بەهای دایکایەتییە.

ئەو دایکانە زمانى دایک بە منداڵەکانیان دەڵێنەوە و فێری زمانى دایکیان دەکەن. سیستمی پاکتاوکاریش دەیەوێت ئەوان لە ناو ببات... ئەوەى کە بوونی کوردی تاوەکو ئێستا پاراستووە دایکانى کوردن. بۆیە دەزانن، کە رێبەر ئاپۆ چیی بەخشیوە بە کوردان و چ سوودێکى پێگەیاندوون. رێبەر ئاپۆ زمانى کوردی لە رێگەى ژنانى کوردەوە پاراستووە. ئەوانیش وەک منداڵەکانیان دەزانن، کە گۆشەگیری بۆ گەلی کورد چ مانایەکی هەیە. لەبەر ئەوە لە ریزی پێشەوەدان و بەرخودان و خۆڕاگری دەکەن".

قەرەسوو سەرنجی خستەسەر هێرشەکان لە دژی دایکان و وتى "دەبێت گەنجان درێژەپێدەری هەڵوێستى دایکان بن. هەموو رۆژێک دەست بەرامبەر دایکان بەرز دەکرێنەوە. پێویستى بە رێکخستن و رێکخستنکردن نییە، پێویستە لە دژی ئەو دەستبەرزرکردنەوەیە گەنجان لە هەموو شوێنێک، لە گەڕەکەکان و لە شەقامەکان کۆببنەوە و چالاکی ئەنجام بدەن".

قەرەسوو ئەوەشی راگەیاند، دایک بۆ منداڵەکەى خۆی، بۆ پاراستنى بەهای کوردبوون بەرخودان و خۆڕاگری دەکات و دەبێت گەنجان لە هەموو شوێنێک لە پێناو دایکاندا دەست بە جموجوڵ و چالاکى بکەن.

ر.م