قەیومەکەى ئاکەپە کاری بە کرێکارانی شارەوانی نەدا بەڵام ئاکەپەییەکانی خستەسەر کار

قەیومە تاڵانکەرەکەى ئاکەپە لە وان بە هەمو شێوەیەک رێگری لە چوونەوە سەر کاری کرێکارانی شارەوانی دەکات و بە کرێکارەکانی وتوە "پێویستیمان بە کرێکار نییە، بڕۆن چی دەکەن بیکەن"، بەڵام ئاشکرا بوو ٤٥ ئاکەپەیی بردووە بۆ شارەوانی و کاری پێداون.

قەیومە تاڵانەکەرەکان کە لەلایەن رژێمی ئاکەپە – مەهپەوە بەسەر شارەوانیی گەورە شاری واندا سەپێنراون ژمارەیەکى زۆر لە کارمەندان و کرێکارانى شارەوانییان لەسەر کارەکانیان دەرکردووە. لەو ژمارەیە ٢٥٠ کرێکاریان لە دادگا سکاڵایان تۆمارکرد و بەسەر قەیومەکەى رژێمى ئاکەپە – مەهەپەدا سەرکەوتن و چاوەڕێ دەکەن بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان، چونکە سەرلەنوێ ئەو مافەى خۆیان بەدەستهێناوەتەوە، کە دەتوانن دووبارە بچنەوە سەر کارەکانیان.

ئەو کرێکارانە لە ٧ی ئاداردا لە شارەوانیی گەورە شاری وان بەشداریی کۆبوونەوە بوون بۆ ئەوەى دەستبەکار بکەنەوە و سەرباری ئەزمون و لێوەشاوییان، بەڵام گوێیان لێنەگیرا و حساب بۆ پێشینە و لێهاتووییان نەکرا.

کرێکارەکان لەوبارەیەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ قەیوم محەمەد ئەمین بیلمەز ئەنجامدا. کرێکارەکان بە قەیومە تاڵانکەرەکەیان وت "سەرباری ئەوەى لە دادگا سەرکەوتوین، بەڵام بۆ رێگا نادەن بگەڕێینەوە سەر کارەکانمان، کە ئەوەش هەر مافی خۆیانە. ٥ قورش لە گیرماندا نییە، ئێمە ناتوانین نانی خێزانەکانمان دابین بکەین، ئێمە مەگەر خۆمان بکوژین، چی بکەین؟".

 بیلمەزی تاڵانکەریش پێی وتن "بڕۆن چی دەکەن بیکەن، پێوییستیمان بە کرێکار نییە".

بەڵام هەر ماوەیەکى کەم لە دواى ئەو قسەیەی بیلمەز قەیومە تاڵانکەرەی ئاکەپە ئەوە ئاشکرا بوو، کە قەیوم لەسەر لیستی رێکخستنەکانى ئاکەپە لە وان، ٤٥ ئاکەپەیی سەر بە دەسەڵاتەکەى خۆیان بردووە بۆ شارەوانی و کاریان پێداون.

ژ.ت