ناسر یاگز كه‌ ٨٤ ڕۆژه‌ له‌ مانگرتندایه‌ ناتوانێت هه‌ستێته‌ سه‌ر پێ

ناسر یاگز كه‌ ٨٤ ڕۆژه‌ له‌ شاری هه‌ولێری باشووری كوردستان له‌ مانگرتنی بێسنوور و بێ نۆبه‌تدایه‌، نیشانه‌ی مه‌ترسیدار له‌ ته‌ندرووستییدا ده‌بینرێن.

ناسر یاگز ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تیی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ باشووری كوردستان، كه‌ ٨٤ ڕۆژه‌  له‌ شاری هه‌ولێر مانی له‌ خواردن گرتووه‌، سات به‌ سات ته‌ندرووستی زیاتر تێكده‌چێت. پزیشكان كه‌ ڕۆژانه‌ پشكنینی بۆ ده‌كه‌ن ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕیتمی لێدانی دڵی خراپ بووه‌. له‌ هه‌مان كاتدا یاگز به‌یانییان له‌ كاتی هه‌ڵسان له‌ خه‌و، تا ٣-٤ كاتژمێر ناتوانێت هه‌ستێته‌ سه‌ر پێ. دوای كۆمه‌ڵێك جووڵه‌ی دیكه‌، ئینجا ده‌توانێت هه‌ستێته‌ سه‌ر پێ.

ناسر یاگز كه‌ خه‌ڵكی شاری ئێلح-ی باكووری كوردستانه‌، به‌هۆی زه‌خت و فشاری ڕژێمی تورك ناچار بووه‌ كۆچ بكات بۆ باشووری كوردستان. له‌پێناو هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ٢١ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ (دوای ١٣ ڕۆژ له‌ ده‌ستپێكردنی مانگرتنه‌كه‌ی له‌یلا گیوڤه‌ن)، له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌ مانگرتنی بێسنوور و بێ نۆبه‌ت كرد. له‌ ماوه‌ی مانگرتنه‌كه‌یدا چه‌ندین جار ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌ و سه‌ره‌ڕای تێكچوونی باری ته‌ندرووستی، پێداگری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ چالاكییه‌كه‌ی ده‌كات.

s.m