بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە لە گوندی سوورەدێی بناری قەندیل کۆبوونەوە و لەگەڵ دانیشتوانی بناری قەندیل و دۆڵی سوورەدێ گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و گرنگی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرا بۆسەر باشوری کوردستان، هەروەها پشتگیریی بۆ هەڵمەتەکەی کەجەکە دەربڕدرا، کە لەژێر ناونیشانی ” گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکاری بەسە، کات کاتی ئازادییە” ڕایگەیاندبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا حاجی نورەدین، کە لە شاری کەرکوکەوە سەردانی قەندیلی کردبوو قسەی بۆ ئامادەبوان کرد و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو توانا و هێزی خۆی بۆ لەناوبردن و قڕکردنی کوردان دەست پێکردووە، بە داخەوە لایەنە سیاسیەکان بە تایبەت لایەنەکانی باشوری کوردستان لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و بەشێک لە حزبەکان هاوکاری داگیرکاریی تورکیا دەکەن، ڕەوایەتی بە داگیرکاریی دەدەن، پیلانگێریی ۹ی ئۆکتۆبەر و ۱٦ی ئۆکتۆبەر درێژەپێدانی داگیرکەرانی کوردستانە و ئەوەمان پێشان دەدات کە دوژمنانی گەلی کورد چەندە لە سەرەوە دژی یەبن بەرامبەر دەستکەوتەکانی کوردان دەبنە یەک و پەلاماری کوردان دەدەن.
هەروەها وتی: ڕێبەر ئۆجالان ساڵانێکە هەوڵی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان -کەنەکە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ بەدیهێنان و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانەوە هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و ڕایگەیاندووە لە کۆنگرەدا کێ هەڵدەبژێرین با هەڵبژێرن و پێویستە هەموومان ڕێزی لێبگرین، پێویستە ئیرادەی خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت نەک لە دەستی وڵاتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران.
لە درێژەی قسەکانیدا حاجی نورەدین وتی: کاتێک ڕێبەر ئۆجالانیان دەستگیرکرد هەموو جیهان وتی پەکەکە کۆتایی هات، بەڵام بۆ هەموو جیهان سەلمێندرا کە بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ پەکەکە و تەڤگەری ئازادیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و گەورەتر بوو، ئێمەش وەکو گەلی کورد و وڵاتپارێزان پشتیوانی هەڵمەتی کەجەکە دەکەین کە بە دروشمی “گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکاری بەسە، کات کاتی ئازادییە” ڕایگەیاندبوو، تا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەست لە تێکۆشان بەرنادەین، سەرکەوتن و دەستکەوتی کوردان لە هەر پارچەیەک پێویستی بە پاڵپشتی یەکتری هەیە، وەک شاعیر جگەرخوێن دەڵێت: ئەگەر نەبینە یەک، هەموومان دەرۆین یەک بە یەک
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا ئامادەبووان و سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و پیلانگێڕییەکانی سەر گەلی کورد خستە ڕوو، ئاماژەیان بەوەکرد، کە تەنها بە یەکێتی و یەکڕیزیی دەتواندرێت شکست بە داگیرکەران بهێندرێت.
ف.ق