لە شاری وان رۆژنامەنووسان و پەیامنێران عەدنان بیلەن، جەمیل ئوغور، شەهریبان ئابی و نازان سالا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتیى تورکەوە دەستگیرکران.
پۆلیسەکانی تورک دەرگای لقی نووسینگەى ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیایان شکاند و بۆ چەندین کاتژمێر لە ناو نووسینگەکەدا دەستیان بە پشکنین کرد. کاتێکیش پەیامنێرانی ئاژانسەکە خواستیان بچنە ناو نووسینگەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا. هەروەها پەیامنێرانی ئەو ئاژانسە و ژنەنیوزیان دەستگیرکرد و بردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری وان.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا جەمیل ئۆغور لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا لەلایەن پۆلیسەکانەوە بەسەر زەویدا درێژکرا و هاوپیشەکانی ئۆغور کاتی دەستگیرکردنەکەی جەمیل ئوغوریان بە کامێراکانیان تۆمار کرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە بە زۆر هەموو تۆمارە ڤیدیۆیەکان سڕانەوە.
لە نوێترین زانیاریشدا ئەوە روون بوویەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر رێگا بە پارێزەران نادەن سەردانی ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوانە بکەن و چاوپیان پێیان بکەوێت.
رۆژنامەنووسەکانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا پێشتر بە بەڵگە سەلماندبوویان، کە سەربازانی دەوڵەتی تورک لە کۆپتەرەوە دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی سەروەت تورگوت و عوسمان شیبان لەناوچەى شاخێ لەوان هەڵداوەتە خوارەوە و ئەو تاوانە دژە مرۆییەی بۆ رای گشتیی ئاشکرا کردبوو.
تورگوت لە دوای ئەوە لە کۆپتەرەوە لەلایەن سەربازانی تورکەوە هەڵدرایە خوارەوە دوای ٢٠ رۆژ مانەوەى لە بەشی چاودێریی وردی نەخۆشخانەی وان گیانی لە دەستدا. باری تەندروستیی عوسمان شیبانیش ناجێگیرە و هێشتا چارەنووسی نادیارە. لە دوای ئەوەش پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان بڵاوکردنەوەى هەر جۆرە هەواڵ، راپۆرت، ڤیدیۆ، وێنە، لێدوان و روماڵی لەسەر ئەو رووداوە قەدەغە کرد.
ژ.ت